ڕۆناک محەمەد: باشترین هاوکاری بۆ شەنگال ئازادکردنی ژنانی بەدیل گیراوە

09:55

ژنها

سلێمانی – چالاکوانێکی بواری ژنان ڕادەگەیەنێت کە ئەوەی پێویستە ئێستا بۆ شەنگال بکرێت، ئازادکردنی ژنانی دیلی دەستی داعشە.

ڕۆناک محەمەد ئەندامی ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان، لەسەر لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال و هۆکاری بە ئامانج گرتنی ژنان لەناو کۆمەڵکوژیەکە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد، ڕۆناک ڕایگەیاند: " لە مێژووی ژنانی کورد دا ٣/ ی ئاب ڕۆژێکی ڕەشی تاڵە، لەو ڕۆژەدا بە هەزارن کەس ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی بوونەوە. هەڵبەت لە مێژووی ژنانی کورددا ئەوە یەکەم کۆمەڵکوژی، تیرۆر و ئیهانە نیە. دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین ئایا بۆچی ژنانی شەنگال بە ئامانج گیران؟ هەڵبەت من ناتوانم بڵێم باگراوەندێکی ئایینی لە پشتە، چونکە ئایینی ئیسلام بریتیە لە ئاشتی، خۆشگوزەرانی، دادپەروەری و یەکسانی و پێکەوە ژیان. ئەوانە دژ بە ئایینی ئیسلام دروست بوون بۆ ئەوەی فەڕق و جیاوازی بخەنە نێوان باوەڕیەکانەوە. "

ناوبراو بیریشیخستەوە کە بە هەزاران ژن لە ژێر دەستی چەتەکانی داعش ماونەتەوە و وتیشی: "ئەوەی جێگەی داخە بە گوێرەی سەرژمێریەکان تا ئێستاش بە هەزاران ژن لە دەستی چەتەکانی داعش ماون، من لێرە پەیامم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە، چیتر بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ شکۆی ژنانی کورد نەکرێت، داوا دەکەم بە هەر جۆرە ڕێککەوتن، یان هەوڵدانێک بێت کار بۆ ئازادکردنی ژنانی دەستی داعش بکەن و بیانگەڕێننەوە سەر زێدی خۆیان، چونکە ئەوەی ئێستا بۆ شەنگال پێویستە ئازادکردنی ژنانی دیلە لە دەستی داعش."

ڕۆناک محەمەد، لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوانیش وەک ڕێکخراوی یەکگرتویی خوشکانی ئیسلامی بەشداریان کردوە لە کۆبوونەوەی پشگیری کردنی بانگەوازی ژنانی شەنگال.

ڕۆناک محەمەد ئەندامی ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان، لە کۆتایشدا جەختی ئاماژەی بەوە دا کە چالاکیەکان گرنگی خۆیان هەیە و وتیشی: "لە ڕۆژی ٣/ ی ئاب لە شاری سلێمانی چالاکی گربوونەوە ئەنجام دەدەین، هاوکات لێژنەیەک پێکدەهێنین لە ٤/ ی ئاب لێژنەیەک پێکدەهێنین بۆ ئەوەی سەردانی ژنان لە شەنگال بکەین تا لە نزیکەوە پاڵپشتی خۆمانیان بۆ دەرببڕین."
جێگەی ئاماژەیە کە دوو ساڵ لەمەوبەر چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری شەنگال و هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە لەوێ باڵادەست بوون، بە فەرمانی سەرکردایەتی پارتەکەیان شەنگالیان بە جێهێشت، ئەوەش بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی، کۆچبەر بوونی سەدان هەزار کەس و بە دیلگیرانی هەزاران ژنی ئێزیدی."

(ش ب)