دوای جێبەجێکردنی داواکاریەکەی کۆتایی بە مانگرتن هێنا

11:27

ژنها

ناوەندی هەواڵ – نێرگز موحەمەدی، زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەوین پاش ١٩ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، به‌ جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌که‌ی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، نێرگز محەمەدی دوێنێ پاش بینینی منداڵەکانی و جێبەجێبوونی داواکارییه‌کانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

نێرگز محەمەدی لە ڕۆژی ٢٧حوزەیران بەبڵاوکردنەوەی نامەیەکی گشتی مانگرتنی خۆی لە خواردن ڕاگەیاند و سەرەڕای دوو جار بورانەوە و بێ هۆشبوون ئەو مانگرتنەی تا جێبەجێبونی داخوازیەکانی بەردەوام کرد، داخوازی سەرەکی نێرگز موحەمەدی بینینی منداڵەکانی بوو کە لە پاش دەستگیربونیەوە لە وڵاتی فەڕەنسا ژیانیان بەسەر دەبرد.

شایانی باسە کە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیەندبوو، کە سەپاندنی سزای ١٦ ساڵ زیندان بەسەر پارێزەرێکی مافی مرۆڤ لە ئێران نیشاندەری سەرکوتی هەمەلایەنەی چالاکانی مەدەنیە.

هه‌روه‌ها، هه‌فته‌ی رابردوو رێکخراوی په‌یامنێرانی بێسنور، سەبارەت بە باری تەندروستی ئەو زیندانیە هۆشیاری داو پێداگری کرد‌ لەسەر جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌که‌ی سەبارەت بە پەیوەندی گرتن لەگەڵ منداڵەکانی.

دەوترێت کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا تەنها یەک جار ڕێگە بە محەمەدی درابوو، تا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە په‌یوەندی به‌ منداڵه‌کانیه‌وه‌ بکات.

نێرگز محه‌مه‌دی له‌ مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٤ ه‌وه‌ له‌ زیندانی ئه‌وینی ئه‌وینی شاری تارانی وڵاتی ئێران زیندانی کراوه‌ و بەشی 14ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی قازی سەڵەواتی نێرگز موحەمەدیان بە ١٦ ساڵ زیندانی حوکمداوە.

(ش ب)