سوتاندنی سروشت و دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامانجی سیاسی و سەربازیان لە پشتە
13:12
سۆما مەهابادی / ژنها
مەهاباد- سروشتی کوردستان جگە لە دروستکردنی بەندا و لەناو بردنی کانیەکان وەک کانی بڵ، بە دەست پێکردنی وەرزی گەرما دەکەوێتە بەر هێرشی ئاگر و سوتاندن. لە سەرەتای ئەم ساڵ زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە ڕاگەیاندراوە. هاوڵاتیانیش ڕادەگەیەنن کە ڕژێم بە مەبەست ئەم ژینۆسایدە ژینگەییە ئەنجام دەدات.
ئەوە لەکاتێکدایە ساڵانە زیاتر لە سەدان هیکتار لە دارستانەکان و لێڕەوارەکان بە هۆی ئاگرەوە دەسووتێندرێن. ڕۆژ نیە لە ناوچە جیاوازەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵات هەواڵی ئاگر کەوتنەوە نەگاتە ژینگە پارێزەکان هەر بۆیەش بە زووترین کات ڕێخراوە ژینگە پارێزەکان وەک ئەنجوومەنی سەوزی چیا و شنەی نەوژین دەستیان بە ڕێکخستن کردنی تیمە ئاگر کوژێنەوەکان کرد، بۆ ئەوەی کە بەرەنگاری ئەو ئاگر کەوتنەوانە ببنەوە. نیشتمان پەروەرانی ڕاستەقینەو وڵاتپارێزان بەردەوام هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگریان داوە بە بێ ئەوەی ژیانی خۆیان لەبەر چاو بگرن و گوێ بە مەترسیەکانی سوتان بدەن.
بە پێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ڕژیمی ئێران لە ئاگر تێبەردانی ناوچە سنوریەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ. عەلی ئەشرەفی مورادی لە لێکۆڵینەوەک سەبارەت بەم بابەتە دەڵێ: رژیمی ئێران هەموو کات بۆچونێکی ئەمنی سەبارەت بە ڕۆژهەڵات هەیە بە لە بەرچاو گرتنی جموجۆڵی هێزە کوردیە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە بەهانەی ڕێگری کردن لە جوڵانەوەی ئەو هێزو لایەنانە دەشت و چیای هەرێمەکان دەسوتینن تا ڕێ لە هاتوو چۆیان بگرێ. ئەوە لە حاڵێک دایە کە سەرچاوەی زۆربەی پێداویستیەکان و دابین کردنی بژێوی ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە پوش و پاوەن و دارستانە بەڕوەکانی زاگرۆس پێک دێت.
هێشتا یەک مانگ لەوەرزی بەهار مابوو کە لە ٢٦ گوڵان دا ئاگر کەوتنەوە دەستی پێ کرد وسەرەتا لە ناوچەی ئالانی شاری سەردەشت. دووەەم حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە لە وەرزی بەهار لە ناوچەی شنۆ تۆمار کرا کە بە تێکۆشانی ژینگە پارێزان کۆنتڕۆل کرا. شەپۆلی ئاگر کەوتنە کان وردە وردە بەرەو پارێزگای کوردستان چوو سێیەمین حاڵەتی ئاگر کەوتن لە شاری بانە تۆمار کرا. ڕێکەوتی ٣ جۆزەردان بوو کە ژینگە پارێزانی مەریوان ئەو هەواڵەیان پێ گەیشت کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژان دا ٥ جارئاگر لە شوێنە جیاوازەکانی ناوچەکە ئاگر کەوتۆتەوە. لە ڕێکەوتی ٦ جۆزەردان شەپۆلی ژینۆسایدی ئاگر تێبەردان گەیشتە دارستانەکانی ئیلام و لێڕەوارەکانی ناوچەی ماژینی سەر بە دەرشارکە بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام بوو، ناوەندە حکومیەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کەمتر خەمیان کرد و گرینگیان بەم بابەتە نەدا. شایانی باسە کە دارستانەکانی ئیلام لە ماوەی دوو مانگ بە بەردەوامی لە شوێنی جیاواز وەک ئەناران ئاگری تێبەردرا.
ڕۆژی هەینی ٨ جۆزەردان دارستانەکانی سەلاسی باوەجانی بووبە ئامانج کە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام ئاگری تێبەر درا و زیاتر لە ١٨٠٠هیکتار دارستانی سروشتی و پوش و پاوەن بوون بە خەڵوز، بێگومان هاوکاری نەکردنی لایەنە پەیوەندی دارەکان ئەو ئاستی زیانەکانی ئێجگار بردە سەرەوەو برینەکان لە جەستەی ژینگە قوڵتر کردەوە، بەڵام دواجار تێکۆشانی خەڵک لە ئەنجام دا ئاگرەکەی کۆنتڕۆڵ کرد. دواتر لە ڕۆژی ٩ جۆزەردان ئاگر لە دارستان و لەوەڕگاکانی شاری نەوسوود کەوتەوە کە بۆ ماوەی شەوێک بەردەوام بوو، وە تەنها خەڵکی ناوچە کە هەوڵی کوژادنەوەی ئاگریان دا و چوار حاڵەتی ئاگر کەوتنە وە تۆمار کرا لەو ناوچەیە.
ئەو ئاگر خستنەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو زیاتر دەچوو ئەو کات سەوڵاواشی گرتەوە دواتر گەیشتە شاری سنە و چیای ئاویەر و تەپەی ڕوست تووشی خەسارێکی گەورە بوون. هەر لەو ماوەیەش دا ئاگر تێبەردانی ناوچەکانی کرماشانیان دەست پێ کرد. لە ڕۆژی جیهانی ژینگە ١٥ جۆزەردان ئاگر کەوتە گووندی سێف-ی سەر بە شاری مەریوان. لە ڕێکەوتی ١٦ جۆزەردان لەلایەن دوژمنانی ژینگەو ژیان و نیشتمان ئاگرێکی بەرین بەردرایە لێڕەوارەکانی نزیک بە نداوی داریان کە بەنداوی داریان خۆی پڕۆژیەکە بۆ قڕ کردنی ڕوباری سیروان و قڕ کردنی کانی بڵ کە سەرچاوەیەکی دیرۆکی کوردانە، بە پێی وتەی یەکێک لە هاووڵاتیانی ئەم ناوچەیە وێڕای سێ کاتژمێر ئەو ئاگرە درێژەی هەبوو هیچ ناوەندێکی حکومی بەهانای خەڵکەکەوە نەچوون و هیچ کارێکیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەکردووەو تەنها ئەنجوومەنی ژیواری شاری پاوە بە هاوکاری خەڵکی ئەم ناوچەیە ڕێگای لە زیاتر تەشەنە سەندنی ئاگرە کە گرت.
لە ڕۆژی ١٧ جۆزەردان لە گوندی مشجەر لە دەوەری گیلان غەرب سەر بە پارێزگای ئیلام ئاگر لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە بەر درا کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٥ هیکتار بەهۆی ئەم ئاگرەوە سوتا. هەروەها لە ١٨ جۆزەردان دیسان گوندێکی تری مەریوان بە ناوی بێلو کرایە ئامانج و ئاگر لە دارستانەکانی سنوری گوندەکە بەردرا، ڕۆژی چوارشەممە١٩ جۆزەردان بۆ جاری دووهەم ئاگر لە لێرەوارەکانی قەڵای ئیمام سەر بە شاری مەریوان بەردرا. رۆژی ٢٠ جۆزەردان ئاگر کەوتە دارستانە کانی گووندی بۆیەن-ی سەر بە شاری بانە. بە پێی هەواڵی ماڵپەری ژینگە پارێزانی پاژین، ٣ هیکتار لە لێرەوارەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگر دا سووتاوە. لە ڕۆژی ٢٢ جۆزەردان ناوچەی سەرشیوی مەریوان گوندی ماسێر بووبە ئامانج و خەسارێکی گەورە بە ژینگەی ناوچەکە گەیشت و نیزیکەی ٥ هیکتار سووتا. هاوکات کێوی کوچکە ڕەشی سنە ئاگری تێبەردرا. دواتر دارستانەکانی شاری پاوە بووبە ئامانج و لە ڕێکەتی ٢٤ جۆزەردان کەوتە بەر هێرشی ئاگر کە لە ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوامی دا ٣٠٠ هیکتار لە لێرەوارەکانی ناوچەی پاوەی سووتاند تا ئەو ڕادەیە کە ژینگە پارێزانی پاوە ڕایگەیاند کە قەیرانەکە لە ئاستێکی مەترسی دار دایەو داوای لە ڕێخراوە ژینگە پارێزەکانی شارەکانی تر کرد کە بە هانایانەوە بچن. لەو بارەیە ماڵپەری مافی مرۆڤ بڵاوی کردەوە کە بە هۆی بەرز بوونی بڵێسەی ئاگرەکە فڕۆکەی ئاگر کووژێنەوەی مانگی سووری پارێزگای کرماشان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی داوە، ئەوە لە کاتێک دا بوو کە هێزەکانی سوپای پاسداران لەو ناوچانە دا هۆکاری ئاگرت کەوتنەوەکە بوون و بەو هۆیەوە بەشێک لە جەستەی هاوڵاتیەک بەناوی عادل سەید زادە سوتا.
هێشتا ئاگرەکەی پاوە نەکوژابۆوە کە ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی بانە بەردرایەوە. لە ڕوداوێکی هاو شێوە دا دارستانەکانی گوندی داریان دیسان سوتێندرانەوە؛ بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتیانی ئەم گووندە کاتێک لە لایەن ژینگە پارێزانی ئەم ناوچەیە هەوڵ دراوە ئاگرەکە بکووژێنرێتەوە هێزەکانی سوپا ڕێگریان لێ کردوون و زیاتر لە ١٠ هیکتار سووتاوە.
لە ٢٧ جۆزەردان ناوچەی سەردۆش کراوەتە ئامانج و ٣ هیکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە سووتاوە. لە لایەکی ترەوە تۆپباران کردنی کوێستانەکانی شاری سەردەشت لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە سەرەڕای لەناوچوونی دەیان ئاژەڵ و پەلەوەری کیوی زیاتر لە ١٠ هێکتاری دارستانەکان سوتاوە. ڕۆژی ١ پووشپەڕلە زنجیرەی ئاگر خستنەوەکاندا شاخی شاهۆ لە ناوچەی هەورامانی سەر بە شاری پاوە ببوو بە ئامانجی ئاگری نەیارانی ژینگە کە ٨ کاتژمێری خایاند و بە دەست و شانی خەڵکی ناوچەکە کوژێندرایەوە کە بەداخەوە ١٥٠ هیکتاری سووتاندبوو. ڕۆژی ٢ پووشپەڕ ئاگر لە لێرەوارەکانی گوندی موژی سنە و چەم شاری سنە لە دڕکە بەردرا کە بە وتەی شایەد حاڵان هۆکاری ئەم ئاگر کەوتنەوەیە هێزە سەربازیەکانی ڕژێمی ئێران بوون لە سەربازگەی دڕکە.
ڕۆژی ٣ پووشپەڕ بۆ چەندەمین جار ئاگر کەوتە ناوچەی شا ئاوای سەر بە پارێزگای کرمانشان و خەسارێکی زۆری لە زەوی و زار و باغاتی دەشتی هرسمی گەیاند و زیاتر لە ٧ کاتژمێر بەردەوام بوو. هەر لەو ڕۆژە دا بۆ جاری دووهەم ئاگر لە دارستانەکانی قەڵای ئیمامی مەریوان بەردرا .هەروەها سەوڵاواو کۆساڵان بە هۆی تۆپبارانی ڕژیمەوە ڕووبە ڕووی ئاگر کەوتنەوەیەکی فراوان بوونەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژان درێژەی هەبوو. بووبە هۆی لە ناو چونی ٢٠٠ هیکتار . ڕۆژی ٧ پووشپەر زنجیرەی ئاگر تێبەردانەکان گەیشتە کامیاران و ڕێژەیەکی بەرچاوی دارستانەکانی گوندی بڵۆجە شاخ سووتا کە بە یارمەتی خەڵک و چالاکە ژینگە پارێزەکان کۆنترۆڵ کرا. هاو کات ئاگر ناوچەی شەمامی جوانڕۆی گرتەووە خەسارێکی زۆری بە ژینگە گەیاند.
لە درێژە دا بەردەوامی ئاگر کەوتنەوە بۆکانیشی کردە ئامانج زیاتر لە ١٠ هیکتار لە لێرەوارەکانی گوندی کەرێزە ومەحممود ئاوا ببوبە ئامانج. ئەو ئاگر کەوتنانە تا ئەوڕۆ شارەکانی پیرانشار، مەهاباد، سەقز، دارستانەکانی قەڵاگای ڕەوانسەر، چیای سوڵتان یاقووب، قەڵاتووکی شاری شنۆ، دارستانەکانی مەرگەوەڕ، ئاویەر، سفید کوە ی لوڕستان، جوانڕۆ، هەرێمی تاقی بۆستانی کرماشان کە ئاسەوارێکی مێژوویە تا ئێستا دوو جاری ئاگر تێبەر بووە. شایانی باسە کە زیاتر لە ٢٠ هیکتار دارستانەکانی تاوی بۆستان ئاگری تێبەر بووە.
هاوڵاتیان و ژینگە پارێزانیش لەو بارەوە نیگەرانن و ڕادەگەینن کە ڕژێمی ئێران بە مەبەست ئەو ژینۆساییدیە ژینگەییە ئەنجام دەدات، چونکە جگەلە گەرمای کەش و هەوا کە ڕژیم کردوویەتی بیانو بۆ هۆکاری ئاگر کەتتنەکان سوپای پاسدارانی ئێران لەو ژینۆسایدە ژینگەییە ڕۆڵی سەرەکی هەیە تا ئێستا هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە باشترین شێوە هاوکاریان کردووە کە ئاگرەکان لە هەرکوێ بێ بکوژێننەوە لە و بابەتەدا ماندوو نەناسن.
ژینگە پارێزێکیش بە ناوی (ئاشنا ئازادی) وتی: " ئامانجی سەرەکی رژێمی ئێران زاڵ بوونە بەسەر جوگرافیای هەرێمەکە، هاوکات زیانگەیاندنە بە کەلتور و سروشتی کوردان. چونکە دەیانەوێت بە هۆی نەهێشتنی دارستان گوندنشینان ناچاری کۆچبەری بکەن."
چالاکێکی مافی مرۆڤیش کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، لەو بارەیەوە وتی: "ئامانجی سیاسی و سەربازی لە پشت تاڵانکردن، سوتاند و هێرشەکانی سەر ژینگەی کوردستانە، چونکە ئەگەر سەرنج بدەین، زۆربەی ئەو ناوچانە جموجۆڵی بزاڤی رزگاریخوازی کوردی لێ چالاک بووە، هاوڵاتیانی هەمیشە خاوەن هەوڵوێست بوونە و بەردەوام داوای مافەکانیان کردوە."
هەر وەها هونەرمەندەکان بە خوڵقاندنی بەرهەمی هونەری بە فریای ژینگە پارێزان و خەڵک هاتوون تا ئەو ژینۆ سایدە زۆرتر زەق بکەنەوەو بیدەن بە گوێی هەرکەسێکداو نیشانی هەموو لایەکی بدەن. وەکو ژینگە پارێزەکان دەڵێن؛ با دەنگی دارستانەکان بین.
(ش ب)