گولتان کشاناک: دەبێت لە ٣/ی ئاب ژنان بەیەک دەنگ بڕژێنە لە مەیدان

11:53

بێریتان ئالیاکوت / ژنها

ئامەد – هاوسەرۆکی شارەوانی شاری ئامەد بانگەوازی لە سەرجەم ژنان دەکات کە ڕۆژی ٣/ی ئاب بەشداری بکەن لە چالاکی بێدەنگی و بەیەک دەنگ برژێنە مەیدانەکانی چالاکی.

گولتان کشاناک، هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی شاری ئامەد لەسەر ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال و ئەنجامدانی چالاکی هاوبەشی ژنان، بۆ ژنها قسەی کرد و سەرەتا یادی قوربانیانی ئەو کارەساتەی بەرز ڕاگرت و جارێکیتر ئەو کۆمەڵکوژیەی شەرمەزار کرد.

ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو کۆمەڵکوژیە و وتی: "ئەوەی لەدژی ژنانی ئێزیدی ئەنجامدرا، بەرامبەر هەموو ژنانی جیهان ئەنجامدراوە. بۆیە دەبێت لە ٣/ ی ئاب هەموو ژنانی جیهان بەشداری بکەن لە چالاکی بێدەنگی بۆ یادکردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژیە."

ناوبراو وتی: "نزیکەی ٥ هەزار ژنی ئێزیدی ڕفێنران و وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ کرا، بۆ ئازاکردنی ئەو ژنانە پلاتفۆرمی تێکۆشانی ئازادکردنی ژنانی بەدیل گیراو دامەزرا. بە هۆی ئەو پلاتفۆرمەوە کاروخەباتی زۆر کراوە بۆ ئەوەی ئەو ژنانە لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار بکرێن، تا ئێستاش ژمارەیەک زۆری ژنان ڕزگار کراون، بەڵام هێشتاش ٢ هەزار ژن لە دەستی چەتەکانی داعش دان."

گولتەن کشاناک لە بەردەوامی وتەکانیدا وتی: "ئەگەر داعش ئایین، هێز، پارە، دەستدرێژی و سوتاندن بەکار دێنێت، ئەوە بە واتای تەقینەوەی داگیرکەری ئەقلیەتی سەردەستی پیاوسالاریە کە هێزی داعشی خوڵقاند. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان بەتایبەت دەکرێنە ئامانج چونکە ژنان لە سەر ئەو خاکە خاوەنی مێژووێکی بەرخۆدانین، بۆیە ژنانی شەنگال بە بونیادنانی هێزی بەرگری جەوهەری وەڵامی ئەو هێرشەیان دایەوە."

گولتان کشاناک، هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی شاری ئامەد لە کۆتایشدا بانگەوازیەکی ئاراستەی سەرجەم ژنانی جیهان بەتایبەتیش ژنان کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد کە بەشداری چالاکی بکەن و وتیشی: "بێدەنگی بەرامبەر ئەوەی بەسەری ژنانی ئێزیدی هاتوە واتای قبوڵکردنی کۆیلایەتی مرۆڤایەتیە. نابێت ژنان ئەو کۆیلایەتیە قبوڵ بکەن. ئێمەش لە دژی سیاسەتی بە کۆیلە کردن پەرە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین. بانگەوازی لەسەر جەم ژنانی جیهان دەکەین لە ٣/ی ئاب بڕژێنە مەیدانەکان و ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی تێکۆشان لە دژی کۆمەڵکوژی ژنان بناسێنین دەبێت لەو ڕۆژە ژنان بەیەک دەنگ بڕژێنە مەیدانەکان."

٣/ی ئاب ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی سەر شەنگالە، بۆ ئەم ساڵ ئەنجومەنی ژنانی شەنگال بانگەوازیان لەسەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنانی جیهان کردبوو کە لەو ڕۆژەدا چالاکی هاوبەش ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی کۆمەڵکوژی سەر ژنان بناسرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە چالاکی بێدەنگی لە هەرچوار پارچەی کوردستان، تورکیا، وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام بدرێت. یەکێک لەو رێکخراوانەی کە ئامادەکاری ئەو چالاکیە دەکات بە شێوەیەکی چالاک پلاتفۆرمی تێکۆشانی ئازادکردنی ژنانی دیلی دەستی داعشە.

(ش ب)