ئامینە محمەد: شانازی بە ئەرکەکەم دەکەم

09:48

ژوان سۆران / ژنها

قەندیل - ئامینە محمەد هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل ڕایگەیاند کە دەبێت ژنان بە بەشداری کردن لە بوارە جیاجیاکاندا ئەو ئەقڵیەتە بشکێنین کە کارو خەباتەکانی وەک شارەوانی بە هی ژنان نابینن.

ئامینه‌ محمه‌د ژنێکى ته‌مه‌ن٤٤ ساڵه‌ دایکى پێنچ منداڵه‌ خه‌ڵکى بنارى قه‌ندیل گوندى پرده‌شاڵە، ئامینە وێڕای بەرپرسیارێتی خێزانەکەی و هەلومەرجی سەختی ژیان، ئەرکی هاسەرۆکایەتی شارەوانی بناری قەندیلی لە ئەستۆ گرتوە. ناوبراو کاروخەباتەکانی خۆی بۆ ئاژانسەکەمان(ژنها) هەڵسەنگاند.

ئامینە سەرەتا باسی لە ژیانی خۆی کرد کە ڕووبەڕووی زەحمەتی زۆر بۆتەوە تا توانیویەتی بگات بەو ئاستەی ئێستای. ناوبراو وتی: سەرەتا وەک هەر ژنێکیتری ئەم کۆمەڵگەیە‌ له‌ ته‌مه‌نی چوارده‌ بۆ پازده‌ ساڵان بەبێ خواستی خۆم و بە گوێرەی دابونەریتەکانی کۆمەڵگە هاوسەرگیریم کرد، ئەو کات ژن بە ژنی زۆر باو بوو. بینیم ژیانی خۆم کردۆتە قوربانی ماڵ و منداڵەکانم، بینیم کە دەتوانم وەک ژنێک خەباتی جیاواز بکەم و توانای ئەوەشم لە خۆم دەبینی، بۆیە دەستم کرد بە خەباتی ناو کۆمەڵگە."

ئامینە باسی لەو بەربەستانە کرد کە لەسەر خەباتی کارکردنی ڕووبەڕووی بوونەتەوە. ناوبراو جەختیشی کردەوە: " بینیم کار و خه‌بات هه‌یه‌ کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێش چووە، بەتایبەتیش ئەو مەیلی ئەو سیستەمە نوێیەم هەبوو، کە ئازادی ژنان و کۆمەڵگەی بەبنەما دەگرت. منیش حەزم دەکرد ئەو سیستەمەی هەیە بەتەواوت بیگۆڕین. حه‌زم کرد به‌که‌ومه‌ ناو کار و خه‌بات، بەڵام ڕێگریم لێده‌کرا. بە هەوڵی خۆم ئه‌و بەربەستانەم شکاند و بەبێ وەستان له‌ هه‌موو چالاکیه‌کانى مه‌ده‌نى ڕێکخستنى بەشداریم ده‌کرد."

هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل ئاماژەی بەوەشدا کە سیستەمی سەرمایەداری باڵی بەسەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا کێشاوە و وتیشی: "هۆکاری ئەوەی سیستەمی پیاوسالاری و دابونەریتەکانی زاڵی دەسەڵاتی پیاو لە سەر کۆمەڵگەدا زاڵن و گۆڕانکاری نایەتە ئاراوە ئەو سیستەمە نایەکسانیەیە کە لەدەسەڵاتی هەرێمەکەماندا هەیە. بە ڕێژەیەکی زۆر کەم ژنان توانیویانە لە ناو دەزگاکانی بەڕێوەبەری دا ئەرک وەربگرن، ئەویش لەو ئاستەدا نیە بتوانن خەبات بۆ ئازادی ژنان بکەن، بەڵکو لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی پیاو کار بۆ دەسخستنی سەرمایی خۆیان دەکەن."

ئامینە محەمەد، تیشکی خستە سەر چۆنێتی دەستکردنی بە خەباتەکانی شارەوانی بەو شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "سه‌رتا ماوه‌ى دووساڵ وه‌ک ئەندامی ئه‌نجومەنی شارەوانی کارم دەکرد، بەشداریم دەکرد لە سەرجەم کۆڕ و کۆبونەوەکانی شارەوانی و خزمەتگوزارەیەکاندا. پاشان بە هەڵبژاردن بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرام، ساڵێکیشە خەباتەکانم بە سەرکەوتووی ڕادەپەڕێنم. خۆشحاڵ بووم بەوەی ئەو ئەرکەم پێسپێردراوە، شانازی پێوە دەکەم، بە کارێکی پیرۆزی دەزانم. ژنان لە دێر زەمانەوە شانبەشانی پیاو لە هەموو بوارەکاندا تێکۆشاون. دەبێت ئێمەی ژنان بە بەشداری کردنمان لە بوارە جیاجیاکاندا ئەو ئەقڵیەتە بشکێنین کە ئەو جۆرە کارانە بە هی ژنان نابینن."

ناوبراو باسی لە ئەنجومەنی ژنانی بناری قەندیل کرد، کە ژنان بە گوێرەی توانای خۆیان بەشداری لە هەموو کار و خەباتەکانیان دەکەن، هاوکات وتیشی: "شەش ژن لەناو ئەنجومەنی شارەوانی بناری قەندیل خەبات دەکەن. ژنان هەنگاوی باشیان ناوە لە بواری ڕێکخستنیدا بەڵام هێشتاش بەش ناکات بۆیە لێرەوە داوا لە ژنان دەکەم کە بێدەنگ نەبن لەماڵەکانیاندا، تەنیا ژنانن دەتوانن کۆمەڵگە بگۆڕن، نمونەی ڕۆژئاوا لە بەرچاوە."

ئامینە، سیستەمی هاوسەرۆکایەتیشی هەڵسەنگاند و وتی: " سیسته‌مى هاوسه‌رۆکایەتى ته‌نها له‌ باکور و ڕۆژئاوا و لە بنارى قه‌ندیل هه‌یه،‌ سیستەمێکى جوانه‌ ئه‌وەش بەرهەمی ڕەنج و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رۆک ئاپۆیە. لەسەر پێشنیاری سەرۆک ئاپۆ ئەو سیستەمە لە باکوری کوردستان بە پراکتیزە بووە، خەریکە ئەو سیستەمە لە باشوریش وردە وردە پێشەدەکەوێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگەی باشور."

ئامینە محەمەد، هێرش و بۆردومانەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر گوندەکانی بناری قەندیل هەڵسەنگاند، نابراو دوپاتی کردەوە: "بە هۆی بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا تا ئێستا چەندین هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە. ئەو هێرش و بۆردومانانە کاریگەری خراپیان داناوە، بەڵام دەبێت خۆڕاگر بین، پەرە بەکار و خەباتەکانمان بدەین، چونکە ئامانجی دوژمنان هەمیشە دروستکردنی کەشێکی بەترس و لە یەکترازاندنی کۆمەڵگە و دووبەرەکی خستنە ناو گەلی کوردە."

ئامینە محەمەد، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل لە کۆتایشدا، باسی لە پڕۆژەکانی شارەوانی کرد و وتیشی: "وه‌کو شاروانى کۆمه‌ڵه‌ پڕۆژەیەکمان هه‌یه‌ کارى له‌ سه‌ر ده‌که‌ین وه‌ک؛ ‌پڕۆژەی ئاوخواردنه‌وه‌ بۆ گوندى به‌ستێ دروست کرێ، ڕێگایەکی گشتى دروست دەکرێت لە نێوان دۆڵى باڵەیان و ناو ده‌شت وه‌کو ڕێگایه‌کى کورت بۆ هاوڵاتیان. بیر لێدان بۆ کشتوکاڵ و زەویەکانی گوندنیشیان و له گه‌ڵ هه‌ندێک‌ پڕۆژى تر. هاوکات وێڕای قه‌یرانى دارایی و ترسى فڕۆکه‌ جه‌نگیەکان،‌ سه‌ر لێدانى شاروانى به‌رده‌وامه‌ ئێمەش بە گوێرەی توانا و دەرفەتی خۆمان درێخی ناکەین و بە گەرمی پێشوازیان لێدەکەین."

(ش ب)