بە نامەیەک هەڕەشە لە ئۆجالان دەکرێت
17:59
ژنها
ناوەندی هەواڵ - چەتین ئارکاش کە ماوەیەک لە زیندانی ئیمڕاڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە مابوو و دواتر دوورخرابووەوەی بۆ گرتوخانەی سیلیڤری، لە نوسنێکیدا کە بۆ ڕۆژنامەی (ئۆزگور گوندەم)ی نوسیویە، باس لە نامەیەکی واژۆکراوی هەڕەشە ئامێز دەکات کە لە ئەڵمانیاوە گەشتوە بە دەستی ئۆجالان.
دوا بەدوای هەوڵی کودەتای سەربازی لە تورکیا گومان لە مەترسیەکانی سەر ئاسایش و ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر دەبێت. چەتین ئارکاش لەسەر ئەو بارودۆخەی لە ئیمڕاڵی دەگوزەرێت لە نوسینێکدا چەند زانیاریەکی نوێی گرتوخانەی ئیمڕاڵی ئاشکرا دەکات.
چەتین ئارکاش نوسیویەتی: وەک کەسێک کە ماوەی ٩ مانگ و دە ڕۆژ لە ئیمڕاڵی ماوم، بە شایەتحاڵی خۆمەوە ئەو شتانە دەگێرمەوە؛ "لە دەرەوەی چی ڕوودەدات لە ناو گرتوخانەی ئیمڕاڵیش هەمان شت ڕوودەدەن."
ئارکاش ڕووداێکی ساڵی ٢٠١٥دا کە خۆی شایەتی کردوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ئەو کاتە لە بەرلین نامەیەک بۆ ڕێبەری ئاپۆ نێردرابوو، بەڕاستی ئەو نامەیە لە بەرلین هاتبوو، یانیش واژۆیەکی بەو جۆرەی لەسەر بوو، ئینجا دیار نیە داخوە لە کوێ وە هاتبوو، تەنیا ئەوەی زانیمان نامەکە لە ئەڵمانیاوە هاتوە. رێبەر ئاپۆ ناوەڕۆکی نامەکەی بۆ باس کردین، کەسێک وەک "مەدیوم" خۆی ناساندبوو نامەکەی بەو شێوەیە نوسیوبوو:
(تا ئێستا پێشبینیەکانم بۆ دوو کەس وەک خۆی بە جێهاتوون، پێشبینیێکیم بۆتۆش هەیە، لە ساڵی ٢٠١٦دا بە هۆکارێکی سروشتی دەمریت، بێ ئەوەی دەستی دەوڵەتی تیابێت دەمریت. ئەردۆغان چانسێکی باش بوو بۆ ئەوەی بەکارت بهێنایە)
ناوبراو لە بەردەوامی نوسینەکەیدا دەڵێت: ئەو کات ڕوانینی ئێمە و رێبەر ئاپۆش ئەوە بوو کە ئەوە پەیامێکی هەڕەشە کردنە، بێگومان دەبێت منیش ئەو زانیاریە ڕابگەیەنم. ناکرێت ئەو پەیامە بە ڕێکەوت گەیشتبێتە دوورگەی ئیمڕاڵی. ئەو نامانەی دەگەیشتن بەدەستی رێبەر ئاپۆ زۆر کورت بوو. هەموو نامەکان لە گرتوخانەکان دەهاتن، خۆی لە خۆیدا هیچ نامەیەکیتریان نەدەهات. ئەگەر بهاتایەش بەدەست ڕێبەر ئاپۆ نەدەگەیشت.
ئارکاش ئەوەش دەخاتە ڕوو کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجلان ڕێبەری پەکەکە پرسیار لە بەرپرسانی گرتوخانە دەکات ئەوە چ نامەیە؟ لە وەڵامدا پێی دەلێن بە هەڵە هاتوە، ئێمە ڕێگە بەو جۆرە پەیامانە نادەین بگەنە ناو گرتوخانە بەڵام ئەوە بە ڕێکەوت هاتوە. ناوبراو جەختیش دەکاتەوە" ئەو بابەتە هیچ پەیوەندیەکی بە بەڕێوەبەرانی گرتوخانە نیە، لە سیستەمی ئیمڕاڵی هەر شتێک بە بڕیاری مەرکەزی دەستنیشان دەکرێت."
(ش ب)