ژنانی بونیادنەر شۆڕشی چوارساڵەی ڕۆژئاوا دەگێڕنەوە(٣) - دۆسیە
09:18
شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگی ژنی ئازاد بەرەو ژیانێکی ئازاد هەنگاو دەنێت.
ژنها
قامیشلۆ – ژنانی ڕۆژئاوا شۆرشی ١٩ی تەمموزی وەک شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بۆ بونیادنانی مرۆڤی ئازاد پێناسە دەکەن و دەڵێن: ئەو شۆڕشە بە پێشەنگی ژنی ئازاد بەرەو ژیانێکی ئازاد هەنگاو دەنێت.
لە سێیەمین بەشی ژنانی بونیادنەر چوارساڵەی شۆڕش دەگێڕنەوەدا، ژنانی ڕۆژئاوا شۆڕشی ١٩ ی تەمموز زیاتر وەک شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی هەڵدەسەنگێنن. ژنان دەڵێن: "شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ئافراندنی کەسایەتی ئازاد و کۆمەڵگەی ئازادە."
"هەر شۆڕشێک زایینێکی نوێیە"
دلبەر یوسف، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری پارتی یەکێتی دیموکراتی(پەیەدە) لە کانتۆنی کۆبانێ، لەسەر پێشەنگی ژنان لە ناو شۆڕشی ڕۆژئاوا وتی: "ساڵانی شۆڕش ساڵانێکی واتادارن، دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین بۆچی پێویستمان بە شۆرش بوو؟. بە گوێرەی من هەر شۆڕشێک زاینێکە. دەتوانین بڵێین لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ١٩ ی تەمموز تەنیا لەسەر ئاستی سەربازی و ڕزگار کردنی هەرێمەکە نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆی هێنا."
دلبەر ئاماژی بەوەشدا کە لە ١٩ی تەمموز بناغەی شۆرشێکی مێژووی بونیادنراوە، ناوبراو وتیشی: "نهێنی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجاندا دایە. ژنان لەناو شۆرش دەسکەوتی گرنگیان بەدەستهێنا، بۆیە بە ڕۆحی سەر لەنوێ بونیادنانەوەی کۆمەڵگە ژنان هەنگاوەکانیان خێراتر و سەرکەوتوانە بوو. ژنانی کورد لە ١٩ی تەمموز بە فەلسەفەی ئازادی خاوەنداری لە بەها و بەرپرسیارێتیەکانی کرد."
دلبەر لە کۆتایشدا جەختی کردەوە کە ژنان لەو شوێنەی ونیان کردوە دەتوانن بدۆزنەوە و وتیشی: "ژنان چەندین ساڵە ئازار دەچێژن، ئێستاش بە بەرخۆدانی و هێزی خودی خۆیان بەدوای ڕاستی بوونی خۆیان دا دەگەڕن. لەو شوێنەی مرۆڤایەتی ونی کردوە، لەسەر دەستی ژنان دووبارە ئەو شکۆیەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە."
گرنگی کۆمین لە شۆڕشی ڕۆژئاوا
ڕێحان تەمۆ ئەندامی کۆمیتەی پەروەردە لە گرکێ لەگێ و فەهیمە ئیبراهیم ئەندامی کۆمینی شەهید ڕەمزی لە گەڕەکی ڕۆژئاوای شاری قامیشلۆ باسیان لە گرنگی کۆمین کرد لە ناو شۆرشدا.
"ئامانجی کۆمین ئافراندنی مرۆڤی ئازادە"
ڕێحان تەمۆ، ئەندامی کۆمیتەی پەروەردە لە گرکێ لەگێ، وتی: "سەرەتا ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە ڕێبەر ئاپۆ، بنەماڵەی شەهیدان و لە هەموو گەلی کورد و گەلانی جیهان پیرۆز دەکەم. بێ گومان کۆمین یەکێکە لە هەنگاوەکانی سەرەتایی بونیادنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی. سیستەمی خۆبەرێوەبەریش واتای تێپەڕاندنی سیستەمی مەرکەزیە. ئەمساڵیش بە ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدڕڵی دیموکراتی لە باکوری سوریا ڕاگەیاندرا هەنگاوێکی مەزنتر بەرەو بەرفراوانتر کردنی شۆرش نرا. بۆ ئێمە زۆر گرنگە پەیوەندی گەلان لەسەر بنەمای کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بەیەکەوە هەبێت."
ناوبرا و هۆکاری دامەزراندنی کۆمین و ئەنجومەنەکانی گەڕەک و گوندەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە: "ئامانج لە کۆمین گەیشتنە بە هەر تاکێک، ئامانج ئافراندنی کەسایەتی ئازادە، چونکە تاکی ئازاد کۆمەڵگەی ئازاد بونیاد دەنێت، تا تاک ئازاد نەبێت ناتوانین باس لە ئاییندە بکەین. بۆیە کۆمین قوڵترین دەزگای ناو کۆمەڵگەیە کە هەم کۆمەڵگە لە ڕێگەی کۆمین خۆی بەڕێوەدەبات ، هەمیش لە ڕێگەی کۆمینەوە وڵات بەڕێوە دەبات."
"کۆمین شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانە"
لای خۆشیەوە فەهیمە ئیبراهیم، هاوسەرۆکی کۆمینی شەهید ڕەمزی لە گەڕەکی ڕۆژئاوای شاری قامیشلۆ، بەو شێوەیە پێناسەی کۆمینی لە ناو شۆڕش کرد: "کۆمین واتای هاتنە لای یەکتر و کۆبوونەوەی مرۆڤەکانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بۆ برەو دان بە بەرگریکردن لە خۆیان و کۆمەڵگەکەیان. ئێمەش وەک ژنان لەسەر بنەمای بە هاوبەشی و پێکەوە خزمەت کردن لە هەموو کۆمینەکاندا بەشداری دەکەین."
ناوبراو وتیشی: "هۆکاری گرنگیدان بە کۆمین لەناو شۆڕشی ڕۆژئاوادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یەکەم لە ڕێگەی کۆمینەوە گەل خۆی بەڕێوە دەبات، واتا سیستەمی دەسەڵاتداری تاکڕەوی نامێنێت. دووەم لە ڕێگەی کۆمینەوە خزمەت بەگەلەکەیان دەکەن. سێیەم: لە ڕێگەی ئەو کۆمینانەوە سیستەمی بەرگری جەوهەری پێشدەخەین. بۆ نمونە لەناو کۆمیندا ٧ لێژنە هەیە، لەوانە لێژنەی دیدار سازکردن، لێژنەی ژنان، لێژنەی پاراستن، لێژنەی پەروەردە، لێژنەی خزمەتگوزاری و هتد. هەر یەک لەو لێژنانە هەڵدەستێت بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەی و هاوکات ئەنجامەکان، پێشنیار و بڕیارەکانیش بەرێگەی ئەنجومەنەوە دەگەیەنین."
فەهیمە لە کۆتایشدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر کۆمینی تایبەت بە ژنان کە لەسەر چ بنەمایەک دامەزراون و وتی: "وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ 'شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆرشی ژنانە'، ژنان لەناو کۆمینەکاندا بە شێوەیەکی چالاک بەشداری دەکەن، ژنان زیاترین ئەرک و خزمەت دەکەن لەناو کۆمینەکاندا. ئەو ڕەنج و ماندووبوونیەی ژن لەناو کۆمینەکاندا ژنان لە کۆیلایەتی ڕزگار دەکات. ئێمەش لەناو هەموو دەزگاکاندا سیستەمی تایبەت بە ژنانمان هەیە، بۆیە لەناو کۆمینشیدا ژنان پێگەی تایبەتی خۆمان هەیە، سەرەتای هەموو بڕیارەکانی سەبارەت بە ژنان و گرفتەکانی ژنان لەناو خۆمان وەک ژنان تاوتوێ دەکەین. بە ئیرادە خۆمان بڕیار لە سەر ژیان و ئاییندەی خۆمان دەدەین."
(ش ب)