دەستەی پشگیری ژنانی سلێمانی لە ژنانی شەنگال، بەرنامەی چالاکیەکانی بۆ ٣/ی ئاب ڕاگەیاند

10:05

ژنها

سلێمانی - لەشاری سلێمانی بەدەستپێشخەری ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک)، ڕێخراوەکانی ژنان و ڕێخراوە مەدەنی و حزبیەکان و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی ژن دوای ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لەسەر ٣-٨ کەدەکاتە ڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال بەرنامەی خەباتەکانیان ڕاگەیاند.

دوا نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەمە (٢٨/٧/٢٠١٦) لەکۆبونەوەکەدا زیاتر لە١٠ ڕێخراوی ژنان و ڕێخراوە مەدەنی و ڕێخراوە حزبی، حکومیەکان و چالاکوانی مەدەنی بەشدار بوون، لەکۆبونەوەکەدا بڕیار درا بێ جیاوازی حزب و فکرو ئایدیا هەوڵبدەن کار بۆ ئەوەبکەن کەفشاربخەنە سەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی بەڕێگەی جیا جیا کەیسی کۆمەڵکوژی شەنگال بەجینۆساید بناسێنن و ئەوکچ و ژنانەی کە تائێستا لەدەستی چەتەکانی داعش داماون ئازاد بکرێن. هاوکات بەرنامەی چالاکیەکانی ژنان بۆ ٣/ی ئاب لە سنوری سلێمانی دیار ڕاگەیاندرا.

دوای کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تەلار عەلی مامۆستای زانکۆ باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد و وتی:"بۆ ڕۆژی ٣-٨ کە ڕۆژێکی ڕەشە بۆ کورد، بەتایبەتیش بۆ کچان و ژنان، لەبەر ئەوەی ئەوان بەپلەی یەک قوربانی ئەم ڕوداوەن، بۆیە ئێمەش وەک هەموو ڕێخراو و کەسایەتی و مامۆستایانی زانکۆ بێ جیاوازی فیکروئایدیا بڕیارماندا دەستەیەک پێکبهێندرێت بە ناوی دەستەی پشگیری ژنانی سلێمانی لەئەنجومەنی ژنانی شەنگال".

وتیشی:"لەم ڕۆژەدا زنجیرەیەک چالاکی ئەنجام دەدەین، بەڵام لەئێوارەی ڕۆژدا لەبەردەم پارکی ئازادی هەڵدەستین بەچالاکیەکی گەورە کەتیایدا چەندین دروشم و بەڵگە پێشان دەدرێت، دواتریش پێشکەش بەلایەنە بەرپرسەکان و ڵواتانی دەکەین".

تەلار عەلی لەسەر کۆبوونەوەکە زیاتر دواو وتی:"لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کە ڕۆژێک دواتر واتا لەڕۆژی ٤-٨ کۆمەڵێک ژن بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی و هاو سۆزی بۆ کچان و ژنانی ئێزدی سەردانی شەنگال بکەن، هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت لەم سەردانەدا بۆ شەنگال بەشداربێت.".

ئاماژەی بەوەشکرد:"لە کۆبوونەوەکە سێ لیژنە ئامادەکرا، لیژنەیەکیان ئەرکی دەرخستنی بەیاننامەیە کە گوزارشت لە هەموو کەس و فیکرو ئایدیاو لایەنەکان بکات، لیژنەی دووەم ئەرکی ئەوەیە کەپەیوەندی بەهەموو ڕێکخراو و لایەن و میدیاکانەوە بکات ولێژنەی سێیەمیش ئەرکی ئەوەیە کە هەموو ئەو بەڵگە یاسایانە کۆبکاتەوە بەمەستی ئەوەی بتوانین ئەم کەیسە بە جینۆساید بناسێنین".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ وەها کۆتایی بەقسەکانی هێنا:"بەداخەوەین تائەم ساتەش کچان و ژنانی کورد لە بازاڕەکانی وڵاتان وەک کاڵا مامەڵەیان پێوەدەکرێت، بەڵام جێگای دڵخۆشیشە کە بەشێکیان ئێستا لە پەروەردەدان و خۆیان خۆیان دەپارێزن".

(ش ب)