"کێشه‌ی ژن سه‌رچاوه‌ی سه‌رجه‌م کێشه‌کانی دیکه‌ی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە"
10:09
ژنها
سلێمانی – لە كۆنفرانسی له هزری عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لاندا، ئاشتی سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوین حەسەن جودی نوسەر و چاودێری سیاسی بەشێک لە تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکەی خوێندەوە. بابەتەکە خستنەڕووی کێشە سەرەکیەکانی ناو کۆمەڵگەیە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو تێزە ئامادەبووان گفتوگۆ لەسەر پێشخستنی چارەسەری بکەن.
تێزەکە لە ژێر ناوی "کێشه و ته‌نگژه له کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناویندا" خۆی لە ٩ خاڵ دەبینیوە لەگەڵ شرۆڤەیەکی کورت،لێرەدا بە پێویستی دەبینین ئەو خاڵانە بخەینە بەردەم خوێنەران. چونکە کێشەی ژن وەک سەرچاوەی هەموو کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوین دیاری کراوە.
ته‌نگژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی گوزاره له‌و قۆناخه ده‌کات که سیسته‌م ناتوانێت درێژه به هه‌بوونی خۆی بدات. ته‌نگژه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌ی کێشه، مانایه‌کی گشتگیر تری هه‌یه. له کاتێكدا ته‌نگژه خه‌سڵه‌تێکی خولیی هه‌یه، به‌ڵام کێشه به شێوه‌یه‌کی رۆژانه له‌ڕووداو، دیارده‌و په‌یوه‌ندی داموده‌زگاکاندا ده‌ژی. ته‌نگژه‌کانی ناو هه‌مان سیسته‌م به ته‌نگژه‌ی ده‌وری ناو ده‌برێت، هه‌رچی ته‌نگژه‌ی خودی سیسته‌مه به زاراوه‌ی "بونیادی" ناودێر ده‌کرێت. ته‌نگژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان هۆکاری زۆر هه‌مه‌لایه‌نیان هه‌یه. هه‌روه‌کو ئه‌و ته‌نگژانه‌ی سه‌رچاوه‌یان بۆ گۆڕه‌پان و بواره سیاسی، ئابووری و دیمۆگرافیه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و ته‌نگژانه‌ش جێگای باسن که جیۆبایۆلۆژیا سهرچاوهکهیانه. ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی پله‌داری و ده‌وڵه‌ت (به گشتی داموده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات) تێیاندا پێش نه‌که‌وتووه، ته‌نگژه‌کانیان زیاتر جیۆبایۆلۆژیکه. بوومه‌له‌رزه یان وشکه‌ساڵیه‌کی سروشتی ده‌شێت ته‌نگژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی جدی بخولقێنێت. تێکچوونێکی چاوه‌ڕواننه‌کراوی ژینگه و ده‌وروبه‌ر ده‌رئه‌نجامێکی هاوشێوه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه. به ئه‌ندازه‌ی بێ خۆراکی یان که‌مخۆراکیی ژماره‌یه‌کی زۆری دانیشتوان، که‌مبوونه‌وه‌یه‌کی زۆری ژماره‌ی دانیشتوانیش هۆکاری ته‌نگژه بن.
هه‌رچی ئه‌و تهنگژانهشن که ده‌سه‌ڵات سهرچاوهکهیانه، له میانه‌ی که‌مبوونه‌وه و نزمبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی رێژه‌ی قازانجدا ڕووده‌ده‌ن، که له میانه‌ی ته‌کنه‌لۆژیای شه‌ڕ یان ئامرازه‌کانی پێشه‌سازی، بازرگانی و داراییه‌وه به‌دیدێت. کاتێک خه‌رجیه‌کانی شه‌ڕ له قازانجه‌کانی زیاتر ده‌بێت و له ڕێگای ئامرازه‌کانی دیکه‌شه‌وه قه‌ره‌بوو و پڕ نه‌کرێته‌وه ئه‌و کاته ته‌نگژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ست لێبه‌رنه‌دراوه. کاتێک به‌رده‌وام ئاست و ڕێژه‌ی قازانجی پاوانه پیشه‌سازی، بازرگانی و داراییه‌کانی سه‌ر بازاڕ له دابه‌زیندا بێت و له میانه‌ی شه‌ڕ و پێکدادانی نوێوه ئه‌و ڕێژانه‌ی قازانج پڕ نه‌کرێته‌وه، ئه‌وا قه‌یرانی ناو خودی سیسته‌م ناچارییه. ئه‌و ته‌نگژانه‌ی سه‌رچاوه‌ی خۆیان له هه‌لومه‌رجه کۆنژهکتورهکانهوه وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر درێژتر ببنه‌وه (له سیسته‌مه سه‌رمایه‌داره‌کاندا ماوه‌ی ته‌نگژه به گشتی له نێوان 5-100 ساڵدا ده‌گۆڕێت) ئه‌وا بۆ ته‌نگژه‌ی سیسته‌ماتیک ده‌گۆڕێت. ئیتر کۆمه‌ڵگا ناتوانێت له ژێر سایه‌ی سیسته‌مدا به‌رده‌وام بێت. له پێناو سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی بونیادی سیسته‌می نوێ‌دا، بونیادی سیسته‌م په‌رته‌وازه ده‌بێت و که‌شوهه‌وایه‌کی کائۆسانه دێته ئاراوه. له‌ناو هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا کامه‌یان به گوێره‌ی ئاماده‌کاری ئایدیۆلۆژی و بونیادی خۆی وه‌ڵامی به‌هێزو پێگهیشتووتریان هه‌بێت، ئه‌وا له ئاواکردنی سیسته‌می نوێ‌دا چانسی پێگه یاخود ڕۆڵی پێشه‌نگایه‌تی به‌ده‌ستدێنن.
به‌درێژایی مێژوو کۆمه‌ڵگاکانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ئه‌و به‌شه‌ی مرۆڤایه‌تی بووه که زۆرتر له‌ناو ته‌نگژه‌و کێشه‌کاندا ژیاوه. بێگومان هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که به درێژایی پێنج هه‌زار ساڵ ناچار کراون له ژێر فشار‌و چه‌وسانه‌وه‌ی شارستانی ناوه‌ندیدا بژین. له هیچ ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ی جیهان ئاشنای ئه‌و شێوه درێژخایه‌ن و که‌ڵه‌که بووه‌ی فشار و چه‌وسانه‌وه نابین.
1- کێشه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناویندا
ئه‌و کێشانه‌ی که ژن له‌ناو کۆمه‌ڵگادا به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت به‌ر له هه‌موو شتێک هه‌ڵسه‌نگاندنی له چوارچێوه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی کۆمه‌ڵگای مێژوویی گرنگ و بایه‌خداره. کێشه‌ی ژن کێشه‌یه‌که سه‌رچاوه‌ی سه‌رجه‌م کێشه‌کانی دیکه‌یه. به‌ر له هه‌نگاونان به‌ره‌و کۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌تی و چینایه‌تی، دامه‌زراوه بوونی پلهدارییهکی توندی باڵاده‌ستی پیاو (باوکسالاری) له‌سه‌ر ژن ده‌بینرێت. بۆ پاساو هێنانه‌وه‌ی باڵاده‌ستی پیاو په‌نا براوه‌ته به‌ر چه‌ندین چیرۆکی میتۆلۆژی و ئایینی.
بهژنێتیکردنی ئافره‌ت (به واتای کۆیلایه‌تی ژن دێت) یه‌ک به‌دوای یه‌کدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئۆبژه‌کانی پیاویش ده‌بێت که له‌ناو کۆمه‌ڵگادا ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه؛ ئه‌وانیش ده‌خرێنه ژێر فشاره‌وه‌و سه‌رکوت ده‌کرێن. له‌کاتێکدا به‌شی ڕاهیب، سه‌رباز و سیاسی چینی سه‌رووی کۆمه‌ڵگا به پێگه‌ی ڕه‌گه‌زی باڵاده‌ست ده‌گه‌یه‌ندرێن، توێژه بهڕێوهبراوهکهی خواره‌وه‌ش چه‌نده‌ی ده‌چێت ده‌کرێت به ژن.
له کاتێکدا ئه‌و کێشانه‌ی سه‌رچاوه‌ی خۆیان له ئامێر و ده‌زگاکانی چه‌وسانه‌وه‌و سه‌رکوتکردنی سه‌رمایه‌دارییه‌وه وه‌رده‌گرن له‌سه‌ر ئه‌و کێشه بنچینه‌ییانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوین زیاد بێت، له ڕاستیدا ژیانێکی مۆته‌که و کاره‌ساتاوی بۆ ژن ده‌ست لێبهرنهدراو ده‌بێت. ژن ئه‌و مرۆڤه‌یه که لهدژوارترین دۆخدا ده‌ژی، واته به ژن‌بوون مانای بوونه به‌و مرۆڤه‌ی که له‌خراپترین و قورسترین ڕه‌وشدا ده‌ژی. چه‌ندین قاتی ئه‌و چه‌وسانه‌وه و سه‌رکوتکردن و فشاره قه‌به‌یه‌ی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه ده‌برێت، له‌سه‌ر جه‌سته و ڕه‌نجی ژن په‌یڕه‌و ده‌کرێت. تازه به تازه هه‌ست به مرۆڤبوونی ژن ده‌کرێت.
2- کێشه‌کانی خێڵ، ئه‌تنیک و قه‌وم
کێشه‌کانی قه‌بیله(هۆز)، ئه‌تنیک و نه‌ته‌وه له پێشینه‌ی ئه‌و کێشانه‌وه دێن که له‌دێر زه‌مانه‌وه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆمان به شێوه‌یه‌کی چڕ‌و به‌رده‌وام له کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناوین له ئارادا بووه. چه‌نده‌ی شارستانی ده‌وڵه‌تی په‌ره‌یسه‌ندووه ئه‌و جۆره کێشانه‌ش هه‌م به‌ربڵاو بوون هه‌م چڕبوونه‌ته‌وه. به‌ر له‌وه‌ی شارستانی سه‌رهه‌ڵبدات و په‌ره بسێنێت هه‌روه‌کو له ژن‌دا جێگای باس بوو له تیرهکانیشدا ژیانێکی ئازادی سروشتیانه له ئارادابوو. ئه‌خلاقی تیره زۆر به‌رز بوو. تاک له پێناوی تیره‌دا، تیره‌ش له پێناوی تاکدا فیداکاری هه‌مه‌جۆریان ده‌کرد. تاک و کۆمهڵگابوونێکی ڕاسته‌قینه جێگای باس بوو. به‌ڵام کاتێک بونیاده‌کانی شارستانی ده‌ستیان خسته ناو تیره‌کان و خوازیاربوون بیانکه‌ن به کۆیله، درێژترین و دژوارترین قۆناخی به‌رخۆدانیش ده‌ستی پێ‌کرد. ناکۆکی سه‌ره‌کی په‌یوه‌ندی تیره- ده‌وڵه‌ته که به‌رامبه‌ر به کۆیلایه‌تی به‌رخۆدان ده‌کات. شاخ و بیابانه‌کان ببوون به مه‌یدانی به‌رخۆدان. خۆ پاراستن مه‌رجی ده‌ست لێبهرنهدراوی به‌خێوکردن و زۆربوونه. پێویسته باش بزانرێت که دوای به کۆیله‌کردنی ژن دڕندانه‌ترین ڕووخساری بینراوی مێژوو کۆکردنه‌وه‌ی کۆیله بووه له تیره‌کان. تیره‌کان بوون به خێڵ و له میانه‌ی په‌ره‌پێدانی زیاتری به‌رخۆدانه‌که‌یان خواستویانه له‌م کێشه‌یه ڕزگاریان بێت. به‌ڵام ته‌کنه‌لۆژیای چه‌ک و ڕێکخستنی هێزه‌کانی شارستانی له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا له پێشتر بوون.
3- کێشه‌کانی ئایین و مه‌زهه‌ب
کێشه مه‌زهه‌بیه ناوخۆییه‌کانیش هاتنه سه‌ر ئه‌و کێشه ئایینیانه‌ی قه‌ومه‌کان كه تێیدا ده‌ژیان. به‌رامبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندیه ماددیه‌کان به‌ڵێنی ئایینه‌کان له باره‌ی برایه‌تی، یه‌کێتی و ئاشتی کاریگه‌ریه‌کی سنوورداری هه‌بوو. ئه‌و جیاوازییه چینایه‌تیه‌ی له‌ناو کۆمه‌ڵگادا سه‌ریهه‌ڵداو په‌ره‌یسه‌ند له مێژبوو هه‌مان قه‌ومی کردبوو به گڵۆڵه‌ی کێشه‌و پێکدادان. ته‌نانه‌ت له‌ناو تیره‌یه‌کی بچوک و به‌یه‌که‌وه گرێدراوی وه‌ک یههوودیهکانیش، هێشتا هه‌ر له‌سه‌رده‌می حه‌زره‌تی مو‌سا ململانێی دژوار له نێوان یاوه‌ر و خزمانیدا ڕوویداوه. ململانێ و بێنه‌وبه‌رده‌ی مو‌سا له‌گه‌ڵ هاروون و مه‌ریه‌می خوشک و برایدا سه‌یرو سه‌رنج ڕاکێشه. به‌تایبه‌تیش ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له ئاکامی ململانێی له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌می خوشکیدا هاتۆته ئاراوه، پیشانیده‌دات که شکاندنه‌وه‌یه‌ک دژی ژن جێگای باسه. حه‌زره‌تی عیساش له‌سه‌رووی هه‌موانه‌وه بانگه‌وازی بۆ موسهویه هه‌ژاره‌کان ده‌کرد. هێشتا حه‌زره‌تی محه‌مه‌د کۆچی دوایی نه‌کردبوو که مه‌عاویه به‌رامبه‌ر ئه‌هلی به‌یت ده‌ستی کرد به شه‌ڕی بنه‌ماڵه‌گه‌رێتی و به‌ده‌ستهێنانی باڵاده‌ستی. له ئیسلامدا له پێناو ڕزگارکردنی خه‌لافه‌تی دوو سه‌ره، ته‌نانه‌ت سێ سه‌ره- ئیمام عه‌لی، معاویه، عه‌مری کوڕی عاس- خه‌واریجه‌کان بڕیاری کوشتنی عوسمانیان دا. یه‌زیدی کوڕی معاویه‌ش هه‌روه‌کو چۆن به‌رخ سه‌رده‌بڕێ له بیابانی که‌ربه‌لا ڕۆڵه هه‌ڵبژارده‌کانی ئه‌هلی به‌یتی سه‌ربڕی. هه‌ر گه‌لێکیش که ده‌بوو به موسڵمان هه‌م له ناوخۆیدا، هه‌م له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیکه کێشه‌ی نوێی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنا که هه‌ره‌س ئاسا گه‌وره ده‌بوون. شارستانیه ڕێشهدارهکهی ئێران له میانه‌ی دامه‌زراندنی مه‌زهه‌بی شیعه‌وه هه‌وڵ ده‌دا وه‌ڵامی ئه‌و شکسته بداته‌وه که به‌رامبه‌ر عه‌ره‌به موسڵمانه‌کان دووچاری هاتبوو. به‌گه‌کانی تیره‌ی سه‌لجوقی و عوسمانی تورک نه‌ژادیش به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له نه‌ریتی سوونیگه‌رایی باڵاده‌ستی ئیسلامدا ده‌بینیه‌وه. هه‌رچی تورکمانه‌کانن که زیاتر توێژه هه‌ژاره‌کانیان پێکده‌هێنا شیعه‌گه‌رێتی و عه‌له‌وی بوونیان هه‌ڵبژارد، کورده‌کانیش دابه‌ش بوونێکی هاوشێوه‌یان به خۆیانه‌وه بینی. له کاتێکدا به‌گه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بوون به سووننی و هاوکاریکردنی سوڵتانه عه‌ره‌ب و تورکه‌کانیان بۆ خۆیان هه‌ڵبژارد، توێژه هه‌ژار و سهرفرازهکانیش به‌رده‌وامیان به ئایینی عه‌له‌وی و زه‌رده‌شتی ده‌دا.
4- کێشه‌ی شار و ژینگه
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شارستانیه‌وه کێشه‌کانی شار و ژینگه له کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناوین له ئارادا بووه. کاتێک ته‌ماشای یه‌که‌مین سه‌رگوزه‌شته‌کانی ئاواکردنی شاره‌کانی سۆمه‌ر بکرێت، ئه‌وا ده‌رکی پێده‌کرێت که له‌ناو خودی شار و نێوان شاره‌کاندا له چۆن زه‌مینه‌یه‌کدا په‌ره‌یان سه‌ندووه؛ بێگومان هه‌لومه‌رج و زه‌مینه‌یه‌کی پڕ له کێشه. ئه‌مانه کێشه‌یه‌کن سه‌رچاوه‌ی خۆیان له کۆیلایه‌تیه‌وه وه‌ر ده‌گرن. شارگه‌رایی به کۆیله‌بوون له‌ناواخنی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت. هه‌روه‌ها ئاواکردنی بازاڕیش کێشه‌ی ئابووری له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت. کێ بڕیار سه‌باره‌ت به ڕێژه‌کانی گۆڕان ده‌دات، واته کێ بڕیار سه‌باره‌ت به نرخ ده‌دات؟ ڕێکه‌وتنه‌کان به ئاسانی به‌دی نه‌ده‌هاتن. مێژووی شارستانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین دیرۆکی وێرانکردنی ژینگه‌و نکۆڵیکردنێتی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کلتووری ماددی و مه‌عنه‌وی واته به‌هاکانی شارستانی له‌سه‌ر بنه‌مای نکۆڵیکردن (به‌مانا دیاله‌کتیکیه‌که‌ی به خراپ له‌قه‌ڵه‌مدانی) له به‌هاکانی کۆمه‌ڵگای نیۆلیتیک پێکهاتوون، مێژوو ئاڕاسته‌و ته‌وژمێکی به‌وجۆره به‌ده‌ست دێنێت. که‌چی له ڕاستیدا کۆمه‌ڵگای نیۆلیتیک سه‌باره‌ت به به‌های هه‌ردوو کلتووریش ئیکۆلۆژیکه. له جیهانی مه‌عنه‌ویدا، له ئایینه‌که‌یدا ژینگه زیندووه‌و وه‌ک شکۆدارترین به‌ها پیرۆز ده‌کرێت. له هیچ قۆناخێکی مێژووی خۆیدا مرۆڤایه‌تی تا ئه‌و ڕاده‌یه له سروشت، ژیان و کۆمه‌ڵگا نامۆ نه‌بووه. به هۆی ژیانی درێژخایه‌نی بێت له‌گه‌ڵ باره تاڵانکارو به په‌ژاره‌که‌ی شارستانی ناوه‌ندی یان له‌به‌رئه‌وه‌ی به هۆکاره ساخته سروشیتهکانیشهوه له‌سه‌رووی ئه‌و ناوچانه‌وه دێت که نزیک به بیابانبوونه، کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناوین ته‌نیا به‌ده‌ست کێشه‌کانه‌وه ناناڵێنێت؛ به‌ڵکو تا ڕاده‌یه‌ک ده‌ستبه‌رداری ژیان ده‌بێت که چاره‌سه‌ر له خۆ کوژیدا ببینێت. ڕاستتر بڵێین ناچار ده‌کرێت ده‌ست له ژیان به‌ربدات.
5- کێشه‌ی چین، پله‌داری، خێزان، ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت
له مێژووی جیهاندا کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناوین به‌ر له سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاکانی دیکه ئاشنای کێشه‌کانی چین، پله‌داری و ده‌سه‌ڵات بووه. وه‌ک ده‌زانرێت یه‌که‌مین سیسته‌می پله‌داری به‌ر له ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر لاوان و ژنان ئاواکراوه. ڕێککه‌وتنی نێوان پیاوی زۆردار و فێڵباز+ شامان یان ڕاهیب + پیاوه به ساڵاچووه ئه‌زموونداره‌کان شێوه‌ی به‌رایی سه‌رجه‌م پلهداریهکان، ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته‌کانه که دواتر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. له کاتێکدا جیاوازی چینایه‌تی کۆمه‌ڵگا له خۆرهه‌ڵاتی ناویندا به دیدێت به شێوه‌یه‌کی تێکه‌ڵه له‌گه‌ڵ خێزان، خانه‌دان، ده‌سه‌ڵاتبوون و ده‌وڵه‌تبوونی فه‌رمی. چونکه کۆیلایه‌تی ته‌نیا له‌سه‌ر ڕه‌نجی ماددی ئاوا ناکرێت. به‌ر له هه‌موو شتێک له‌سه‌ر زهنیه‌ت، سۆز و جه‌سته ئاوا ده‌کرێت. تا کۆیلایه‌تی ئایدیۆلۆژی به‌دی نه‌یه‌ت کۆیلایه‌تی ڕه‌نجی ماددی په‌ره ناسه‌نێت. بۆ بینینی ئه‌و کێشانه‌ی سه‌رچاوه‌ی خۆیان له تایبه‌تمه‌ندێتییه به‌ربڵاوه‌کانی چینایه‌تیه‌وه وه‌رده‌گرن پێشاندانی هه‌ڵوێستێکی گشتگیرانه‌ی به‌وجۆره ئهزموونبهخش و فێرکه‌ر ده‌بێت.
ده‌سه‌ڵات دیارده‌یه‌که له ده‌وڵه‌ت به‌ربڵاوتره. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تیش نه‌بێت به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت هه‌بێت و بژی. هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات وه‌ک جۆرێک له پاوانه‌کانی سه‌رمایه هه‌ڵسه‌نگێندرێت. کاتێک قازانج نه‌بێت، به‌ده‌سه‌ڵاتبوون هیچ مانایه‌کی نیه. ئامانجی سه‌ره‌کی دروستکردنی ده‌سه‌ڵات قازانجه. هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سه‌ڵات وه‌ک ده‌زگایه‌کی جیاواز له قازانج لادانه. ئه‌مه‌ش بابه‌تێکی گرنگه که سۆسیۆلۆژیای رۆژئاوا خۆی له ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ده‌دزێته‌وه. چونکه پاوانه‌کان ته‌نیا له میانه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و وه‌ک سه‌رمایه ئاوا ناکرێن. به‌شی هه‌ره زۆریان له مێژوودا وه‌ک گروپ یان پاوانه‌کانی ده‌سه‌ڵات ئاوا ده‌کرێن. مه‌حاڵه به‌بێ ده‌سه‌ڵات بیر له قازانج بکرێته‌وه. ئه‌و ده‌ستنیشانکردنه بۆ شارستانیه‌تی ئه‌وروپاش په‌سنده و له جێگای خۆیدایه. ته‌نانه‌ت کاتێک پاوانه‌کانی ده‌سه‌ڵات وه‌ک ئامرازه کلاسیک و پاڵاوته‌کانی قازانج بیری لێده‌کرێته‌وه ئه‌وا ده‌توانین به شێوه‌یه‌کی باشتر مێژوو ڕاڤه بکه‌ین.
یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یه. ئه‌و پێکهاته‌و گروپانه‌ی که‌له‌سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌رۆژهه‌ڵاتی ناویندا له‌ناوبران ئه‌و داوهریهی ئێمه پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه. ئه‌و پێکهاتانه‌ی که له‌مێژووی 10000 ساڵی ڕابردوودا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا پێکه‌وه ژیاون و ئاوێته‌ی یه‌ک بوون، له‌دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیه‌وه به‌بێ ڕه‌حمانه خرانه به‌رده‌م ویژدانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌وه، کهمۆدێلێک بوو مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری وه‌ک دڕنده‌یه‌ک که هه‌ر شتێک وه‌کو قه‌ساب هه‌نجن هه‌نجن ده‌کات، له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنای.
به‌ڕاستی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ڕێک هاوشێوه‌ی ئه‌و دڕنده‌یه‌یه که له په‌رتوکی پیرۆزدا باسی ده‌کرێت و له ڕێگه‌ی درۆ و فریودانه‌وه کۆمه‌ڵگا پارچه‌پارچه ده‌کات. ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه هیچ شتێک نیه ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت که ئه‌و به‌هایانه پارچه ده‌کات که مێژوو له‌ناو یه‌كێتی و ههمهڕهنگیهکدا ئافراندوونی. مۆدێلێکه چه‌نده بتوانێت مێژوو و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگا له‌ناو ببات و نکۆڵی لێ بکات، ئه‌وه‌نده خۆی به‌سه‌رکه‌وتوو ده‌زانێت. ئه‌و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی که ڕۆڵی قه‌ساب بۆ مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌بینێت، چه‌نده بتوانێت نکۆڵی له ڕابردوو بکات و بیسڕێته‌وه، له‌جێگه‌ی ئه‌وه دامه‌زراوه سیخوڕه‌کانی سیسته‌م و زهنیه‌تی ئۆریانتالیستی جێگیر بکات ئه‌وه‌نده خۆی له‌به‌رامبه‌ر سه‌رکاره نوێیه‌که‌یدا به‌سه‌رکه‌وتوو ده‌بینێت و خۆشحاڵیش ده‌بێت. پارچه‌کردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌و ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی له‌سه‌ر ناوچه‌که به‌ڕێوه‌برا، جینۆساید بوو. له زهنیه‌ته‌وه بیگره هه‌تا ئابووری له لایه‌نی مۆدێرنیته‌و سه‌رمایه‌داریه‌وه ههڵلوشرا. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له سه‌ده‌ی ڕابردوودا له ئێراقدا ڕوویداوه هه‌ڵیسه‌نگێنین له‌و بواره‌دا زۆر وانه‌مان فێر ده‌کات و سوودبه‌خش ده‌بێت. گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تی که ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه به‌سه‌ر رؤژهه‌ڵاتی ناوینیدا هێناوه، وابه‌سته‌ی ئه‌و جینۆسایده‌یه که خه‌ڵکی ناوچه‌که ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه. گه‌لانی هه‌له‌ن، ئه‌رمه‌ن، سریان و کورد که دێرینترین فه‌رهه‌نگی خۆجێیی میزۆپۆتامیا و ئه‌نادۆڵن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زوو که‌وتنه ناو داوی میللیگه‌رایی و په‌نایان برد بۆ ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌گه‌رایی، خۆیان ڕووبه‌ڕووی له‌ناو بردن کرده‌وه.
نه‌ته‌وه‌گه‌رایی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست هه‌وڵده‌دات له‌ناو بۆته‌ی سنووری ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیدا کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌ک ڕه‌نگ و یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی دروست بکات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته کاره‌سات بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا ده‌ژین. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌گه‌رایی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری نه‌بوایه، ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته ڕووی نه‌ده‌دا. تورکێتی سپیش دروستکراوه‌یه‌کی ده‌ستی سه‌رمایه‌داریه. ناکرێت دوور له هه‌وڵدان بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه بیر له دروستکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌ک ڕه‌نگ بکه‌ینه‌وه. له‌و پارچه‌کردنه‌ی که نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌تگه‌رایی لهرؤژههڵاتی ناویندا ئه‌نجامیداوه له‌ناوبردن و توانه‌وه‌ی جیاجیای داسه‌پاندووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کورددا هاتووه به‌ته‌واوی کاره‌ساته. به‌شێوه‌یه‌کی خێرا‌و به‌یه‌کجار نه له‌ناوبردنی جه‌سته‌یی و نه له‌ناوبردنی فه‌رهه‌نگی جێبه‌جێکراوه، به‌ڵکو کورد وه‌کو بونه‌وه‌رێکی لێهاتووه که ماوه‌یه‌کی درێژ له گیانهڵادایهو په‌له‌قاژه ده‌کات. کورد لهڕهوشێکدایه که له‌دونیادا گه‌لێکی هاوشێوه‌ی ئه‌و نیه، ته‌نیا له‌ڕووی زهنیه‌وه نا به‌ڵکو له‌ڕووی جه‌سته‌ییشه‌وه پارچه پارچه بووه. ژیانی وه‌کو کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌خۆشی لێکراوه. نه ده‌توانێت وه‌کو ژیانی باو بژی نه وه‌کو ژیانی مۆدێرن. ئه‌و مافه‌شی لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه که شێوه‌یه‌کی ژیان بۆخۆی هه‌ڵبژێرێت. بێگومان ئه‌و ڕه‌وشه سه‌رچاوه‌ی خۆی له‌و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌وه ده‌گرێت که مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری دروستی کردووه. ئه‌و جوڵانه‌وه کوردیانه‌ش که له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌گه‌رایی ده‌ستیان به تێکۆشان کرد، له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داریدا یه‌کیان نه‌ده‌گرته‌وه، به‌خت یاوه‌ریان نه‌بوو و سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون. له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆشماندا ئه‌و بانگه‌شانه‌ی لهجوارچێوهی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌گه‌راییدا له کوردستانی ئێراقدا ده‌کرێت، وابه‌سته‌ی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داریه. ڕه‌نگه دهوڵهتگهراییهک که تا دوا ڕاده بچوککرابێتهوه بکه‌وێته خزمه‌تی سیسته‌مه‌وه. به‌ڵام مه‌ترسی له‌وه‌دایه هه‌ر کاتێک سیسته‌م بڵێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته یان ئه‌و بانگه‌شانه به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی من نیه، ئه‌وا ده‌رگا بۆ کۆکوژی کورد و جینۆسایدکردنی ده‌که‌وێته سه‌ر پشت.
6- کێشه‌کانی ئه‌خلاق، پۆله‌تیکا و دیموکراسی کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناوین
شیکارکردنی قۆناخی پێنج هه‌زار ساڵه‌ی شارستانی ناوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌سته‌واژه‌کانی ئه‌خلاق، سیاسه‌ت و دیموکراسی زۆر فێرکه‌ر و وانه‌به‌خش ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ته کێشه‌ی جددیی ئه‌خلاق، سیاسه‌ت و دیموکراسی له کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناوین له ئارادایه. وه‌ک پێویستیه‌کی قۆناخ و پرۆسه‌ی شارستانی ئه‌و کێشانه زۆر به‌رفراوانن. به‌ڵام زانینی ئه‌و ڕاستیه‌ش گرنگه که یاسا، سیاسه‌ت و دیموکراسی شارستانی ئه‌وروپا له ڕاده‌به‌ده‌ر بۆرژوازیانه‌یه و نوێنه‌رایه‌تی دیارده‌ی ئه‌خلاقی، سیاسه‌ت و دیموکراسی و کۆمه‌ڵگای مێژوویی و جیهان ناکات، چونکه ئه‌وه بۆرژوازی دیموکراسی نیه، به‌ڵکو به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و کورته ڕه‌خنانه، زۆر به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڵێین که پۆتانسێڵی دیموکراسی، ئه‌خلاق و سیاسه‌ت له کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناویندا به‌هێزه. هه‌بوونی کێشه‌ی جددی ئه‌خلاقی، سیاسی و دیموکراسی نیشانه‌ی به‌هێزی پۆتانسێلهکهیهتی. تا ئێستاش به‌هێزبوونی مه‌یلی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی، هه‌روه‌ها هه‌بوونی کێشه‌ی ئه‌خلاقی، سیاسی و دیموکراسی به‌هێز، له‌لایه‌که‌ی دیکه‌وه پێویستی ئه‌خلاق، سیاسه‌ت و دیموکراسی بگره هه‌بوونیشی دێنێته بیری مرۆڤ. وه‌ک پێویستیه‌کی ئه‌و ناکۆکیه دیالهکتیکیهی نێوانیان ته‌نیا به‌م شێوه‌یه ده‌شێت گوزارشت له ڕاستی بکرێت.
7- کێشه‌ی ئابووری و ئایدیۆلۆژی له کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناویندا
له بنه‌ڕه‌تدا کێشه‌ی ئابووری له‌گه‌ڵ په‌راوێزکردن و به‌ده‌رنانی ژن له ئابووریدا ده‌ست پێ ده‌کات. خودی ئابووری هه‌ر شتێکه که ده‌بێته بابه‌تی خۆراک. ڕۆڵ بینینی ژن له سه‌نته‌ری ئابووریدا خاسیه‌تێکه ده‌رکی پێ ده‌کرێت. چونکه منداڵی ده‌بێت و به‌خێوی ده‌کات. ئه‌گه‌ر ژن له ئابووری تێنه‌گات ئه‌ی کێ تێده‌گات! کاتێک به گشتی له مێژووی شارستانی، به‌تایبه‌تیش له مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داریدا ژن له ئابووری به‌ده‌ر نرا، له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره ئابووری- که پیاوه زه‌به‌لاحه‌کان زیاترین یاری پێده‌که‌ن- بوو به گڵۆڵه‌ی کێشه‌کان. ئه‌و یارییه‌ی هیچ ڕایه‌ڵه‌یه‌کی سروشتی له‌گه‌ڵ ئابووریدا نییه و ته‌نیا له ڕێگای چاوچنۆکی و داخوازی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌وپه‌ڕی هێزو قازانجه‌وه خوازیاره ته‌واوی هێزه‌کانی ئابووری له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ژن بخاته ژێر کۆنترۆڵی خۆیه‌وه، له ئه‌نجامدا ڕێگا له پێش هه‌ر جۆره هێزێکی پله‌داری، ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت ده‌کاته‌وه که وه‌ک ته‌نێکی نه‌خۆش له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا گه‌وره بێت، به‌و جۆره‌ش به قۆناخێک گه‌یشتووه که چیتر ناتوانێت به‌رده‌وام بێت. دوای ژن ته‌واوی ئه‌و توێژانه‌ی به ئابووری ڕاسته‌قینه‌وه سه‌رقاڵن له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه جوتیاران، شوانکاران، پیشه‌گه‌ران و بازرگانه بچوکه‌کان له‌لایه‌ن ئامێر و دامه‌زراوه‌کانی پاوانی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌نگاو به هه‌نگاو له ئابووری به‌ده‌رنران و به‌و جۆره دۆخ و زه‌مینه‌ی غه‌نیمه‌ت و تاڵانکاری ته‌واو ئافرێنراوه. لێره‌دا ڕووبه‌رووی بابه‌تێک ده‌بینه‌وه که پێویستی به زۆرترین ڕۆشنکردنه‌وه هه‌یه.
جیاوازی گرنگ له کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناویندا ئه‌وه‌یه که زیاده‌کانی ئابووری به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت تاڵان ده‌کرێت. له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵه ڕه‌چاو بکه‌ین که له‌شارستانی ئه‌وروپاشدا به بێ ده‌وڵه‌ت قازانج به‌رهه‌می خه‌یاڵێکه، ئه‌و کاته ده‌بینین که له دوا شیکاردا ده‌وڵه‌ت تاکه خاوه‌نی زێده (به‌رهه‌م، به‌ها)کانی کۆمه‌ڵگایه. له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت باسکردن له قازانج جگه له فریودان و ده‌ستخه‌ڕۆکردن هیچی دیکه نییه، له ده‌رئه‌نجامدا مێژووی شارستانی دیرۆکێکی دژه ئابوورییه. گشت کێشه ئابووریه‌کان وه‌ک ئه‌نجامێکی ئه‌و ناکۆکیه دێنه ئاراوه. چه‌نده ده‌وڵه‌ت، شار و چینی ده‌سه‌ڵات ده‌ستی خۆیان له ئابووری بکێشنه‌وه، به‌مانایه‌کی تر بچووک ببنه‌وه‌و ئابووری بۆ به‌رپرسیاره ڕاسته‌قینه‌کانی خۆی به‌جێبێڵن به‌و ڕاده‌یه کێشه ئابووریه‌کان ده‌که‌ونه سه‌ر ڕاسته‌ڕێی چاره‌سه‌رکردن. ئه‌م ده‌ستنیشانکردنه بۆ ئابووری جیهانگیری ڕاسته، به‌ڵام له‌وه زیاتر بۆ ژیانی ئابووری خۆرهه‌ڵاتی ناوین له جێگای خۆیدایه.
8- کێشه‌ی شۆڕش له کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی ناویندا
ئه‌و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی هه‌وڵی پێشکه‌شکردنی هێڵکاریهکهیماندا هه‌ڵبه‌ته چڕبوونه‌وه‌و ته‌رکیزکردنیان له‌سه‌ر کێشه‌ی شۆڕش مایه‌ی تێگه‌یشتنه. هه‌وڵده‌ده‌م پێناسه‌یه‌کی جیاوازتر له‌باره‌ی شۆڕشه‌وه بکه‌م. له‌لایه‌نێکه‌وه ده‌توانین مێژووی خۆرهه‌ڵاتی ناوین وه‌ک دیرۆکی دژه شۆڕش ڕاڤه بکه‌ین. دژه شۆڕش به‌رامبه‌ر به کێ؟ دژه شۆڕشێک دژی سه‌رجه‌م ئه‌و فاکته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی له سیسته‌می شارستانی به‌ده‌ر نراون. به‌ڵێ دژه شۆڕش له به‌رامبه‌ر ژن، لاوان، کۆمه‌ڵگای گوند- کشتوکاڵ، تیره و خێڵه نیمچه کۆچه‌ره‌کان، خاوه‌ن باوه‌ڕی و مه‌زهه‌به نهێنیه‌کان و به کۆیله‌کراوه‌کان. له کاتێکدا شارستانی بۆ هێزه‌کانی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی سیسته‌مێکی نوێ یاخود شۆڕشه، به‌ڵام بۆ هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کان وێرانکاری و دژه شۆڕشه. به بڕوای من شۆڕش ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵگای ئه‌خلاقی، سیاسی و دیموکراسی سه‌ر له‌نوێ و به شێوه‌یه‌کی پێشکه‌وتوانه‌تر ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی خۆی به‌ده‌ست بێنێته‌وه که به‌رده‌وام بوار‌و کرداری سیسته‌می شارستانی به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه.
له ڕاڤه‌یه‌کی واقیعیدا کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناوین له ده‌ستنیشانکردنی خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌خلاقی، سیاسی و دیموکراسی شۆڕشی چاوه‌ڕوانکراودا زه‌حمه‌تی نابینێت. له ڕووداو و گۆڕانگاریهکانهوه ده‌رکی پێده‌کرێت که سه‌رجه‌م ئایدیۆلۆژیا نه‌ریتی و مۆدێرنیسته‌کان ڕه‌وشه‌که‌یان ئاڵۆز و به كێشه‌تر کردووه. ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ش ڕاستینه‌ی پێویستی ژیانیی و دهستلێبهرنهدراوی دیموکراسی سیاسی و ئه‌خلاقی ده‌سه‌لمێنن. کێشه‌ی سه‌ره‌کی شۆڕشی کۆمه‌ڵگاکان له سیاسه‌تی دیموکراتیانه بێبه‌رین، واته له ئه‌خلاقیش بێ به‌شن، کێشه‌که‌یان به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌یه. کاتێک کێشه‌ی شۆڕش به‌و جۆره دیاری بکرێت، ئه‌وا به‌رنامه‌ی سیاسی، ستراتیژی و سه‌نگه‌رگرتنی ته‌کتیکی و هه‌نگاوی کرداری ڕاستیش به گوێره‌ی ئه‌مه ده‌ستنیشان ده‌کرێن.
پێویسته زۆر به‌باشی بزانرێت شێوه‌ی ژیانی جیاوازی به‌ر له‌شۆڕش و دوای شۆڕش جێگای باس نییه. به تایبه‌تیش بۆ شۆڕشگێڕێک به‌مجۆره‌یه. بوون به مرۆڤی کرده‌یی و چالاکی له‌گه‌ڵ خۆ ته‌یارکردنی تیۆریدا به‌دی دێت. هه‌ر که‌سێک له ژیانی رۆژانه‌دا خه‌سڵه‌ته‌کانی دیموکراتی، سیاسی و ئه‌خلاقی له گوته و کرداردا پیشان نه‌دات به شۆڕشگێڕ ناو نابرێت. ئه‌و جۆره که‌سانه نابنه خاوه‌نی ژیانێکی شۆڕشگێڕی و میللیتانی. هه‌روه‌ها ته‌نیا له میانه‌ی به‌رگری خۆیی، کۆمه‌ڵگا نابێت به چالاکوان. ئه‌گه‌ر شه‌ڕی به‌رگریکردن له خود و هه‌ر جۆره بهرخودانکارییهک له‌گه‌ڵ بونیادنانی کۆمه‌ڵگای ئه‌خلاقی، سیاسی و دیموکراسی نه‌کرێن به‌یه‌ک چانسی سه‌رکه‌وتنی هه‌میشه‌یی نابێت. وه‌ک چۆن کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا یه‌کپارچه‌یه، پێویسته شۆڕش و شۆڕشگێڕیش له ته‌واوی گوته‌و کرداره‌کانیدا به‌رنامه‌ی سیاسی، ستراتیژ و پلاننامه‌ی ته‌کتیکی له‌ناو یه‌کتردا جێبه‌جێ بکات. چونکه لێشاوی ژیان یه‌کپارچه‌یه. پێویسته شۆڕشه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین به گوێره‌ی قاڵبه‌کانی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری نه‌بێت، به‌ڵکو به گوێره‌ی به‌ها مێژوویه‌کانی خۆیان بن، به‌ڵام ته‌نیا له میانه‌ی یه‌کبوونی له‌گه‌ڵ زانستی رۆژانه‌یی سه‌رکه‌توو ده‌بێت.
9- کێشه‌ی زهنیه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا
گه‌وره‌ترین کاره‌سات بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌وه‌دایه هێزی ئافراندنی هزرو چالاکی ده‌رهه‌ق به‌خۆی له‌ده‌ستدا بێت. هێزه‌کانی پله‌داری و شارستانی که زۆر پێشتر ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته بوون، له پێشینه‌ییان داوه‌ته باڵاده‌ستی هزری که ده‌شێت به هه‌ژموونگه‌رایی ئایدیۆلۆژی ناوی ببه‌ین. لهبهردهوامکردنی هه‌ژموونگه‌راییدا به ته‌نیا توندوتیژی رۆڵی هه‌میشه‌یی نابینێت. ئه‌گه‌ر ئامانجی توندوتیژی به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ر کۆمه‌ڵگا بێت، ئه‌وا پێویستی به به‌رهه‌می زیاده هه‌یه. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگاکان رازی نه‌کرێن ئه‌وا چاوه‌ڕوانی کاری درێژخایه‌ن و فه‌راهه‌مکردنی زێده - به‌رهه‌میان لێ ناکرێت. له کاتێکدا هه‌ژموونگه‌رایی ئایدیۆلۆژی ئه‌و ڕه‌زامه‌ندیه مسۆگه‌ر ده‌کات، کۆمه‌ڵگا بۆ توانا‌و توانستێک ده‌کرێته‌وه زۆر له‌وه زیاتره که له هه‌ژموونگه‌رایی توندوتیژی چاوه‌ڕوان ده‌کران. رۆژهه‌ڵاتناسی (ئۆریانتالیزم) گوزارشتی زانستیانه‌ی ئه‌و هه‌ژموونگه‌را ئایدیۆلۆژیه‌یه که مۆدێرنیته‌ی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به خۆرهه‌ڵات و خۆرهه‌ڵاتی ناوین دایهێناوه. وه‌ک هه‌ژموونێکی هزری زۆر کاریگه‌ر رۆڵی خۆی ده‌بینێت.
پێویسته رۆژهه‌ڵاتناسی له‌چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکی بیرمه‌نده ئه‌وروپیه‌کان سه‌باره‌ت به شارستانی و کۆمه‌ڵگاکانی خۆرهه‌ڵاتی ناویندا هه‌ڵنه‌سه‌نگێندرێت، چونکه له جیاتی پێشخستنی هزری زانستی ده‌رهه‌ق به‌سروشته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان فه‌راهه‌مکردنی ڕۆشنکه‌ری خۆیان، وابهستهکردن به هه‌ژموونگه‌رایی ئایدیۆلۆژی مۆدێرنیته و به‌بنه‌ما گرتنی بونیاده زانستیه‌که‌ی مانا به‌رفراوانه‌که‌ی رۆژهه‌ڵاتناسییه. ئه‌و شۆڕش، بزاوته سیاسی و ڕه‌وته ئیدیۆلۆژیانه‌ی سه‌ریانهه‌ڵداوه هه‌ریه‌که و کۆپیه‌کی بێکاریگه‌ری نمونه‌که‌ی ئه‌وروپان. هه‌ر بۆیه‌ش کاریگه‌ریه‌که‌یان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا ڕووکه‌شانه بووه.
خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاست بۆ په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی ناوین له‌گه‌ڵ مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری، بۆ پێهه‌ڵگرتنێکی ئه‌ڵته‌رناتیڤانه ڕۆڵێکی دیاریکه‌ری ده‌بێت. به‌ر له‌هه‌موو شتێک پێویسته مایه‌ی تێگه‌یشتن بێت که مۆدێرنیته بووه به دیارده‌یه‌کی لۆکا‌ڵی یان خۆجێیی. دیارده‌یه‌کی ناوخۆییه نه‌ك ده‌ره‌کی. به‌ڵام له مۆدێرنیته‌ی ئه‌وروپا جیاوازتره. لاوازترین ئه‌ڵقه‌ی سه‌رمایه‌داری جیهانگیرییه. له‌دۆخی به‌مجۆره‌دا پێویسته له دوو هه‌ڵه نه‌گلێین. یه‌که‌میان؛ به جۆرێک مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری په‌سند بکرێت و ته‌نانه‌ت بپه‌رسترێت وه‌ک بڵێی ده‌رفه‌تی جیهان و شارستانیه‌کی دیکه بوونی نیه؛ دووه‌میشیان، به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و سه‌رتاسه‌ری بیکه‌یته دوژمن و وه‌ک سه‌له‌فیه‌کان ڕه‌تی بکه‌یته‌وه. له ده‌رئه‌نجامدا هه‌ردوو هه‌ڵوێستیش خزمه‌تی جێگیربوونی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌که‌ن.
(ش ب)