شیلان ئەمین ئۆغلو: ئەردۆغان لە پشت کودەتاکەوەیە

10:53

ژنها

هەولێر – شیلان ئەمین ئۆغلو نوێنەری "هەدەپە" لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هەر ئاڵۆزیەک لە تورکیا ڕووبدات ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی لێی بەرپرسیارن و کودەتا تازە دەستی پێنەکردوە بەڵکو لە حەوتی حوزەیرانەوە کودەتا لەسەر گەلی کورد بەرێوەدەچێت.

لەسەر هەوڵی کودەتای سەربازی کە شەوی ڕابردوو لەلایەن گروپێکی سەربازیەوە لە ئەنقەرە سەری هەڵدا، شیلان ئەمین ئۆغلو نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە هەرێمی کوردستان بە (ژنها)ی ڕاگەیاند: "لە تورکیا کودەتا لەسەر کودەتا ئەنجام دەدرێت، هۆکارەکەشی سیستەمی حکومڕانی و ئەقڵیەتی ئەردۆغان و پارتەکەیەتی. لە دوای هەڵبژاردنەکانی حەوتی حوزەیران تا ئێستا ئەو شەڕەی ئەردۆغان هەڵیگیرساندوە، شکستی بەدەسەڵاتەکەی هێناوە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە دەستی خودی ئەردۆغان لەو کودەتایە دا هەبێت."

شیلان جەختیشی کردەوە کە ئەردۆغان هەرکاتێک ویستبێتی قۆناغێکی شکستخواردووی خۆی تێپەڕێنێت ئەوا قەیرانێکی دروستکردوە بە بێ گوێدان بە ئاسایش و بەرژەوەندیەکانی گەلانی تورکیا. بۆیە ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی لە بەرامبەر هەر ئاڵۆزیەک بەرپرسیارن."

ناوبراو لە بەشێکیتیری لێدوانەکەیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر هێرشەکانی سەر گەلی کورد و وتی: "هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرڵەمانتاران هێرشەکانی سەر ٦٠ پەڕلەمانتاری "هەدەپە" و هەڵگرتنی پارێزبەندی(حەسانە) سەر پەرلەمانتاران، دەستگیرکردنی سیاسەتمەداران، خاپورکردنی شارەکانی کوردستان لە ژێر ناوی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر نیشانەی ئەو کودەتایەن کە لە سەر کارە."

نوێنەری (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە لێدوانەکەی پارتەکەیان کرد سەبارەت بەو کودەتایەیە شەوی ڕابردوو ەری هەڵداوە و دوپاتی کردەوە: "ئێمە وەک پارتی گەلانی دیموکراتی، دژی هەر کودەتایەکین، ئێمە هەمیشە لایەنگری دیموکراسی بووین، بۆیە هەر هەوڵێکیش بدرێت ئێمە خاوەن ئەو هەڵوێستەین کە تەنیا گەل دەتوانێت چارەنوسی وڵاتەکەی دیار بکات."

شیلان ئەمین ئۆغلو نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە هەرێمی کوردستان، لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: "چونکە ئەردۆغان شکستی هێناوە و لە ناو دەچێت، بۆیە هەر هەوڵێکی بێ ئاکام دەبێت."

(ش ب)