تەرمی ٢١ ژن لە دەریای ئیجەدا دۆزرانەوە

13:03

ژنها

ناوەندی هەواڵ - تراژیدیا و کارەساتی کۆچبەران لە دەریای سپی ناوەڕاستدا بەردەوامە و زۆربەی قوربانیەکان ژن و منداڵن.

بەپێی لێدوانێکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور، زیاتر لە ٢٠٠ پەنابەر لە کەشتیەکدا کە بەنیازبوون لە تورکیاوە بچنە ئیتاڵیا لەنزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا نوقمی ژێرئاو بوون، تائێستا تەرمی 22 کەس دۆزراونەتەوە کە ٢١ لەوانە ژنن و تەنها یەک پیاوی تێدایە.

ڕێکخراوەکە لەسەر ئاماری قوربانیەکان زانیاری تەواویان بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام ڕاگەیەندراوە کە بەشێک لە پەنابەرەکان بەکەشتی پۆلیس ڕزگاکراون و براونەتە نەخۆشخانە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی کۆچی نێونەتەوەیی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە ڕوویانکردوەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ٧٩ هەزار و ٢٦١ پەنابەرن، ساڵی ڕابردووش لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵدا ٨٣ هەزار و ١١٩ پەنابەر گەیشتبوونە ئیتاڵیا.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت تەنها لەمساڵدا نزیکەی سێ هەزار پەنابەر لە دەریای سپی دا خنکاون یاخود بێسەروشوێن بوون.

(ش ب)