شیلان لە هێرشەکەی فەرەنساوە بێ سەروشوێن بووە
13:49
ژنها
ناوەندی هەواڵ - ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، لە رووداوەکەی شاری نیسی فەرەنسا کچێکی کورد بەناوی شیلان تاوەكو ئێستا بێسەروشوێن بووە.
رۆژنامەیەکی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە کچێکی کورد بەناوی شیلان، کە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و تەمەنی ١٩ ساڵە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چووەتە شاری نیس لە فەرەنسا و لەو رۆژەوە هیچ هەواڵێکی نییە و تەلەفۆنی داخراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامە ئەڵمانییەکەدا بڵاوکراونەتەوە، کچەکە ناوی شیلانە و خوێندکارە، پۆلیس تەنها جانتاکەی دۆزیوەتەوە و گەڕاندوویەتییەوە بۆ خانەوادەکەی.
پۆلیسی فەرەنساش بڵاویکردووەتەوە، تاوەكو ئێستا لەو رووداوەدا ٨٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ناسنامەی ١٦ کەسیان دیارنییە، لەگەڵ برینداربوونی ٢٠٢ کەس، لەنێو بریندارەكانیشدا هەندێک کەس نەناسراونەتەوە.
(ش ب)