جانت بێل: شێوەی ئەو ژنانە دەکێشم کە لە دژی داعش شەڕ دەکەن
10:57
ژنها
ناوەندی هەواڵ – ژنە نوسەر و ژینگەپارێزی ئەمریکی بە ناوی جانت بێل، کە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نزیکەوە چاودێری ئەو ژنە تێکۆشەرانە دەکات کە لە بەرامبەر چەتەکانی داعش بەرخۆدانی دەکەن، بە ئەو تابلۆیانەی دروستیان دەکات بەرخۆدان بۆ هەمیشە بە زیندووی دەهێڵێتەوە.
وەک هەموو ژنانی جیهان کە سەرسامی تێکۆشانی بە هێزی ژنان بوون لە ڕۆژئاوای کوردستان، جانت بیهەل ژنە نوسەر و ژینگەپارێزی ئەمریکی ماوەیەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نزیکەوە چاودێری تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا دەکات و چەندین بەرهەمی شێوەکاری بۆ ژنانی ڕۆژئاوا دروستکردوە.
جانت دەڵێت: "شێوەی ژنان دەکێشم، ئەو ژنانەی لە دژی چەتەکانی داعش تێکۆشان دەکەن و ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پێشەنگایەک دەکەم."
جانت بێل، شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشێکی نمونەیی پیشان دەدات و دەڵێت: "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی وڵاتانی جیهان دابونەریتەکانی کۆمەڵگە بەسەر ژنان دەسەپێنرێن، بۆ نمونە لە تەمەنێکی بچوک هاوسەرگیریان پێدەکرێت، ڕووبەڕووی زوڵم و ستەم دەبنەوە، لە هەندێک کۆمەڵگەدا ژنان تەنیا دەتوانن منداڵیان ببێت. هیچ شتێکیتریان بۆ نەماوەتەوە، بەڵام شۆڕشی ڕۆژئاوا لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتیەوە نمونەیە."
جانت باس لەوەش دەکات کە ژنان کاتێک بەشداری ناو ڕیزی شەڕڤانانی "یەپەژە" دەبن، خۆیان لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕزگار دەکەن. هەروەها دەڵێت: "لە تەنیشت شەڕکردن ژنان ژیانێکی نوێ بونیاد دەنێن، لە ڕۆژئاوا ژنان لە گەلان و باوەڕی جیا جیاوە هاتونەتە لای یەکتری، ئەوەش هێزێکی مەزنی خوڵقاندوە. ژنان لە هەر سێ کانتۆنی جزیر، عەفرین و کۆبانێ خاوەن ڕێکراو، دەزگا و ئەنجومەنی خۆیانن."
جانت بیل لە کۆتایشدا دەڵێت: "ئایدۆلۆژیای (پەکەکە) بۆ یەکسانی ڕەگەزی لە جیهان پێویستە، دەستخۆشی و پیرۆزبایی لەو هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە ئەوینداری تێکۆشانی ئازادین. منیش بە شێوەکاریەکانم دەمەوێت شۆڕشی ڕۆئاوا بە زیندووی بهێڵمەوە، شێوەی ئەو ژنانە دەکێشم کە لە بەرامبەر چەتەکانی داعش شەڕ دەکەن، ئێستاش ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پێشەنگایەکی شێوەکاری دەکەم."
(ش ب)