کانی کوردان

09:46

ژنها

کۆبانێ – کانیا کوردان یان کانی کوردان، یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری کۆبانێیە، هەرچەند کانیەکانیش وشک بووبن، بەڵام بۆ گەلی کورد بووە مەڵبەندی ڕزگاری.

کانیا کوردان دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ، واتا دەکەوێتە سنوری نێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان.

ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٣٠ هەزار کەسە.

ناوی گەڕەکی کانیا کوردان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی عوسمانیەکان پێیان وتوە"پناری عەرەب" ، کوردانیش گۆڕیویانە بۆ کانی کوردان. لە کانیا کوردان گردێکی بچوک هەیە پێشتر پڕ بووە لە کانی ئاو، بەڵام ئێستا ئەو کانیانە وشک بوونە.

هاوڵاتیانی گەرەکەکە دەڵێن: لە ساڵی ١٩٨٨ دەوڵەتی تورکیا لە نزیک گردەکە بیری زۆریان لێداوە ئەمەش بۆتە هۆی وشک کردنی ئەو کانیانە. هاوڵاتیان باس لەوەش دەکەن کە بەر لەوەی کانیەکان وشک ببن، هەموو ساڵێک ڕەوەندە عەرەبەکان چادرەکانیان لەسەر ئەو کانیانە دەکردەوە و مەڕوماڵاتی خۆیان ئاو دەدا.

یەکێک لە هاوڵاتیانی گەڕەکەکە شەمسە شاهینە، شەمسە وتی: "دانیشتوانی ئەوم گەڕەکە بژێوی ژیانیان بەڕێگەی کشتوکاڵەوە دابین دەکەن. پێشتر ئەو گەڕەکە پڕ بوو لە داری گەورە و هەموو جۆرە دارێکی میوە، پێشتر ئاومان زۆر بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا هەمووی وشک بووە. دەوڵەتی تورک بیری زۆریان لەو ناوچەیە لێدا کە بووە هۆی ئەوەی ئاو وشک ببێت. ئێستا وەک پێشتر کشتوکاڵی ناکرێت، چونکە ئاو نەماوە."

خانم حاجی ئەحمەد، ژنێکیتری گەڕەکی کانیا کوردانە و وتی: "پێشان ژیانمان زۆر خۆش بوو، هەموو شوێنێک پڕ بوو لە کێڵگە و باخ و باخات. مەڕو ماڵاتمان بەخێو دەکرد. ساڵ بە ساڵ ئاوەکە کەم بوو تا بەتەواوی وشک بوو. ئێستا زۆر غەریبی ئەو ڕۆژگارە دەکەین، هەمیشە باسی دەکەین."

کانی کوردان لە ٢٦ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥دا دواین شوێن بوو لە ناو شاردا لە چەتەکانی داعش پاککرایەوە. لە دوای چوار مانگ بەرخۆدانی بە بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی (یەپەگە-یەپەژە) لەسەر گردی کانی کوردان مژدەی ئازادکردنی کۆبانێ ڕاگەیاندرا.

(ش ب)