لەسەر ڕەوشی ئۆجالان ژنان هۆشیاری دەدەنە تورکیا

09:34

ژنها

سلێمانی – له‌ کۆنفراسى ( ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست له‌هزرى ئۆجالاندا) ژنانی بەشدار بوو هەڵوێستیان بەرامبەر بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە پیشاندا و ڕایانگەیاند کە ئەوان لە کۆنفراسدا هەڵوێستیان دەبێت و ئه‌گه‌ر هه‌رشتێک له‌و باره‌یه‌وه‌ رووبدات ئه‌وا وه‌ڵامى گه‌لى کورد زۆر توند ده‌بێت.

له‌باره‌ى یاساى له‌سێداره‌دان که‌ له‌ ١٥ى ئه‌م مانگه‌وه‌ ئاکه‌په‌ باسى له‌سه‌ر ده‌کات، هاوکات ئەو ڕۆژەڤەی لە تورکیا هاتۆتە ئارا لەسەر ئەوەی ئامانجێکی کودتا چیەکان زیان گەیاندن بووە بە ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان ژنان له‌سه‌ر ناوى کۆنفراس هۆشداریان دایە‌ تورکیا و ژنان و گەلی کورد هەڵوێستی توندیان دەبێت.

تارا حوسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندهەرچی لەدەستی دەوڵەت و پلانگێرانی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی بێت، هەوڵ دەدەن بۆ لە ناو بردنی ڕێبەر ئۆجالان، دەیانەوێت گەل لە ڕێبەرەکەیان داببڕێنن، بۆ ئەوەی فیکر و ئایدۆلۆژیای نەگات. ئێمە ئەوە بە شتێکی مەترسیدار دەبینین. سەرنەکەوتنی ئەو کودەتایەش خۆی لە خۆیدا مەترسی سیناریۆکەمان پیشان دەدات لە تورکیا. دوور نیە لەوەی جارێکیتر پلانگێرانی ساڵی ١٩٩٩ دیسان کار بۆ پلانێکی مەترسیدارتر بکەن لەسەر گەلی کورد."

تار ا حوسێن جەختیشی کردەوە: "دەبێت هەرچی زووە زانیاری لەسەر ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان بدرێت، دەبێت گەلی کورد ئاگادار بکرێتەوە. چونکە گەلی کورد بە تامەزرۆیە بۆ ئەوەی هەواڵێک لەسەر ڕەوشی ئۆجالان ببیسێت. هەڵبەت من بە گرنگی دەبینم کە ئەم کۆنفرانسە لە چوارچێوەی هزری بەڕێز ئۆجالاندا سازکراوە. لەسەر تێزەکانی ئەو وتووێژ بۆ چارەسەری گرفتە بنبەستبووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت شاندێک دروست بکرێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات سەردانی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان بکات، هاوکات دەبێت بە زووترین کات شاندێک دروست بکرێت بۆ ئەوەی سەردانی هەموو ئەو باڵیۆزخانانە بکرێت، کە دەستیان لە پلانگێڕی سەر ئۆجالان هەبووە تا پێیان ڕابگەیەنرێت کە ئەوان بەر لە تورکیا لەسەر ڕەوشی ئۆجالان بەرپرسیارن و هەر شتێکی نەخوازراویش ڕووبدات ئەوا بێگومان بە هیچ جۆرێک قبوڵناکرێت.

تارا حوسێن لە کۆتایشدا ڕایگەیاند کە ئەوان وەک نوێنەرایەتی باشور لە ناو کۆنفرانسدا لە بەرامبەر ڕەوشی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە پێشنیار و هەڵوێستی تایبەتیان دەبێت. ناوبراو بانگەوازیشی لەسەرجەم گەلی کورد بەتایبەتیش ژنانی ئازادیخواز کرد لە باشوری کوردستان کە هەڵوێست بنوێنن و دەستپێشخەری بکەن بۆ چالاکیەکان.

هاوکات ئایلا ئاکات ئاتا، وتەبێژی کۆنگرەی ژنانی ئازاد(کەژا) لەو باریەوە وتی: " کاتێک بەرنامەی ئەم کۆنفرانسە ئامادە کردا، کودەتا و ئەو ڕەوشەی لە تورکیا هاتە ئاراوە لە ڕۆژەڤ دا نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی هەوڵی کودەتاش درا، جارێکیتر ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە بەشداری کردنمان لە کۆنفرانسێکی وەهادا چەندە ڕەوایە وجێگەی بایەخە. ئەوەمان پیشان دەدات کە چەندە پێویستی بە پراکتیزە بوونی هزرەکانی بەڕێز عەبدوڵڵان ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد هەیە، چەندە پێویستن بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی بۆتەوە. بۆ بەدیهاتنی کەشێکی ئارام و سەرقامگیر دەبێت بە فکری ئەو بۆ نەتەوەی دیموکراتی، وڵاتی هاوبەش، لەلایەکیترەوە ژیانێکی ئازاد و یەکسان، بە ژیانی بوونی پارادیگمای بەڕێز ئۆجالان واتای بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و ژینگە پارێزی و ئازادی ژنانە."

ناوبراو جەختیشی کردەوە: "بۆ دەرچوون لە گێژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێروانێکی هەمەلایەن پێویستە بە هۆی فرە کلتوری و فرە ئایین و ئەتنیکیەوە ئەو پڕۆژەیە دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت. لە ڕۆژئاوای کوردستان هەموومان بینیمان کە ئەو فکرە چەندە گرنگی خۆی هەیە و سەرکەوتوە. بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا لە چوارچێوەی دیدارە سنوردارەکانیدا ڕایگەیاندبوو ئەگەر سیستەمێکی دیموکراتی کە تورکیا و کوردستان نەگرێتە ناوەخۆ پێشنەخرێت، ئەوا زەمینەسازی بۆ کودەتا دروست دەبێت. بۆ ئەوەش حکومەتی سەرکاری هۆشیار کردبووەوە. بەڵام تورکیا بە کۆمەڵکوژی و سەرکوتکردن وەڵامی داوا ڕەواکانی گەلی کوردی دایەوە. ئەمەش لایەنە دیموکراتیخوازەکان قوربانی زۆریان داوە، بەڵام توکیا سورە لەسەر شەڕ و ئاڵۆزی."

ئایلا ئاکات جەختیشی کردەوە: "کاتی ئەوە هاتوە ئیتر پڕۆژەکانی بەڕێز ئۆجالان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، ناوی دیموکراسی راستەقینە ئەوەیە و هەر ئەوەش دەتوانێت تورکیا لەو کائیۆسە ڕزگار بکات. "

لای خۆشیەوە سوعاد حەسەن، ئەندامی کۆنگرەی ستار لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب، سەرەتا کۆنگرەی لە گەلی کورد پیرۆز کرد، ناوبراو بەو شێوەیە ڕووانینی و ناڕەزاییەکانی خۆی دەربڕی لە سەر ئەو مژارە: "بە گوێرەی من ئەو کودەتاییەی لە تورکیا هاتۆتە ئاراوە، پلانێکی دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغانە، ئامانج زیان گەیاندن و تۆڵەسەندەنە لە ڕێبەر ئاپۆ، ئامانج لە ناوبردن و هێرشکردنە سەر دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و بەگشتی گەلی کورد. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ نەبووایە ئێستا دەوڵەتی تورک زۆر دەمێکە لەناوچووبوو. ئەگەر بیر لەوە بکەنەوە کە زیان بگەیەنن بە ڕێبەر ئاپۆ، ئەوا هەموو گەلی کورد و بەتایبەتیش ژنان لە بەرامبەر خۆیان دەبیننەوە، ئێمە وەک ژنان زیاتر لە هەر کەسێک بە ڕێبەری خۆمانەوە پەیوەستین، بۆیە ئەگەر هەر بە ژنانیش مابێت، دەوڵەتی تورکیا سەروبن دەکەین."

سوعاد وتیشی: ئەگەر بیر لەوە دەکەنەوە لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ هۆکارێک دەبێت بۆ لەناوبردنی هزر و فەلسەفەی ئەو ئەوا زۆر بە هەڵە داچوونە، ماوەی ١٧ ساڵە لە زیندان دایە، ١٧ ساڵە ئێمە بە فکری ئەو شۆرش پێشدەخەین، ئێمەی ژنان ئازاد دەبین، نەک تەنیا ژنانی گەلی کورد بەڵکو سەرجەم پێکهاتەکانی تر ئێستا بەرەو ئەو ئازادیە هەنگاو دەنێن کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ژنان ئافراندوویە."

(ش ب)