ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ئاشتی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
09:11
ژنها
ناوەندی هەواڵ - دوای بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوین لە زیهنی عەبدولڵا ئۆجالاندا، لە بەیاننامەیەکدا بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەیان بڵاوکردەوە.
لە ئەنجامنامەکەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە هاتووە:"لە شاری سلێمانی بە بەشداری ٢٠٠ ئەندام لە وڵاتانی توركیا، ئێران، عێراق،, سوریا، لوبنان، تونس، فەڵەستین، باشووری ئەفریقا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەروەها باكور، باشور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان، لە رۆژانی ١٩ تا ٢١ی تەمووزی ٢٠١٦ كۆنفرانسی ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوین لە زیهنی عەبدولڵا ئۆجالان مان بە ئەنجام گەیاند، لە كۆنفرانسەكەماندا بەشێوەیەكی گشتی نوێنەرایەتی سەرجەم نەتەوە جیاوازەكان و باوەڕییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداربوو تێیدا".
هەرەها هاتووە:"لە قۆناخێكی وەها مێژووییدا كە تێیدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە بە گۆڕەپانی سێهەمین جەنگی جیهانی و كوردستانیش كە ناوەندی ئێستای جەنگی سێهەمی جیهان پێكدەهێنێت, كۆنفرانسەكەمان لە بارودۆخێكی سیاسی و مێژوویی وەهادا ئەنجام دەدەین و لەم چوارچێوەیەدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری راست و گونجاو لە كات و شوێنی گونجاودا كۆبووینەتەوە، سەبارەت بە دەستنیشانكردنی راستینەی كێشە بنەڕەتییەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانانی چارەسەری هاوبەش, شیرۆڤە و رێنماییەكانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان لە ئاستی باڵادا رۆڵ دەبینێت، لە گفتوگۆكاندا كێشە سەرەكییەكانی بەردەم هەنگاونانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو كێشانەی دەسەڵاتپەرستی، نەتەوە و نەژادپەرستی پاشڤەڕۆ، مەزهەبگەرایی، كێشەی ژن و دۆگماتیزم كە بە هەزاران ساڵە ناوچەكەیان پەلكێشی ناو كێژاو و قەیران كردووە، بە گەورەترین و بناخەییترین كێشە دەستنیشان كراون، لەگەڵ ئەمەشدا راستینەی دەوڵەت – نەتەوە كە زاڵ بووە بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تۆوی دوژمنایەتی لەنێوان گەلان و باوەڕییەكانی هەرێمەكەدا چاندووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە توانیویانە بە هەزاران ساڵ پێكەوە بژین. دەوڵەت – نەتەوە كراوە بە ئامرازێك كە ناوچەكە بكەوێتە ناو شەڕێكی بەردەوامەوە. بەو هۆكارەی هاوشانی گەلی كورد گەلی فەڵەستینیش زۆرترین ئێش و ئازاریان چەشتووە، چارەسەری ئەم دوو كێشە بناخەییەی هەرێمەكە كە بوونەتە گرێكوێرە، كاریگەری خۆی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێدەهێڵێت، هاوكات هەنگاوێكی گرنگیش لە ئاستی پێشەنگایەتیكردن بۆ ئازادی سەرجەم گەلان و باوەڕییەكانی هەرێمەكەش دەهاوێژرێت".
لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە:"نوێنەرانی گەلان و باوەڕییەكانی بەشداربووی كۆنفرانسەكەمان لە گفتوگۆكاندا بەدەستنیشانكردنی ئەو راستییەی كە بنەمای مێژوویی پێكهاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتئەستوورە بە ژیانی ئازاد و خۆسەرەوە, لێرەشەوە ئەو راستییە سەلمێندرا كە كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی راستەقینەترین مۆدێلی چارەسەرییە، سەبارەت بە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی كلتووری ژیانی رەسەنی هەرێمەكە جەختی لەسەر كرایەوە كە لە ئەزموونی رۆژئاوای كوردستاندا خۆسەری دیموكراتی بناخەگیر بە نەتەوەی دیموكراتی كە فەلسەفەی ژیانی هابەشە، بنچینەییترین مۆدێلی چارەسەرییە، بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان كە بونیادنەری ئەم مۆدێلی چارەسەرییەیە لە ئەنجامی گەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتیدا رفاندنی و مەحكومكردنی بە سیستەمی ئەشكەنجەی ئیمراڵی بێگومان راستەوخۆ گرێدراوە بەو واقیعە مێژووییەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئەم گەلەكۆمەیەی لە رۆژی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دا ئەنجامدرا نەك تەنیا دژ بە تەڤگەڕی ئازادی كورد بوو بەڵكو هەوڵدرا بە سەرلەنوێ دیزاینكردنەوەی هەرێمەكە دەستێوەردان لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات، هەر بۆیە پیلانگێڕی نێو دەوڵەتی لە كەسایەتی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالاندا لەدژی سەرجەم گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدراوە".
هەرەها دەڵێن:"لێرەوە كۆنفرانسەكەمان جەختی لەسەر دەكاتەوە كە بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان تەنیا وەك رێبەری گەلی كورد هەڵناسەنگێنێت، بەڵكو وەك بیرمەند, پێشەنگ و كەسایەتییەكی مێژوویی خۆبەختكار لە پێناو دانانی چارەسەری بۆ كێشە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و سەرجەم مرۆڤایەتی بەگشتی پێناسە كرا، بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان كە ٥ ی نیسانی ٢٠١٥ ەوە خراوەتە ژێر گۆشەگیرییەكی توند و گشتگیرەوە و هیچ هەواڵێكی لێ نابیسترێت و ماوەی ١٨ ساڵیشە لە دورگەی ئیمراڵی دووچاری سیستەمێكی ئەشكەنجەی تایبەت و بێ وێنە بۆتەوە، ئامانج لەم بە بارمتەگرتنەی ئۆجالان شكاندنی ئیرادە و نەهێشتنی زەمینەی چارەسەری دیموكراسییانەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە پێویستە دۆخی بەبارمتەگرتنی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان كۆتایی پێبهێندرێت, كە ئەمە نەك تەنیا وەك گەلی كورد بەڵكو داخوازی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرجەم هێزە دیموكراسییەكانی جیهانیش هەڵبسەنگێندرێت".
لە کۆتایی ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا هاتووە:"لە كۆنفرانسەكەماندا زۆر بە پوختی و ئاشكرایی دەستنیشان كرا كە تاكە رێگەی چارەسەری زیهنی كۆمەڵایەتی و سیستەمیانە، چارەسەربوونی كێشەی ژنە، لەلایەن سەرجەم بەشداربووانی كۆنفرانسەوە بە جۆشێكی مەزنەوە ئاماژە بەوە كرا كە تێكۆشانی ئازادی ژنی كورد ئەمڕۆ بۆتە كانگای ئیلهام بۆ سەرجەم ژنانی جیهان, ئەمەش پشتئەستوورە بە خەباتی ئازادی ژن كە بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بە رەنجێكی گەورە خوڵقاندووێتی، هەر لەم كۆنفرانسەدا بەشێوەیەكی بەرجەستە ئاشكرابوو كە لەبەرامبەر پارچەگەرێتی سەپێندراو بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، فیكر و رامانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان زەمینەی هاوبەشی و یەكێتی پێشكەش دەكات و لێرەشەوە گەیشتووین بە بڕیاربوونی پرەنسیپی و پراكتیكیانە، لەسەر ئەم بنەمایە:
١- دەستبەجێ كۆتاییهێنان بە سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی و ئازادكردنی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان كە بۆ سەقامگیری ئاشتی و دیموكراتی ناچارییەكە.
٢- لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەری نەتەوەی دیموكراتی بە چارەسەری بەردەست و گونجاو دەستنیشان دەكات.
٣- تێكۆشانی ئازادی ژن بە بنچینەییترین تێكۆشان دەستنیشان دەكات بۆ چارەسەركردنی گرێكوێرەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین و پێشخستنی دیموكراسی و ئازادییەكان.
٤- لەپێناو رۆشنكردنەوە و ئازادكردنی زیهنییەتی داخراو و چەقبەستوو، شۆڕشی زیهنی بە پێویستییەكی بنەڕەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسەند دەكات.
٥- بە لەبەرچاو گرتنی راستینەی دەوڵەمەندی باوەڕی و مەزهەبی لەناوچەكەدا كۆنفرانسەكەمان بڕوا بە ژیانی ئازادی و یەكسانی لەسەر بناخەی پرەنسیپی هاوبەشی سەرجەم دەكات و جەخت لەسەر پێشخستنیشیان دەكاتەوە.
٦- ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان كە ئەزموونێكی بناخەیی ئازادی و دیموكراسییە، بە چارەسەرییەكی جێگرەوە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسەند دەكات.
٧- سەرجەم رژێمە سیاسی و دەوڵەتە مۆناركی، دیكتاتۆر، كودەتاگەر، دیسپۆتیكەكان رەت دەكاتەوە و بەڕێوەبەرایەتی سیاسی دیموكراتییانە پەسەند دەكات.
٨- كۆنفرانسەكەمان وەك مۆدێلێكی گشتگیری راستینەی گەلان و باوەڕییە مێژوویی و هەنووكەییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی بە گرنگ دەزانێت.
٩- كۆنفرانسەكەمان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەستێوەردانی نیۆلیبراڵی جیهانی سەپێندراو بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەریی نییە و داوای رێزگرتن دەكات لەو چارەسەرییانەی پشتئەستوورە بە ئیرادەی ئازادی گەلانی هەرێمەكەوە.
كۆنفرانسەكەمان دوای ئەو گفتوگۆ چڕوپڕەی ئەنجامی دا، هاوشان لەگەڵ بڕیاردانی پرەنسیپان، جەخت لەسەر وەرگرتنی بڕیاری كردەییش دەكاتەوە لەم چوارچێوەیەدا:
١- كۆنفرانسەكەمان، هەموو ئەو هەڕەشە و هێرشانەی دەوڵەتی تورك لەدژی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بەڕێوەی دەبات وەك كێشەیەك نابینێت كە تەنیا گەلی كورد و كوردستان پەیوەندیدار بكەن, بەڵكو هەموو جۆرە هێرشێكی دژ بە بەڕێزیان وەك بە هێرش بۆسەر هەموو گەلان لەقەڵەم دەدات. كۆنفرانسەكەمان لەدژی ئەو سیاسەتی هەڕەشە و پیلانگێرییانەی دەوڵەتی تورك لەبەرامبەر بە بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان جێبەجێی دەكات، داوا دەكات شاندێكی پێكهاتوو لە نوێنەرانی جیاجیای گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی بەپەلە بچێت بۆ ئیمراڵی بۆ دیدار لەگەڵا بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان.
٢- لە دژی سیاسەتی هێرش و پیلانگێڕانەی دەوڵەتی تورك لە بەرامبەر بە بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان، بانگەوازی لەسەرجەم رێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان بەگشتی و یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان بەتایبەتی دەكات بە پەلە بۆ كۆتاییهێنان بە هەڕەشەی سەر ژیانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بكەونەخۆ و سزای پێویست بەسەر توركیادا بسەپێنن.
٣- لەپێناو بەدیهێنانی دیموكراسییەت لە توركیادا كە ئەویش بە چارەسەری پرسی كوردەوە پەیوەستە، پێویستە دەوڵەتی تورك دەستبەجێ دەست بەقۆناخی رێكەوتن لەگەڵا بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بكات و سەرلەنوێ لەسەر بناخەی رێكەوتنی دۆڵمەباخچە چارەسەری بخاتەوە رۆژەڤی خۆیەوە.
٤- بۆ چارەسەری پرسی كورد كە كلیلی دیموكراتیزەبوونی توركیایە، یەكێتی ئەوروپا، نەتەوە یەكگرتووەكان و ناتۆ لە چوارچێوەی حقوقی نێو نەتەوەییدا رۆڵی ئەرێنییانە بگێڕن و سزای پێویست بەسەر دەوڵەتی توركدا بسەپێنن تا بەپێی نۆرمە جیهانییەكانی مافەكانی مرۆڤ بجوڵێتەوە.
٥- لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵانە كۆنفرانسی تایبەت بە هزر و پێشنیازەكانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان سەبارەت چارەسەری دیموكراتیانە ئەنجام بدرێت.
٦- دووەمین كۆنفرانس لە چوارچێوەی رێنماییەكانی عەبدولڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری، لە رۆژئاوای كوردستان ساز بكرێت.
٧- بەناوی پێكهاتەكانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە كار بكرێت بۆ دەرخستنی بڕیارنامەیەك لە یەكێتی ئەوروپا كە داوای چارەسەری دیموكراتییانەی پرسی كورد و ئازادی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بكات.
٨- سازدانی كۆنفرانسی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەچوارچێوەی تێزەكانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان تایبەت بە مژاری ئازادی ژن.
٩- بۆ كۆتایی هێنان بەو سیاسەتە ناحقوقییانەی لە كەسایەتی بەڕێز ئۆجالاندا دژ بە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین دەكرێت و بۆ بەدەستهێنانی مافەكان لەسەر بنەمای مافپەروەری, بڕیاری دامەزراندنی یەكێتی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.
١٠- كاركردن بۆ گەیاندنی دۆزی حقوقی عەبدولڵا ئۆجالان بە دیوانی دادی لاهای.
١١- بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد پێویستە PKK دەستبەجێ لە لیستی تیرۆری یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا دەربخرێت.
(ش ب)