"ئامادەکاریەکانمان بۆ ڕێپێوانی ژنانی شەنگال کۆتایی هاتووە"
08:20
پاکیزە خەلیل – دەلیلا ئاخین / ژنها
شەنگال – بەسێ خدر، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری ڕێپێوانی ژنانی شەنگال، ڕایەگەیاند ئامادەکاریەکانی ڕێپێوان کۆتاییان هاتوە و بانگەوازی بەشدار کردنی لە ژنان کرد.
چەند ڕۆژێک ماوە بۆ دووەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال کە لە ٣/ ی ئابی ٢٠١٤ بە دەستی چەتەکانی داعش لە شەنگال ئەنجام درا. ژنانی ئێزیدی ئامادەکاری بۆ شەرمەزار کردنی ٧٤ مین فەرمان دەکەن. لە چوارچێوەی ئامادەکاریەکانی شەرمەزارکردنی ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال، بەسێ خدر، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال و ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری ڕێپێوانی ژنانی شەنگال لەسەر ئامادەکاریەکانیان بۆ ئاژانسەکەمان دوا.
بەسێ خدر سەرەتا وتی: "لە سەروبەندی نزیکبوونەوەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی، وەک ئەنجومەنی ژنانی شەنگال چەندین کۆبونەوەمان لەگەڵ ژنان ئەنجامدا، لە کۆبونەوەکاندا پێشنیاری ژنانمان گرت بۆ چالاکیەکان، دوای کۆمەڵکوژی شەنگال ئێمە وەک ژنانی شەنگال چیتر ناتوانین لەماڵ دانیشین، دەبێت سەرجەم ژنان بەتایبەتی ژنانی ئێزیدی لەو ڕۆژەدە بڕژێنە شەقامەکان و بە هەموو جۆرێک ئەو کۆمەڵکوژیە شەرمەزار بکەن. بەسە با چیتر بێدەنگ نەبین، چیتر لە ئاست کۆمەڵکوژیەکان چاو نەپۆشین. دەبێت لە هەر کەسێک زیاتر ژنان لەو ڕۆژدا خاوەن هەڵوێست بن چونکە لە هەموو فەرمانەکان زیاتر لەو فەرمانەدا ژنان بە ئامانج گیران."
لەسەر چالاکیەکانی بۆ یادکردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژیەش بەسێ وتی: "لە ڕۆژی ٢/ ی ئاب ڕێپێوانێک بە پێشەنگی گەنجان لە کەمپی نەورۆزی پەنابەرانی ئێزیدی ئەنجام دەدرێت. لە ٣ / ی ئاب، بە پێشەنگی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال، ڕێپێوانێکێ جەماوەری بەبەشداری هەموو ئێزیدیەکانی چیای شەنگال سازدەکەین، دەبێت هەر کەسێک خۆی بە خاوەنی خاکی ئێزیدی خان دەزانێت بە بەرپرسیاریەوە بەشداری بکات."
بەسێ خدر سەرنجیشی ڕاکێشایە سەر ئەوەی وەک ژنان لە چیای شەنگال دەستپێشخەری بۆ هەموو چالاکیەکان دەکەن، هاوکات جەختیشی کردەوە: "بۆ ئازادکردنی دایک و خوشکانمان لە چیای شەنگال بانگەوازی لە گەلەکەمان کە لە کەمپەکان لە باشوری کوردستان دەمێننەوە دەکەین، بگەڕێنەوە لەسەر خاکی خۆیان درێژە بە تێکۆشانی خۆیان بدەن."