دادوەر بڕیاری داوە، لە ئەشکەوتدا ئەشکەنجەیان کردوون
08:37
ژنها
روحا – ناوەندی گشتی سەندیکای مافی مرۆڤ(ÎHD) بە مەبەستی تیشک خستنە سەر پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە شاری ڕوحا ی باکوری کوردستان کۆنگریەکی چاپەمەنی ئەنجام دا، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ ئەرەن کەسکین لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند کە لەشاری ڕوحا ئەشکەنجەکردن زیادی کردوە، تەنانەت ئەشکەوتێک تایبەت کراوە بە ئەشکەنجەکردن.
ناوەندی گشتی (ÎHD) دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر فشار و پێشلێکاریەکانی سەر مافەکانی مرۆڤ لەشاری ڕوحا. لە کۆنگرە ڕۆژمانەوانیەکدا هەر یەک لە پارێزەر ئەرەن کەسکین، ئاتیلە یازار سەرۆکی لقی(ÎHD)ی شاری ڕوحا، عایشە سورج هاوسەرۆکی (هەدەپەی) شاری ڕوحا، گولای کۆجا ئەندامی کۆمسیۆنی یاسایی (دەبەپە) و نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان ئامادە بوون.
بەر لەهەر شتێک ئاتیلە یازار سەرۆکی لقی(ÎHD)ی شاری ڕوحا، ڕایگەیاند کە خورشید کولتەر هێشتاش بێسەروشوێنە.
پاشان پارێزەر ئەرەن کەسکین، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک ناوەندی گشتی(ÎHD) بە مەبەستی بەدواداچوون هاتونەتە شاری ڕوحا ناوبراو ڕایگەیاند: "لە سەر ئەگەری بوونی ئەشکەنجە لێکۆڵینەوەمان لەناو گرتوخانەکان کرد، هەرچەند ماوەیەک لەمەوبەر ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار ڕایگەیاندبوو کە هیچ ئەشکەنجەیەک لە زیندانەکان نەماوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەشکەنجە زیادی کردوە، تەنانەت ڕێگەش بە ئەوکەسانە دراوە کە ئەشکەنجەی گیراوان دەکەن."
ناوبراو لە بەشێکیتری لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند: "گوێم لە چیرۆکی زۆر سەیر گرت، خۆم ماوەی ٢٠ ساڵە لە خەباتی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە کار دەکەم، هەندێک لە شێوازەکانی ئەشکەنجە هی ساڵانی نەوەدەکان بوون، ئەوانەی ئەو ئەشکەنجەیەش ئەنجام دەدەن تەنیا سەرباز و پۆلیسن، ئەوەش بە بڕیاری دادگا و دادوەر دەکەن. زۆربەی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتوە و گفتوگۆم لەگەڵ کردوون زۆربەیان ئەندام و بەڕێوەبەرانی (دەبەپە)ن. ئامانج لە گرتنی ئەوانەشە ئەوەیە دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم خەباتی سیاسی دروست بکەن."
ئەرەن جەختیشی کردەوە کە لەگەڵ گیراوێک بەناوی مەزڵوم داغتەکین، گفتوگۆی کردوە، ئەو گیراوە باسی لەوە کردوە کە لە سەرێکانیێ سەر بەو شارە ئەشکەوتێک هەیە تایبەت بە ئەشکەنجە، جۆەرەها ئامێری تایبەت بە ئەشەکەنجەکردنی تیایە، مەزڵوم باسی لەوە کردوە کە هیچ کەسێک ئاگاداری ئەو ئەشکەوتە نیە، مەزڵوم راشیگەیاندوە کە ئەو کردەوانەی لە ئەشکەوتەکەدا دەکرێن، بریتن لە ئەشکەنجە کرد، دەستدرێژی سێکسی و بێ سەروشوێنکردن. مەزڵوم بەو شێوەیە باسی لەو کاتە کردوە کە ئەشکەنجەیان کردوە لە ئەشکەوتەکەدا: "منیان ڕووت کردەوە، کیسێکیان خستە سەرم، منیان بە ئەندامی نێریەم بەستەوە و لەسەر کورسیەک دانا، قاچەکانیان بە تەلی خانوبەرە دروستکردن بەستەوە، هەر دوودەستیان کەلەپچە کردم، بە هەموو شێوەیەک کەوتنە سەر گیانم، منیان بە گوریس شۆڕکردەوە ناو بیرێک، کاتێک منیان ئەشکەنجە دەکرد دادوەر لە تەنیشتم بوو، هەموو جۆرە کردەوەیەکی بێ ئەخڵاقیان لەگەڵ کردم، کاتێک منیان برد بۆ نەخۆشخانە، پزیشک وتی: ئەوە چیتان بەسەر هێناوە ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت."
ئەرەن وتیشی ئەو لەگەڵ زۆرێک لە ژنان گفتوگۆی کردوە چوار لەو ژنانە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی ڕەگەزی و زۆر سەخت بوونەتەوە، ئەرەن وتیشی: "ئەو ژنانە بە ڕووتی ئەشکەنجەکراون، توندوتیژی ڕەگەزیان بەرامبەر کراوە، هەموویان ڕووتکراونەتەوە و بەو شێوەیە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە کراونەتەوە. پۆلیس جۆرە ئەشکەنجەیەکی وای لە ژنان کردوە کە ناتوانم لێرەدا باسی لێبکەم هێندە دڕندانە و دوور لەمرۆڤایەتیە.
ئەرەن کەسکین لە کۆتایشدا ڕایگەیاند کە ئەو ڕاپۆرتەی ئامادەکراوە لەماوەیەکی کورت بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
(ش ب)