"ئەگەر نەشتەرگەری بۆ نەکرێت ئەگەری مردنی لە ئارادایە"
10:26
ژنها
ئەستەنبۆل – پزیشکی تایبەتی "سیبەل چاپراز" ژنە گیراوی سیاسی ڕایدەگەیەنێت کە ئەگەر بە زووترین کات نەشتەرگەری بۆ نەکرێت ئەگەری مردنی لە ئارادایە.
سیبەل چاپراز، ژنە گیراوی سیاسی و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی ناوەندی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان(بەدەپە) ساڵی پار لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی پۆلیسی تورکیا لە شارۆچکەی گەڤەر بە سەختی بریندار بوو، دوای ئەوەی بە برینداری دەستگیرکرا و ڕەوانەی گرتوخانە کرا. تا ئێستا سیبەل بەدەست برینەکانیەوە دەناڵێنێت و برینەکانی ساڕێژ نەکران.
پ.د.چەتین کۆتان، کە پێشتر نەشتەرگەری بۆ سیبەل کردبوو لە زانکۆی "یوزونجی یڵ" لە شاری وان، لە ڕاپۆرتێکدا کە لەسەر دۆخی تەندروستی سیبەل بۆ بانو گوڤەنی پارێزەری سیبەلی ناردوە دەڵێت: یەکەم نەشتەرگەری لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ بۆ سیبەل کراوە، بەڵام دەبووایە دووەمین نەشتەرگەری لە شوباتی ئەم ساڵ بۆ ئەنجام درابووایە، بەڵام تا ئێستا ئەنجام نەدراوە و ڕۆژ بە ڕۆژ دوا دەخرێت، هەر دواخستنێکیش ئەگەری مردنی ئەو گیراوە سیاسیە زیاتر دەکات.
سەرەڕای ئەوەی چەندین جارە پزیشکی سیبەل هۆشیاری لەسەر دۆخی تەندروستی ئەو گیراوە دەدات بەڵام تا ئێستا لە گرتوخانە ڕادەگیرێت. هاوکات پێشتریش براکەی ڕایگەیاندبوو، کە سیبەل نەشتەرگەری بۆ ناکرێت دەیانەوێت بیکوژن.
(ش ب)