ئەڵمانیا، تەقینەوەیەک لە ڕیستۆرانتێکدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

10:36

ژنها

ناوەندی هەواڵ - تەقینەوەیەك لەیەكێك لە ریستۆرانتەكانی شاری ئێنسباخ لەنزیك نۆرم بێرگ لە ئەڵمانیا روويداو بەهۆیەوە كەسێك كوژراو و 12ی تریش برینداربوون، بەرپرسی ئیداری شارەكەش دەڵێت:" تەقینەوەكە بەهۆی بۆمبێكی چێندراوەوە بووە".

بەگوێرەی هەواڵێك كە ماڵپەڕی DW ی ئەڵمانیا بڵاویكردۆتەوە، تەقینەوەكە درەنگانێكی شەوی رابردوو روویداوە، هاوكات وەزارەتی ناوخۆی باڤاریا-ش جەختی لەوەكردووە كە رووداوەكە پلان بۆ داڕێژراو بووە.

لەهەمان كاتدا پۆلیسی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەكردووە كە پێدەچێت ئەو كەسەی كوژراوە، ئەنجامدەری تەقینەوەكە بووبێت،ئەوەشی روونكردۆتەوە كە باری تەندروستی 3 لە بریندارەكان ناجێگیرە.

بڕیاربووە هەمان شەو لە هۆڵی ئاهەنگەكانی ئەو ریستۆرانتە فستیڤاڵێكی میوزك بەڕێوە بچێت، بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی ZDF ی ئەڵمانیش، ئامانجی تەقینەوەكە ئامادەبووانی ئەو فیستیڤاڵە بووە كە پێشبینی كراوە ژمارەیان بگاتە ٢ هەزارو ٥٠٠ كەس ،بەو هۆیشەوە ئاهەنگەكە هەڵوەشێندراوەتەوە.

ئەو تەقینەوەیەش لەكاتێكدا دێـت كە ئێوارەی یەكشەممە لەشاری‌ رۆیتیلنگنی‌ سەر بەویلایەتی‌ بادن فۆرتنبرگ، پەنابەرێكی سوری بەچەقۆ‌ هێرشیكردە سەر ژمارەیەك هاوڵاتی ‌‌و بەهۆیەوە ژنێك كوژراو دوو كەسی‌ تر برینداربوون.

هەینی رابردووش لەئاكامی تەقەكردنی گەنجێكی‌ ئەڵمانی‌ بەرەگەز ئێرانی‌ بەناوی‌ عەلی سۆنبۆڵدی، تەمەن ١٨ ساڵ، لەنزیك مۆڵێكی بازاڕكردن و چێشتخانەیەكی ماكدۆناڵد لە شاری میونیشنی هەرێمی باڤاریا ، ٩ كەس كوژران و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون.

١٨ی ئەم مانگەش گەنجێكی بەڕەگەز ئەفغانی تەمەن ١٧ ساڵ لەشاری ڤۆڵسبۆرگ، بە چەقۆ و تەور پەلاماری ژمارەیەك لەسەرنشینانی شەمەندەفەرێكی داو بەهۆیەوە ژمارەیەك سەرنشین بریندار بوون، دواتریش پەلاماردەرەكە لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا.

رۆژی ١٩ی هەمان مانگ رێكخراوی تیرۆرستی داعش رایگەیاند، ئەو كەسەی پەلامارەكەی شاری ڤۆڵسبۆرگ-ی ئەنجامداوە، چەكدارێكی ئەو رێكخراوە بووە .

(ش ب)