"کۆنفرانسی ئاشتی و سەقامگیری گرنگی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە"
09:58
ژنها
سلێمانی - لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هزری عەبدوڵا ئۆجالان، هاسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، سازکردنی کۆنفراسێکی بەو شێوەیە لە باشوری کوردستان و نوێنەرایەتی لایەنەکانی کوردستانی و نێونەتەوەیەکان بەرز نرخاند.
شیلان شاکر هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لەسەر کۆنفراسی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هزری عەبدوڵا ئۆجالاندا کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند: "لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان فەلسەفە و تێزەکانی بەڕێز ئۆجالان توانیویانە ڕۆڵی چارەسەری دیموکراسی و ئاشتەوایی جیهان ببینن. بۆیە پێویست بەو کۆنفراسە دەبینرێت چونکە جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قوڵی بنبەستبوونی کێشەکان بۆتەوە."
شیلان شاکر گرنگی ئەو کۆنفرانسەی لە رووی نەتەوەیش هەڵسەنگاند و وتی: "ئێستا یەکێک لەو شوێنانی کە پێویستی بە ڕێبازی چارەسەریە باشوری کوردستانە، چونکە هەرێمی کوردستانیش بۆتە بەشێکی بچوک لەو سیستەمەی لەناو قەیراندایە. بۆیە کۆبوونەوەی هەموو ئەو پێکهاتانە بە بۆچوونی من پەیامێکە، هێزێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەناو لێگەری چارەسەرکردنی کێشەکاندان بەڕێبازی دیموکراتی. چونکە ئەگەر سەرنج بدەین لە تەواوی جیهان لە کەسی ئەکادمسیان تا پارێزەر تا پەرلەمانتار و چالاکی مافی مرۆڤ هاتونەتە و وتوێژ لەسەر ڕێبازێکی نوێی چارەسەری دەکەن. ئەوەش دەیسەلمێنێت کە ئیتر ئەو سیستەمە بنبەست بووە لە قەیران، ناتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکات، ڕۆژ بەرۆژ قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە، ئەوەش دەسەلمێنێت کە تێزەکانی بەڕێز ئۆجالان تا چەند کاریگەری هەیە لەسەر ئاستی جیهان."
ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئاڵۆزیەکانی ناو تورکیا و جەختیشی کردەوە: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تورکیا ڕووبەرووی کودەتایەک بووەوە، کە دەتوانین وەک تەقینەوەیەکی قەیرانەکانی بەناو بکەین، بۆیە ئەگەر لە ئێستا بەدواوە تورکیا هەنگاوی جدی نەهاوێژێت لە بواری چارەسەریدا ئەوا ڕووبەڕووی خوێنڕشتنی زیاتریش دەبێتەوە. پێشتریش بەرێز ئۆجالان سەرنجی ڕاکێشابووە سەر ئەوەی ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتە چەوتەکانی خۆی بەرامبەر بە گەلان و دیموکراسی دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار دەڕوات."
شیلان شاکر تەئکیدی کردەوە: "لە ڕووی یاسا و لە ڕووی نێودەوڵەتی و هیچ پێوانەیەکەوە قبوڵ نیە بەڕێز ئۆجالان لەو هەلومەرجەدا بمێنێتەوە. لەو پەیامانەی کە تا ئێستا لەو کۆنفرانسە ڕاگەیاندراون هەموویان ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان."
شیلان شاکر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە کۆتایشدا ڕایگەیاند کە ڕۆڵ و پێگەی باشوری کوردستان لەو کۆنفرانسەدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، هاوکات ناوبراو ئاماژەشی بەوەدا کە گفتوگۆکان ئەنجامی باشیان دەبێت بۆ لە چارەسەرکردنی قەیرانە لە بن نەهاتوەکانی باشوری کوردستان.
(ش ب)