کۆبانێ: ژنان کۆمۆنی تایبەت بە خۆیان دادەمەزرێنن
10:59
ژنها
کۆبانێ – لە ڕۆژئاوای کۆبانێ ژنانی گوندی "مژکۆم" یەکەمین کۆمۆنی تایبەت بە خۆیان دامەزراند، ژنانی بە جۆشێکی گەرمەوە پێشوازیان لەو هەنگاوە گرنگە کرد کە بۆ جاری یەکەمە لە گوندەکەیان پێشدەخرێت.
لە کانتۆنی کۆبانێ لە چوارچێوەی هەڵمەتی کارو خەباتی بونیادنانەوەدا، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی "کۆنگرەی ستار" کۆمۆنی تایبەت بە ژنان دادەمەزرێن. لە گوندی "مژکۆم" کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەکە، بە رێوڕەسمێک کۆمینێکی تایبەت بە ژنان کرایەوە.
ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد، پاشان بۆ ئەوەی کۆمۆن بە ڕێکوپێکی بەڕێوەبچێت پێنج کۆمیتە سازکران لەوانە: "کۆمیتەی ئابوری، تەندروستی، پەروەردە، پاراستن، لێژنەی ئاشتکردنەوە".
لەسەر ئەو هەڵمەتەی دەستیان پێکردوە، هاوکات لەسەر گرنگی کۆمۆنی تایبەت بە ژنان، هەر یەک لە سارا خەلیل و خالیسە شێخ، ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی کۆبانێ قسەیان بۆ ئامادەبووان کرد.
خالیسە شێخ سەرەتا قسەی کرد و وتی: "وەک دەزانرێت مانگی تەمموز بۆ گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. لەو مانگەدا هەم ڕێبەر ئاپۆ هاتۆتە کۆبانێ هەمیش چەخماخەی شۆڕشی ڕۆژئاوا هەڵگیرساوە، ژنانیش لەناو شۆڕشدا ڕۆڵێکی بەرچاویان گێرا، بۆیە ئەمڕۆش بۆ ئەوەی زیاتر خۆمان بەرێکخستن بکەین و پێویستیەکانمان دابین بکەین، دەبێت هەوڵی زیاتر بدەین و تێکۆشانی خۆمان هەمیشەیی بکەین. ئەو کۆمۆنانەی ئەمڕۆش دادەمەزرێن گرنگی زۆریان هەیە سەرەتای هەنگاوێکی مێژوویە بۆ هەموو ژنان."
لای خۆشیەوە سارا خەلیل، ڕایگەیاند: "لە هەر کۆمۆنێک دا پێنج کۆمیتەمان هەیە، وەک ژنان پێویستی زۆرمان بە پەروەردە و پاراستن هەیە، هاوکات پێویستمان بە ئابوری سەربەخۆ هەیە، بۆیە هیوادارین ڕێکخستنی ژنان بە ڕێگەی ئەو کۆمۆنەوە لە گوند پێشبخرێت، چونکە پێشخستنی ژنان و ڕێکخستنی بوونیان، بە هێز بوون و ڕێکخستن بوونی کۆمەڵگەیە."
دوای ئەوەی کۆمۆنی گوند دامەزرا، وتەبێژی کۆمۆن و یاریدەدەری لەلایەن ژنانەوە هەڵبژێردران. ژنان بە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ کۆمۆنیان لە یەکتری پیرزۆرکرد و کۆتاییان بە ڕێوڕەسمەکە هێنا.
(ش ب)