" هەڤاڵانی عەلی چیچەک لە سور و جزیرە بەرخۆدانی دەکەن"
16:02
خەندان تۆفان / ژنها
روحا - کاتێک عەلی چیچەک، لە زیندانی ئامەد لە مانگرتنی تا مردن گیانی بەختکر، تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵان بوو. ئەو بە ئیرادەی گەنجێتی خۆی بەرامبەر بە سیستەمی ئەشکەنجە بەرخۆدانی هەڵبژارد. عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە ئەو وەک نمونە و هەڤاڵانیشی نازناوی ئەستێرەی سوریان لێنابوو. خوشکیشی دەڵێت: ئێستا هاوتەمەنانی عەلی چیچەک لە سور، جزیرە و نوسەیبین بەرخۆدان دەکەن.
یەکێک لەو بەرخۆدێرانەی لە زیندانی ئامەد لە ئەنجامی چالاکی مانگرتن تا مردن ٣٤ ساڵ لەمەوبەر گیانی بەختکرد، عەلی چیچەک بوو.
عەلی چیچەک لە ساڵی ١٩٦١ لە گوندی "کاباحەیدەر" لە شاری ڕوحا چاوی بە دونیا هەڵێنا بوو، هەر لە منداڵیەوە ئاشنای بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دەبێت، عەلی چیچەک خاوەن کەسایەتیەکی بە هێز و جدی دەبێت، لە سەرەتای پەیوەندی کردنی بە پەکەکە، لە ساڵی ١٩٧٩-١٩٨٠دا بەشداری لە تێکۆشانی چەکداری حەوەج – سیڤەرەک دا دەکات.
خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵاین دەبێت...
عەلی لە تەمەنی ١٦ساڵی دا لەلایەن هێزەکانی کودەتاچیەوە دەستگیر دەکرێت و ڕەوانەی زیندانی شاری ئامەد دەکرێت. عەلی لە قاوشی (٣٥)ی گرتوخانە بەند دەکرێت کە کادرە پێشەنگەکانی پەکەکەشی تیا بەند کرابوو. لەگەڵ هەڤاڵانی ڕووبەڕووی سەختترین ئەشکەنجە دەبنەوە، هەرچەندە تەمەنی بچوک دەبێت، بەڵام ئەو خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵاینە و هەرگیز تەسلیمیەت قبوڵ ناکات. بە هۆی ئەو خۆڕاگریەی بەرامبەر دوژمنان دەینواند نازناوی ئەستێرەی سور(ستێرکا سۆر)ی لێدەنرێت. ساڵێک پێشتر عەلی چیچەک دەچێتە زیندانی ڕوحا و کەمال پیر دەڕفێنێت، دوای ئەوەی کەمال پیر(یەکێک لە بەرخۆدێرانی زیندانی ئامەد و کادرە پێشەنگەکانی پەکەکە)جارێکیتر دەستگیر دەکرێت. عەلی چیچەک و کەمال پیر دیسان لە زیندان دێنەوە لای یەکتری."
"پەکەکە فێری بەرخۆدانی کردووین، نەک تەسلیم بوون"
دوای ئەوەی خەیری دورموش لە ١٤ی تەمموز لە بەردەم دادگا چالاکی مانگرتنی ڕاگەیاند، یەکەم دەستی بۆ پشتیوانی دەربڕین بەرزکرایەوە هی عەلی چیچەک بوو. عەلی چیچەک بە بڕیار بوون و بە بوێریەکی سەرسوڕهێنەر پشتیوانی خۆی بۆ چالاکی خەیری دورمووش ڕاگەیاند و وتی: "منیش دەستم کرد بە چالاکی مانگرتن تا مردن"، دواین وتەی لە بەردەم دادگا ئەوە دەبێت" پەکەکە فێری بەرخۆدانی کردووین، نەک تەسلیم بوون".
دوای ئەوەی لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٨٢ لە ٦٤مین ڕۆژی چالاکی مانگرتن گیانی بەختکرد، تەرمی عەلی چیچەک دوای ٢٨ ساڵ و لەسەر وەسیێتی خۆی لە ساڵی ٢٠١٠دا لە عوسمانلی هێنرایەوە بۆ ئامەد. ئەوەی لە عەلی چیچەک بۆ بنەماڵەکەی ماوەتەوە ژیانێکی سەربەرزانە، وێنەیەکی، فانیلەیەکە.
عایشە چیچەک خوشکی عەلی چیچەک، لە ٣٨ مین ساڵڕۆژی چالاکی ئەو تێکۆشەرانەدا یادیان بەرز ڕادەگرێت، عایشە دەڵێت: "ئەگەر خۆی و هەڤاڵانی نەبوونایە ئەمڕۆ کورد بوونیان نەبوو، چالاکی ئەوان کوردانیان ڕاپەڕاند، ئۆجالان دەڵێت؛ عەلی و هەڤاڵانی هێمای سەرکەوتنی ئەو تێکۆشانەن'، بۆیە نابێت هەرگیز ئەو چالاکیە پیرۆزەیان لە یاد بکرێت."
"ئەو کات ١٥ ساڵ تەمەنی بوو"
عایشە ئاماژەی بەوەدا کە لەنێوان خۆی و عەلی پێنج ساڵ تەمەنیان هەبووە، ناوبراو وتیشی: "زۆر یەکترمان خۆشدەویست، بۆ هەر شوێنێک بوچومایە لەگەڵم دەهات، کاتێک من ژیانی هاوسەرگیریم پێک هێنا ئەو تازە دەستی بە خوێندن دەکرد، زۆر لە دوای من گریا، پاشان من چووم بۆ ئانتالیا، ئەو کات عەلی لە سەرەتایی تەمەنی لاوی دابوو. عەلی لە منداڵی دا زۆر جوان و ژیر بوو. جاری یەکەم لە ڕوحا دەستگیرکرا و ڕەوانەی ئەدەنەیان کرد، ئەو کات کەمال پیری ناسی بوو، ئیتر نە وازی لە تەڤگەر هێنا نە لە کەمال. پەکەکەی زۆر خۆشدەویست و هەموو کاتێکی خۆی تەرخان کردبوو بۆ هەڤاڵانی، ڕۆژێک هاتبوو بۆ بینینم، منیش نانی بەیانیم ئامادە کرد، پەنیر و نانم دانا، بەڵام هەرچیم کرد نەیخوارد، وتم؛ بۆ ناخۆیت عەلی؟ وتی؛ 'ناخۆم چونکە هەڤاڵانم برسین'، ئەوەندە پەیوەست بوو بە هەڤاڵانیەوە، باوەڕی زۆری بەو شۆڕشە هەبوو، هەمیشە پێی دەوتین؛ 'گەر منیش نەیبینم، شۆڕش هەر سەردەکەوێت'. ئەو کاتە تەمەنی ١٥ ساڵان بوو، بەڵام زۆر چالاک بوو لە کاری رێکخستنیدا."
عایشە باسی لەو ساتە کرد کە لە زیندانی ئامەد دابووە و بەو شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دا: "جگەلە 'چۆنی چاکی' هەر باسێکیتر قەدەخە بوو لە زیندان. بەر لە چالاکی مانگرتن بە مانگێک دوو جار چوومە لای و چاوم پێیکەوت، دوای ئەوەی دەستیان بە مانگرتن کرد، چەندین جار دایکم چوو بۆ دیتنی بەڵام ڕێگەیان پێنەدابوو. ماوەی سێ مانگی چالاکیەکەیان هەمیشە دایکم بە ڕێگەوە بوو بۆئەوەی چاوی پێی بکەوێت، بەڵام تا ئەو ڕۆژەی لە سەربازگەی ئەدەنا هەواڵی مردنی ئەویان بۆ هێناینەوە، هیچ شتێکمان لەبارەیەوە نەبیست."
خوشکی عەلی چیچەک باسیشی لەوە کرد کە ئەو زۆر داوای کردوە سەیری تەرمی براکەی بکات، بەڵام تەنیا ڕووخساریان پیشانی داوە، چونکە لەسەر شانی خۆی هەندێک شتی نوسیوە بۆ ئەوەی ئەو شتانە نەبینن و ڕاینەگەیەنن، هەروەها وتی: "ئەو کات چووین تەرمەکەیمان وەرگرتەوە و بەخاکمان سپارد، تەنیا ئێسقانی مابوو، بەو خاڵە ناسیمانەوە کەوەک نیشان لەسەر ڕووخساری هەبوو. چەندین جار فاشیستەکان گۆڕەکەیان دەشکاند و بێڕێزیان دەکرد، ئێمەش هەموو جارێک چاکمان دەکردوە."
"هەڤاڵانی عەلی بەرخۆدانی دەکەن"
عایشە چیچەک، لە کۆتایشدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو بەرخۆدانیەی کە ئەمڕۆ وەک میراتی ئەوان ماوەتەوە و جەختیشی کردەوە: " ئێستا هاوتەمەنانی عەلی چیچەک لە سور، جزیرە و نوسەیبین بەرخۆدان دەکەن. کاتێک سەیری ئەوان دەکەم عەلی-م بیر دەکەوێتەوە، کاتێک سەیری دەنگوباسەکان دەکەم دڵم دەسوتێت، چونکە چۆن عەلی و هەڤاڵانی ئازاری زۆریان چێشت و قۆناغێکی سەختیان تێپەڕاند، ئەمڕۆش گەنجانی کورد هەمان مێژوو دەنوسنەوە."
(ش ب)