ژنانی دوو وڵات چیرۆکەکانی توندوتیژی ڕەگەزی سەر خۆیان دەگێرنەوە

11:11

ژنها

ناوەندی هەواڵ – ناستیا میلنیچینکۆ، ژنە ڕۆژنامەوانی ئۆکرانی چیرۆکی خۆی کە ڕووبەڕووی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی بۆتەوە، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو کردەوە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە بەسەدان ژن لە وڵاتانی ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕووداوەکانی دەستدرێژی کراوەتە سەریان و توندوتیژیەکان بگێڕنەوە.

حەفتەی ڕابردوو ناستیا میلنیچینکۆ، ڕۆژنامەوانی ئۆکرانی، هەموو ئەو چیرۆکانەی گێڕایەوە کە لە منداڵیەوە لەلایەن پیاوەوە ڕووبەڕوویان ببوەوە، تەواوی چیرۆکەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکردەوە، دوا بە دوای ئەویش بەسەدان ژن لە وڵاتانی ڕوسیا و ئۆکرانیا چیرۆکەکانی خۆیان نوسی و بڵاویان کردوە.

ناستیا ڕایگەیاند کە ئەو لە تەمەنی شەش ساڵیەوە ڕووبەڕووی دەسدرێژی و توندوتیژی سێکسی بۆتەوە، وتبووی: "من لە قسەو باس ناترسم، تاوانباران ئێمە نین، ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن تاوانباران."

لە ماوەیەکی کورتدا بەسەدان کەس قسەکانی ناستایایان شرۆڤە کرد و بڵاویان کردەوە، هاوکات ئەوەی جێی سەرنجە هەموویان لەکاتی بڵاوکردنەوەی قسەکانی ناستایا، چیرۆکەکانی خۆشیان بۆ جاری یەکەم دەگێڕنەوە.

میدیاکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا ئەم هەنگاوە وەک شکاندنی ئەو ترسە بەناو دەکەن کە تا ئێستا نەیتانتوانیوە باسیان لێوە بکەن.

(ش ب)