لە دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسدا چارەسەری کێشەکانی ژنان دەخرێتە ڕوو

13:11

ژنها

سلێمانی - کۆنفراسى له‌ هزرى عه‌بدوڵا ئۆجالان دا، ئاشتى و سەقا‌مگیرى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست له‌ دووه‌مین رۆژدا به‌رده‌وامه‌، ته‌وه‌رى سه‌ره‌کى ئه‌مرۆ له‌سه‌ر کێشه‌ى ژن و گرفتى هه‌بوونى ژن ، هاوکات ره‌نگدانه‌وه‌ى کێشه‌ى ژن له‌سه‌ر ئاستى سیاسى و کۆمه‌ڵاتیدا گفتوگۆکرا.

له‌باره‌ى ره‌نگدانه‌وه‌ى کێشه‌ى ژن له‌سه‌ر ئاستى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، سرود ئه‌حمه‌د سه‌ره‌کى رێکخراوى ئه‌لئه‌مه‌لى عێراقیه‌ له‌ که‌رکوک باسى له‌ بارودۆخى ژن به‌گشتى کرد و وتى :" گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ چۆن سه‌یرى مه‌سه‌له‌ى ژن ده‌که‌ین ، کاتێک ره‌وشى دایکانمان ده‌بینین زۆربه‌ى کیشه‌کانمان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ ، چونکه‌ په‌روه‌رده‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى واى لێکردووین ده‌بێت بێ ده‌نگ بیت، چاو و ده‌مت دابخه‌ى ، ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌کرێن." راشیگه‌یاند:" راسته‌ ئه‌مرۆ تا ئاستێک ژن دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگ بێت ئه‌و زهنه‌یه‌ته‌ که‌ سه‌یرى ژن ده‌کات."

باسیشى له‌وه‌ کرد که‌ هه‌ندێک چه‌مکى ئایینى هه‌یه‌ زاڵه‌ به‌سه‌ر عه‌قلیه‌ته‌کاندا و ووتى:" ده‌ڵێن، پێویسته‌ پیاو باڵاده‌ست بێت ، ده‌ڵێن له‌ژنه‌کانتان بده‌ن، له‌ژێر ناوى شه‌ڕه‌فدا ژنان ده‌کوژن، بۆ نمونه‌ له‌ پارێزگاکانى باشوورى کوردستان ئه‌و پیاوانه‌ى ناواتوانن فره‌ژنى بکه‌ن له‌شوێنه‌کانیدا بکه‌ن ، دێن له‌ پارێزگاکانى ده‌یکه‌ن ، له‌م وڵاته‌دا ده‌یکه‌ن ." ووتیشى :" به‌رپرسان ته‌نانه‌ت له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌گه‌ر ژن سه‌رکه‌وتنى پیاوتێپه‌ڕێنێ مه‌ترسیداره‌. پیاو پێى خۆش نیه‌ ژن به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت، ته‌نانه‌ت له‌ناو پارته‌ سیاسیه‌کاندا ئه‌و ژنانه‌ هه‌ڵده‌بژێردێن که‌ به‌گوێره‌ى پیاوه‌کانن، ئه‌و که‌سانه‌ هه‌ڵده‌بژێردێن که‌ که‌سوکاریان له‌ ئاستێکى باڵادایه‌."

هه‌روه‌ها سارا ئاکتاش ئه‌ندامى کوردیناسیۆنى ژنان له‌ ئامه‌د له‌ووتاره‌که‌یدا رایگه‌یاند که‌ به‌هه‌زاران ساڵه‌ ژن له‌ژێر زهینه‌یه‌تێکى پیاوسالانه‌دا ده‌چه‌وسێته‌وه‌ و ووتى:"هه‌رده‌م واده‌بینرێت که‌ ژن له‌ جه‌سته‌ى پیاودا دروست کراوه‌." باسى له‌وه‌شکرد :" به‌تایبه‌تى له‌م دووسه‌د ساڵه‌ى دواییدا هه‌ندێک هه‌وڵى رێکخراوه‌یی هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ش پشت به‌وه‌ ده‌به‌سترێت که‌ له‌ناو سیسته‌مدا کیشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام تێزه‌کانى ئۆجالان په‌نجه‌ره‌یه‌کى روونى بۆ ئه‌و بواره‌ کردۆته‌وه‌."

سارا ئاکتاش رایگه‌یاند:" بێگومان ژن له‌ناو ته‌ڤگه‌رى ئازادى و گه‌یشتنى به‌و ئاسته‌ کارێکى ئاسان نه‌بوو، ژن به‌تێکۆشانى خۆى گه‌یشتۆته‌ ئاستێکى گرنگ ، ئه‌مه‌ش له‌ژێر رۆشنایی بۆچوونه‌کانى رێبه‌ر ئۆجالانه‌، تێکۆشانى ژن قالب و چینى تێکشاند و ژن ئه‌مرۆ دێته‌سه‌ر شه‌قامه‌کان و داواى مافى خۆى ده‌کات ، ئۆجالان ژنى وه‌ک چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م کیشه‌کانى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و سیاسیه‌کان پێناسه‌کردووه‌."

راشیگه‌یاند :" رێبه‌رى ئۆجالان له‌م رووانگه‌یه‌وه‌ ئاینیش به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بینێت که‌ فه‌رمیه‌تێکى زۆر به‌ ده‌سه‌ڵاتدارى پیاوده‌دات و لێکداوه‌ته‌وه‌، رێبه‌ر ئۆجالان له‌بنه‌مادا ئازادى کۆمه‌ڵگه‌ به‌ئازادى ژن به‌ستۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها رێبه‌ر ئۆجالان بۆ چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م ئه‌و کێشانه‌ش ژنۆلۆژى خسۆته‌روو . ژنۆلۆژى وه‌ک ئه‌لته‌رناتیفێکى پێویست له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌ى هه‌یه‌ و ژن به‌ بنه‌ما وه‌رناگرێت خستۆته‌روو."

هاوکات باسیشى له‌ رۆژئاواى کوردستان و ووتى :" رۆڵى ژن له‌ رۆژئاواى کوردستان باشترین نمونه‌یه‌ که‌ تیایدا ژنان رۆڵێکى سه‌ره‌کیان گێرا و ئه‌مه‌شیان نیشانى هه‌موو دونیادا که‌ ژن ده‌توانێت پێشه‌نگ بێت."

لاى خۆشیه‌وه‌ له‌یلا ڕه‌شید ئه‌ندامى کۆنگره‌ى ستار له‌ ڕۆژئاواى کوردستان، باسى له‌ کێشه‌ى ژنان له‌ ڕۆژئاوا و سوریا کرد و ووتى: "ژنان زیاترین ئازاریان چێشتوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ٥٠ ساڵى ڕابردودا و له‌ سوریا، له‌ دواى کوده‌تاى ڕژێمى به‌عس ده‌م و ده‌زگاکانى ئاسایشى به‌عس هه‌موو کۆمه‌ڵگاى داگرت."

ئاماژه‌ى به‌ سه‌رکوتى ژنان له‌ ڕژێمى به‌عس کرد و وتی: "سیسته‌مى ڕژێمى به‌عس له‌سه‌ر بنه‌ماى یه‌ک گه‌ل، یه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌ک ئاڵا بو، ئه‌م سیسته‌مه‌ هه‌مو فره‌ڕه‌نگى کۆمه‌ڵگاى سوریاى له‌ناو برد، به‌ هۆى ئه‌م سیسته‌مه‌وه‌ جوانى پێکه‌وه‌ ژیانى گه‌لان به‌ته‌واوى له‌ ناوبرا، ژنان ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ى یه‌کێتى ژناندا هه‌بون که‌ ئه‌ویش ڕێکخراوێکى سه‌ر به‌ ڕژێمى به‌عس بو."

ووتیشى:" له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م ڕێکخراوه‌یه‌وه‌ ژنان زیندانى ده‌کران و و له‌ کۆمه‌ڵگا دوور ده‌خرانه‌وه‌، ده‌ستورى سوریا ژنانى له‌به‌ر چاو نه‌ده‌گرت و ژنانى به‌ بێ عه‌قڵ ده‌بینی، یاساکان له‌ ده‌ستوورى سوریادا دژى ژنانن، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یانویست ئیراده‌ى ژنان بڕووخێنن، زۆر به‌ربه‌ستى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ ژنان دروست کرا، ژن ده‌بوو ته‌نها له‌ ماڵه‌وه‌ بێت و بۆى نه‌بو هیچ ئه‌رکێکى کۆمه‌ڵگایى به‌ڕێوه‌ ببات."

ده‌ستنیشانیشى کرد: "ژنانى چالاک له‌ سیسته‌مى ده‌وڵه‌تى سوریادا سه‌ر به‌ ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان بون، چاره‌نوسى ژنى سه‌ربه‌خۆ و ئازاد له‌زیندان بو، ژنان ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌کران، ئه‌گه‌رچى ده‌وڵه‌تى سوریا په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانى واژۆ کردبو، به‌ڵام هیچى ئه‌نجام نه‌ده‌دران، سیاسه‌تى به‌رامبه‌ر به‌ ژنان سیاسه‌تى سه‌رکوت و دوورخستنه‌وه‌ و زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌ بو، ژن له‌ مافه‌کانى خۆى بێبه‌ش کرا، ژن ته‌نها له‌ سه‌ر کاغزهه‌بونى هه‌بوو."

باسى له‌ ڕێککه‌وتننامه‌ى عه‌ده‌نا له‌ ١٩٩٨ کرد و وتى : "بازرگانى به‌ ژن له‌ له‌ سوریا و تورکیا په‌ره‌ى ساند، چاندنى ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان و هتد... ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کى ئاسایشى عه‌ده‌نا زیانێکى گه‌وره‌ى له‌ کۆمه‌ڵگاى کورد دا".

له‌ کۆتاییه‌دا له‌یلا ڕه‌شید ئاماژه‌ى به‌ ده‌سپێکردنى چالاکیه‌کانى کۆنگره‌ى ستار کرد: "به‌ڵام کۆمه‌ڵگاى ژنانى کورد هه‌وڵیان دا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م سیسته‌مه‌دا، به‌تایبه‌ت ڕێبه‌ ئاپۆ که‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى زۆرى کرد له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگاى ژنان و توانى ڕێگایه‌ک بۆ خه‌بات بۆ ژنان نیشان بدات، یه‌کێتى ستار له‌ ٢٠٠٥ه‌وه‌ ڕێکخستنى ده‌ستپێکرد، ئه‌م ڕێکخراوه‌ توانى ژن بگه‌ڕێته‌وه‌ و خه‌بات بکات، پێویست بو ئه‌م خه‌باته‌ به‌ نهێنى بێت، له‌ ساڵانى ڕابردودا ژنانى ڕۆژئاوا توانیویانه‌ ناسنامه‌ى خۆیان له‌ سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتدار بستێننه‌وه‌، ئه‌و ناسنامه‌یه‌ى ژنان وه‌ریانگرتۆته‌وه‌ ناسنامه‌ى هه‌مو ژنانى سوریایه‌."

(ش ب)