"کۆمەڵکوژی تل عەران و تل حاسل لە قێزەونترین کردەوەکانی دژی مرۆڤایەتی بوو"

12:32

ژنها

سلێمانی – ژنان کۆمەڵکوژی تل عەران و تل حاسل وەک یەکێک لە کردەوە هەرە نامرۆڤانەکانی چەتەکانی داعش لە بەرامبەر مرۆڤایەتی بە ناو دەکەن.

دوێنێ لە شاری سلێمانی، سێیەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی تل عەران و تل حاسڵ بە مەراسیمێک بیر هێنرایەوە، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کە بەشداریان لە مەڕاسیمەکەدا کرد، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

سەرەتا جیهان خەلیل نوێنەری "کۆنگرەی ستار" لە شاری سلێمانی ئەو کۆمەڵکوژیەیی بە توندی ئیدانە کرد و وتی: "کۆمەڵکوژی تل عەران و تل حاسل لە بەرامبەر هەموو ئەو گەلانە پێکهات کە ئیرادەی خۆیان تەسلیم بە دووژمن نەکردوە، نەک تەنیا لەو شوێنە بەڵکو لە هەر شوێنێک کە گەلان بەرخۆدانیان بە بنەما گرتبێت و داوای ناسنامە و ئازادی خۆی کردبێت، هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە کۆمەڵکوژیانە بۆتەوە. لە تل عەران و تل حاسلیش چەتەکانی داعش لەگەڵ هەندێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان ویستیان کۆمەڵکوژی گەلان بکەن، کۆمەڵکوژی تل عەران و تل حاسڵ یەکێک لە قێزەونترین کردەوەکانی دژی مرۆڤایەتی بوو."

جیهان خەلیل وتیشی: "ئێمە وەک کۆنگرەی ستار ئەو کۆمەڵکوژیە جارێکیتر بە توندی شەرمەزار دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ هەر گەلێک دەردەبڕین لە هەر شوێنێک ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و زوڵم و چەوساندنەوە دەبێتەوە."

هەروەها ژنێکی خەڵکی شاری تل حاسڵ بە ناوی موفیدە ئەحمەد، وتی: هێرشێکی سەخت بوو بۆ سەر گەلەکەمان، لەو کۆمەڵکوژیەدا برایەکم شەهیدبوو زۆرێک لە ئەندامانی خانەوادەکەم شەهید بوون، هەروەها لە گوندەکەمان زۆر کەس شەهید بوون، برایەکەم نەیوستبوو ماڵەکەی بە جێبێڵێت بۆیە تا شەهید دەبێت بەرگری دەکات. داعش بۆ ئەوە هاتبوو کوردان لە کۆمەڵکوژ بکات، دەیوست کوردان لەو هەرێمە بسڕێتەوە.

هاوکات بێریڤان ژنێکیتری ڕۆژئاوای کوردستانە وتی: "ئەو کۆمەڵکوژیە شەرمەزار دەکەم، سەرکەوتن بۆ گەلی کوردە، هیوادارم بە زووترین کات ڕێگەی نێوان عەفرین و کۆبانێ بکرێتەوە. داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی دێت."

کۆمەڵکوژی تەل عەران و تل حاسڵ لە لە ٢٧ ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٣ لەسەر دەستی چەتەکانی داعش و جەبهە ئەلنوسرا لە باکوری شاری حەلەب ئەنجامدرا لە ئەنجامدا زۆربەیان کورد بە سەدان هاوڵاتی کۆمەڵکوژ کران و بە هەزاران هاوڵاتیش دووچاری کۆچبەری و دەربەدەری بوونەوە.

(ش ب)