دیلەک ئۆجالان: گەلی کورد و گەلانی ژێردەست گۆشەگیرکراون

11:21

بێریتان ئایلاکوت / ژنها

ئامەد – دیلەک ئۆجالان، پەڕلەمانتاری ڕوحا گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە و لێکۆڵینەوەکانی (CPT) هەڵسەنگاند و ڕایگەیان ناچارن دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.

دیلەک ئۆجالان ڕایگەیاند ماوەی ١٧ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە ژێر هەلومەرجێکی دوور لە هەموو یاساکان ڕادەگیرێت."

دیلەک وتی: "سەرەڕای (CPT) دەزگایەکی دژ بە ئەشکەنجەیە، کار بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکات، بەڵام وەک دەبینین ئێستا دوور لە ناوەرۆکی یاساکانیان هەڵسوکەوت دەکەن، بە گوێرەی بیرۆکەی بونیادنانی ڕێکخراوەکەیان کار ناکەن. ئەو هاوپەیمانە هەلومەرجەکانی ئۆجالان و مەترسیەکانی سەر ژیانی لە بەرچاو ناگرێت."

دیلەک ئۆجالان جەختیشی کردەوە: " لەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ دەزگای بەرگەگرتن لە ئەشکەنجە(CPT) سازکراون، ڕایانگەیاندوە 'ئێمە دەزگایەکی سیاسی نین، ئێمە وەک مژارێکی سیاسی لێی ناڕوانین'، هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە کە ئۆجالان وەک کەسێکی جیاواز نابین لە لێکۆڵینەوەکانیاندا."

ئەو پەرڵەمانتارەی (هەدەپە) راشدەگەیەنێت کە CPT ناچارە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە ئیمڕاڵی دەستیان خستون بە ڕای گشتی ڕابگەیەنێت و وتیشی: "ساڵێک لەمەوبەر بە دەستپێخەری ژنان چاوپێکەوتنێک لەگەڵ CPT ئەنجامدراوە، ئەوان بەو شاندەیان ڕاگەیاندبوو کە بۆ هۆی کاروخەباتەکانیان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ڕاناگەیەنن. بەڵام CPTیش باش دەزانێت کە تورکیا وەک گیراوانیتر مامەڵە لەگەڵ ئۆجالان ناکات، بۆیە CPT ناچارە ئەنجامەکانی لە ئیمڕاڵی دەستیان خستون بە ڕای گشتی ڕابگەیەنێت. چونکە زیاتر لەساڵێکە هیچ کەس ئاگاداری ڕەوشی بەڕێز ئۆجالان نیە. بەڕێز ئۆجالان نەک تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ سەرجەم گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵی پێشەنگی دەگێڕێت. بۆ ئەوەی چاومان پێی بکەوێت و چاوپێکەوتنەکان دەست پێبکەنەوە بەردەوامی بە چالاکیەکانمان دەدەین."

دیلەک ئۆجالان پەرڵەمانتاری هەدەپەی شاری ڕوحا و خوشکەزای عەبدوڵا ئۆجالانی ڕێبەری پەکەکە، بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "وەک بنەماڵەی ماوەی دوو ساڵە ڕێگەیان نەداوە، چاومان پێی بکەوێت. چونکە دەزانن عەبدوڵا ئۆجالان چ کاریگەریەکی لەسەر کۆمەڵگە هەیە، بۆیە گۆشەگیری بەسەر دادەسەپێنن. لە کەسێتی ئەو دا تێکڕای گەلی کورد و گەلانی ژێردەست گۆشەگیر کراون. لە نەورۆزی ٢٠١٣دا بەرێز ئۆجالان هیوایەکی گەورەی بۆ ئاشتەوایی ئافراند، بەڵام ئاکپارتی، هیواکانی گەلانی سەرکوتکردەوە. بە کۆمەڵکوژی وەڵامی داواکاری دیموکراسیانەی گەل درایەوە. بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری بانگەوازی لە تێکڕای گەلی کورد دەکەم هەڵوێستی خۆیان دیار بکەن، دەبێت ژنان دەستپێشخەری بۆ چالاکیەکان بکەن."

شایەنی باسە لە ٥/نیسانی ٢٠١٥وە تا ئێستا ڕێگە بە پارێزەران و بنەماڵەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە نەدراوە چاویان پێی بکەوێت. عەبدوڵا ئۆجالان دوای ئەوەی لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا بە پلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا و ڕادەستی تورکیا کرایەوە ماوەی ١٧ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسی ئیمڕاڵیدا ڕادەگیرێت.

(ش ب)