ژنانی بونیادنەر چوار ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەگێڕنەوە(٢) - دۆسیە
09:53
بنەوش ساریا/ ژنها
کۆبانێ – شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی بۆتە سەرچاوەی هیوا و مژدەی سەکەوتن بەسەر گەورە دوژمنانی مرۆڤایەتی، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ یەکەم بەردی بناغەی دانرا. لە پەرەسەندنی ئەو شۆڕشەدا ژنان ڕەنجی زۆریان هەبوو و تا ئێستاش بەردەوامن لە تێکۆشان، لەساڵیادی ئەو شۆڕشەدا ژنانی کۆبانێ وەڵامی پرسیارەکانیان داینەوە.
مانگی تەمموز نیشانەی سەرکەوتنی شۆڕشە"
فەلەک یوسف، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار، کە شایەتی بۆ ڕۆژانی دەستپێکی شۆڕشکردوە باسی لە قۆناغی بەر لە شۆڕش کرد، ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئاستی کاروخەباتی ژنان بەر لە شۆڕش و ڕایگەیاند: "بەر لەوەی شۆڕش دەستپێبکات ژنان بەشێوەیەکی نهێنی خۆیان بە ڕێکخستن کردبوو، بۆیە سەرەتا ماندووبوونی زۆرمان بینی. بۆ نمونە ئەو کات لەناو هەلومەرجێکی سەختیشدا کۆمیتەی تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزاری و ... هەبوون. ١٩ ی تەمموز داگیرسانی تروسکی ئازادی بوو. ڕۆژئاوا لەماوەیەکی کورتدا گۆڕانکاریەکی خێرای بە خۆوە بینی. لە ١٩ی تەمموز هەموو ئەو کەسانەی نوێنەرایەتی ڕژێمیان دەکرد لە کۆبانێ وەدەر نران. بەڵام ئێمە ناتوانین باس لەوە بکەین کە کۆبانێ لە ڕۆژێکدا ئازاد بوو، چونکە بەر لە شۆڕش ساڵانێکی زۆر خەبات و تێکۆشان دەکرا. کۆبانێ بەر لە شۆڕشیش قوربانی گرانبەهای داوە."
فەلەک یەکێک لە یادگاریەکانی خۆی لە کاتی بەرپابوونی شۆڕش بەو شێوەیە گێڕایەوە: "بە حەسرەتی ئەوە بووم ڕۆژێک بەو کۆڵانانەدا تێپەڕ بم کە ڕژێم هاتوچۆی هاوڵاتیانی لێ قەدەغە کردبوو. بۆیە لە کاتێ بینیم ئاڵای خۆمان لەسەر بارەگاکانی دەسەڵاتداری ڕژێمی بەعس دەشەکێتەوە، چووم بەنێو کۆڵانە قەدەغە کراوەکاندا گەڕام، ویستم بەچاوی خۆم ئەو ئازادیە ببینم بۆیە کەسمان لەماڵ دانەنیشتین و هەموومان ڕژاینە شەقامەکان"
فەلەک سەرنجی ڕاکێشایە سەر گرنگی مانگی تەمموز بۆ هاوڵاتیانی کۆبانێ و وتیشی: "لە ١٤ی تەمموزی ١٩٧٩ جاری یەکەم ڕێبەر ئاپۆ هاتۆتە کۆبانێ، لە ١٤ی تەمموزی ١٩٨٢دا پێشەنگانی پەکەکە لە زیندانی ئامەد دەستیان بە چالاکی کرد و بە قارەمانی شەهید بوون. بۆیە مڕۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ئەو ڕۆژانە شۆڕشی ڕٶژئاوایان بونیادنا. مانگی تەمموز واتای هەڵگیرسانی شۆڕشە."
"شۆڕس هەموو شتێکی گۆڕی"
هەروەها بێریڤان ئیسماعیل ئەندامی تەڤگەری گەنجان لەسەر گرنگی ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمموز بەو شێوەیە دوا: "لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمموز هەنگاوی ئازادی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهێزتر بوو. ئێمەش وەک ژنانی گەنج لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕش هەنگاوی مەزنمان نا. ناوەند و دەزگای خۆمان سازکرد. خولی پەروەردەمان کردوە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: ' ژن ژیان ئازادی'، بۆیە دەبێت وەک ژنان بەدوای ئازادی خۆمان بین و هەرگیز لەو ڕێگەیەدا کۆلنەدەین. بەر لە شۆڕس ژنان بە هیچ شێوەیەک نەیادەتوانی گوزارشت لە هەبوونی خۆیان بکەن. مافەکانی ژنان پێشێل دەکران. شۆڕش هەموو شتێکی لەگەڵ خۆی گۆڕی، بۆیە لێرەوە لە ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز بانگەوازی لە هەموو گەنجان بەتایبەتیش ژنانی گەنج دەکەم خاوەنداری لە دەسکەوتەکانی شۆرش بکەن و هەمیشە پێشەنگ بن."
"بە ڕەنجی ژنان هەموو گۆڕانکاریەکان پێکهاتن"
هاوکات شیلان ئۆسۆ، ئەندامی ئاسایشی ڕۆژئاوا، بەو شێوەیە باسی لە ڕۆڵی ژنان کرد لە گۆڕەپانی ئاسایشیدا: "سەرەتا ١٩ی تەمموز لە هەموو گەلان پیرۆز دەکەم. بێگومان لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز گۆرانکاری گرنگ لە هەرێمەکەدا هاتنە ئاراوە. بە ڕەنج و ماندووبوونی ژنان ئەو شۆڕشە هەنگاوەکانی سەرکەوتنی دەنا. سەرەتا پیاوان بەشداری کردنی ژنانیان لەناو خەباتی ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکان قبوڵ نەدەکرد، ژنان بە پێداگری خۆیانەوە ئەو هەنگاوەیان نا، بۆیە ئیتر ژن لە چاوی کۆمەڵگەش باوەڕیان پێکرا."
"ئاهەنگی ئازادییان دەگێڕا"
لای خۆشیەوە بەرفین محەمەد، ئەندامێکیتری ئاسایشی ڕۆژئاوایە سەرەتا شۆڕشی ١٩ی تەمموزی لە هەموو گەلی کورد و بەتایبەتیش لەسەرجەم ژنانی کورد پیرۆزکرد. بەرفین وتی: "لەگەل سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز ژنان دەستیان بە ناسینی بوونی خۆیان کرد. کاتێک شۆڕش دەستی پێکرد خەڵکی لە هەر مەیدانێک بە گێڕانی ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ تامەزۆریی خۆیان بۆ ئازادی پیشان دەدا."
بەرفین ئاماژەشی بەوەدا کە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش و هەنگاوە یەک لە دوای یەکەکانی دا کۆمەڵگەی ڕۆژئاو بە وەرچەرخانێکی مێژوویی بە خۆیەوە بینی. ناوبراو جەختیشی کردەوە: "بەر لە شۆڕش تەنیا یەک ئامانجمان هەبوو ئەویش بخوێنم و ببم بە کارمەندێک، چونکە هیچم لە بارەی کورد و کوردستانەوە نەدەزانی. بەڵام دوای ئەوەی بەشداریم لە خەباتی ئاسایش کرد، ڕۆژبەڕۆژ هەم کەسایەتی خۆمان هەمیش کۆمەڵگە و مێژووی خۆمان دەناسی، ڕۆژانە لەگەڵ گۆڕانکاریە هەرێمیەکاندا ئێمەش هەنگاوەکانمان خێراتر دەکرد بۆ ئەوەی بگەین بە شۆڕشی ئازادی ژنان."
جێگەی ئاماژەیە لە ١٩ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٢دا، هاوڵاتیانی کۆبانێ بە شێوەیەکی سەرکەوتوو توانیان ڕژێمی بەعس لە کۆبانێ و گوندەکانی وەدەرنێن. سەرجەم دەزگاکانی بەڕێوەبردن لەلایەن گەلەوە دەستیان بەسەر داگیرا، هاوڵاتیان دەستیان بە شۆڕشی بونیادنانەوەی خۆیان کرد لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری و پێکەوە ژیان گەلان. بۆیە ١٩ی تەمموز وەک جەژنێک پیرۆز دەکرێت. ئەمساڵیش ئەو جەژنە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ سەرکەوتنەکانی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی باکوری سوریا.
(ش ب)