ژنێکی رزگاربووی دەستی چەتەکان: "پەدەکە" ئێمەی بە داعش فرۆشت
19:15
ژنها
گرێ سپی – ژنێکی شەنگال کە بە هاوکاری هێزکانی "یەپەگە" و هێزی سوریای دیموکراتی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگاری بووە ڕادەگەیەنێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی خۆی ئەویان فرۆشتۆتە چەتەکانی "داعش".
ئەو ژنە ئێزیدیە دوای ئەوەی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگاری بووە گێڕایەوە و بانگەوازی لە هەموو ئەو کەسانەی خاوەن ویژدانی مرۆیین کرد کە بکەونە نێو هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی ژنانی دیلی دەستی داعش.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فورات، ژنێکی ئێزیدی کە لەبەر باری ئەمنی نەیوستوە ناوی ئاشکرا بکرێت، هەم دڕندەیی چەتەکانی داعش دەگێڕێتەوە، هەمیش باس لە پەیوەندیەکانی نێوان چەتەکانی داعش و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. ئەو ژنە ڕایگەیاندوە: "پەدەکە منی فرۆشتوە بە چەتەکان، هێشتاش بە هەزاران ژنی ئێزیدی لە ژێر دەستی چەتەکانی داعش دان و مامەڵەیان پێدەکرێت."
ئەو ژنە بەو شێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات: "کاتێک داعش هاتە شەنگال، "پەدەکە" ئێمەی تەسلیم بە چەتەکانی داعش کرد، ئەگەر هێزێکی بەرگریکردن هەبووایە ئەو هەموو وێرانکرایەی لێنەدەکەوتەوە، هەر کە داعش دەهاتە پێشەوە "پەدەکە"ش پاشەکشەی دەکرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەهەزاران کەس لە شەنگال و دەوروبەری بە دیل بگیرێن و کۆمەڵکوژ بکرێن. پێشمەرگەکان هەمیشە دەیانوت چەتە ناتوانن هەنگاوێک بێنە ناو شەنگال، بۆیە پشتمان بەوان بەست و لە ماڵی خۆمان دانیشتین، بەڵام پێشمەرگە ڕایانکردو ئێمەشیان بۆ چەتەکان بەجێهێشت، یانی ئێمەیە بە چەتەکانی داعش فرۆشت."
"کاتێک بینیمان پەدەکە ڕادەکات، ئێمەش ڕوومان لە چیای شەنگال کرد، بەڵام زۆر درەنگ مابووین، بەرلەوەی بگەینە چیای شەنگال چەتەکان ڕێیان پێگرتین، ئێمەیان بە دیل گرت، ئێمەیان بردە موسڵ، ماوەی ساڵێک لەوێ ماینەوە ئەوانەی کە قبوڵیان نەدەکرد، هەموویان کوشتن.
ئەو ژنە لەگەڵ خێزانەکەی ماوەی ساڵێک لە موسڵ دەمێنێتەوە و لە هاوژینەکەی دوو گیان دەبێت و منداڵێکی دەبێت، ئەو ژنە بەو شێوەیە باس لە دڕندەیی چەتەکانی داعش دەکات: "دوای ئەوەی ئێمەیان برد بۆ موسڵ هەموو کچ و ژنانی گەنجیان جیا کردەوە، دەستدرێژیان کردە سەر هەموویان، پاشان ئەوانیان وەک کۆیلە لە بازاڕەکان دەفرۆشت. منداڵانیان لە ئێمە جیا کردەوە و ڕاهێنانیان پێدەکردن بۆ ئەوەی مێشکیان بشۆنەوە و چەکداریان بکەن، پیاوانیان بۆ کاری قورس جیا کردەوە و بیستمان کە زۆرێکیشیان کوشتون. ژنانی پیریشیان کۆکردبووە وە لە شوێنێک خواردنیان بۆ چەتەکان پێ ئامادە دەکردن."
ئەو ژنە رزگار بووە لە بەردەوامی قسەکانی دا وتی: "دوای ژنانی گەنج دەستیان بە کۆکردنەوەی ئەو ژنانە کرد کە هاوژینیان نیە(بێوەژن) یاخود لە هاوژینەکانیان دابڕاون، وەک کۆیلە بەکاریان دەهێنان." خۆشی کراوە بە کۆیلەیەک و لە ژێر دەستی چەتەیەکدا بووە، ئەو ژنە باس لەوەش دەکات کە منداڵانی ئێزیدیان لەشەڕەکان بەکاردەهێنا و ڕەوانەی چەندین شەڕیان دەکردن، وتیشی: "پێیان دەوتین ئێوە کافرن، خوێنتان حەڵاڵە، پاشان تێگەیشتین کە منداڵانمان دەبەن و لەشەڕ دەیانتەقێننەوە، بۆمبیان لێگرێدەدان و ڕەوانەی بەرامبەریان دەکردن و دەیان تەقاندنەوە. چەندین ڤیدیۆیان پیشان داین کە منداڵانی ئێزیدیان چۆن تەقاندۆتەوە."
لە بەردەوامی گێڕانەوەکانیدا باسی لەوە کرد، کە زۆربەی منداڵانیان لە شەڕی سوریا بەکار هێناوە و ئەو ڤیدیۆیانەی پیشانیان داون هی یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی شاری حەلەب بوون. هەموویان پیشانی ئەو ژنانە داوە، چۆن بە مادەی هۆشبەر منداڵان ڕەوانەی شەڕ دەکەن. ئاماژەش بەوە دەکات کە ڕەنگە لە داهاتوودا ئەو منداڵانە لە بەرامبەر ئێزیدیەکانەوە بەکار بهێنرێن و بخرێنە ناو شەڕدا.
لە کۆتایشدا ئەو ژنە بانگەوازی لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و خاوەن ویژدانی مرۆڤایەتی کرد کە هەوڵ بدەن بۆ ڕزگارکردنی ئەو ژنانەی لە دەستی چەتەکانی داعش دان.
ئەو ژنە کە بەر لەچەند ڕۆژ لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکرابوو، ڕەوانەی وارگەی پیرۆزی خۆی کرایەوە و بەرەو چیای شەنگال بەڕێکرا.
(ش ب)