لە گوندەکانی جۆلەمێرگ کاتی کۆکردنەوەی گیای خۆڕسکە

10:39

زەینەب دورگوت / ژنها

جۆلەمێرگ – لە گوندەکانی سەربە شاری جۆلەمێرگ ژنان لەگەڵ بەرەبەیان هەڵدەستن و بەرەو کوێستانەکان بەڕێدەکەون بۆ کۆکردنەوەی گیای خۆڕسک.

ئەوان گیای خۆڕسک لە بەرزایی کوێستانەکان کۆ دەکەنەوە بۆ وەرزی زستان ئامادەی دەکەن.

گوندی (ئیدە) سەر بە شاری جۆلەمێرگە لە باکوری کوردستان، ژنانی ئەو گوندە لەگەڵ بەرەبەیان ڕوو دەکەنە کوێستانەکان و گژوگیای خۆڕسک کۆدەکەنەوە. پاشان ژنان کۆدەبنەوە بەیەکەوە پاکی دەکەنەوە، وشکیان دەکەن و یان لە ئاوی خوێ و دەیکەنە ناو دەبەی نایلۆن و دەیخەنە ژێر خاک و ناو کانیەکان، بەشێوازی جۆراوجۆر بۆ وەرزی زستان هەڵی دەگرن، هەندێکیشی دەفرۆشن.

سالیحە چیفتچی یەکێک لەو ژنانەیە کە هەموو ڕۆژێک ڕوو لە کوێستانەکان دەکات، سالیحە وتی: "لەگەڵ بەربانگ هەڵدەستین بەیەکەوە بەرەو کوێستانەکان بەڕێدەکەوین بۆ کۆکردنەوەی گیا و بەروبومی سروشتی. ئەو گیایەی ئێمە کۆیدەکەینەوە وەک؛ سیابۆ، بزار، بوکێ و چەند گیایەکیتر هەن کە تازە کاتی کۆکردنەوەیانە. ئەو گیایانە لە شوێنی بەرز و سارد دەڕوێن."

سالیحە ئەوە هەم وەک کارێک بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان دەبینێت هەمیش بەیەکەوە ژنان ڕۆژێکی خۆش بەسەر دەبەن. هەروەها وتیشی: "ماڵ زیاتر لە ئەستۆی ئێمەدایە و زۆربەی پێداویستیەکانمان خۆمان پەیدای دەکەین، زۆربەشیان لە کوێستانەکان کۆدەکەینەوە ئەوەش جێگەی خۆشحالیمانە."

سالیحە لەسەر چۆنێتی ئامادەکردنی ئەو بەرهەمەی کۆیدەکەنەوە و بۆ زستان هەڵیدەگرن وتی: "سەرەتا هەمووی پاکدەکەینەوە و دەیخەینە ناو قوتی و دەبەی نایلۆن و دەیانخەینە ناو کانیەکی زۆر سارد کە خراپ نەبێت. چونکە لە زستان خۆشترین خواردنمان ئەو گیایانەیە کە لە هاوینان کۆمانکردوونەتەوە. بۆ تەندروستی زۆر باشە، هەم بێریڤانی دەکەن، هەمیش گیای و بەرهەمە خۆڕسکەکان کۆدەکەنەوە، هەرچەند زەحمەتی زۆریش دەکێشین، بەڵام دڵمان خۆشە چونکە هەموو کارێکمان بەیەکەوەیە."

(ش ب)