سالوا تونسی: ئامانجی سەرەکیمان دیموکراسیە

15:57

ئاسیا تەکین / ژنها

سلێمانی – سالوا قیقا، ئەندامی کوالیسیۆنی ژنانی تونس، ڕایگەیاند ژنانی تونس بە تێکۆشانی خۆیان لە مێژووی وڵاتەکەیاندا توانیویانە زۆرێک لەمافەکانیان دەستەبەر بکەن و وەک ژنانی تونس ئامانجی سەرەکیان بەدیهێنای دیموکراسیە.

سەلوا قیقا، ئەندامی کوالیسیۆنی ژنانی تونس و کۆردیناتیۆری ژنانی جیهان، لە کۆنفرانسی ئاشتی و سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست "له‌ هزری عه‌بدوڵا ئۆجه‌لاندا" کە لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو بەشداری کرد، سەلوا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکەمان ڕایگەیاند: " ژنانی تونس بە تێکۆشانی خۆیان لە مێژووی وڵاتەکەیاندا توانیویانە زۆرێک لەمافەکانیان دەستەبەر بکەن. سێ هەزار ساڵ لەمەو بەر شارستانی قەرتاجە لەلایەن ژنێکی تونسیەوە بونیادنرا. فرەڕەنگی کلتوری لە تونس زەمینەی ساز کرد کە دەستوورێک لە دژی فرەژنیدا دروستبێت، ئەم دەستوورە ماف بە ژنان دەدات کە چەند منداڵیان هەبێت و مافی لەباربردنیان هەبێت، لە بەندی بیست و یەکەمدا دەڵێت هاووڵاتیان لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن، لە ئەنجومەنەکاندا ژنان مافی بەشداری یەکسانیان هەیە، دەوڵەتی سەربەخۆی پاش شۆڕش زۆر مافی بۆ ژنان دابین کرد"

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد:" دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی ژنان بەتەواوی هێزەوە وەستان لە بەرامبەر یاسایەک کە ئیسلامیەکان دەیانویست پەسندی بکەن،٥٠٠ هەزار ژن ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕێگەیان بە ئیسلامیەکان نه‌دا."

سەلوا قیقا وتیشی: "ژنانی خاوەن دیپلۆم ژمارەیەیان لە پیاوان زیاترە لە تونس، یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە ئەوەیە خوێندەواری لەناو ژنان پێشبخەین بێ ئەوەی فشاریان لەسەر هەبێت. ئامانجی ئێمەی ژنان بڵنکردنی تێکۆشانە لەهەموو بوارەکانی کۆمەڵگە. بۆیە لە نێوان حکومەت و ژناندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان و هەمووارکردنی مافەکانیان رێکەوتنێکمان واژۆ کردوە."

(ش ب)