"هەر تاکێکی کۆمەڵگە بەرپرسیارە لە بە جینۆساید ناساندنی کەیسی شەنگال"
09:20
ژنها
سلێمانی – ئەندامێکی ڕێکخراوی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، ئەرکی بە جینۆساید ناساندنی کەیسی شەنگال تەنیا ئەرکی ڕێکخراوەکانی جینۆساید نیە، بەڵکو هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە لێی بەرپرسیارە.
دیمەن محەمەد چالاک لە بواری پرسەکانی جینۆساید و ئەندامی رێکخراوی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان، لەسەر کۆمەڵکوژی شەنگال بۆ ئاژانسەکەمان دوا و ڕایگەیاند: " لە هەر کارەساتێکی قڕکردنی گەلی کورددا ژنان و منداڵا قوربانی یەکەم بوونە، تەنانەت لە کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجەشدا زیاترین قوربانی ژنان بوون، ژمارەیەکی زۆری ژنان لەو کاتدا بۆ بازرگانی کردن ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراون و تا ئێستا ئەنجامێکی ڕوونمان لەسەر چارەنوسیان دەستنەکەوتوە. لە شەنگالیش جارێکیتر مێژووی تاریکپەرستان خۆی دووبارە دەکاتەوە، بە هەمان شێوە جارێکیتر ژنان بە دیل گیران بازرگانی و مامەڵەی کۆیلایەتیان لەگەڵ کرا و ڕووبەڕووی دەستدرێژی و ستەم لێکردن بوونەوە."
دیمەن لە بەردەوامی وتەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو دەسکەوتانەی کە ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال دوای کۆمەڵکوژی بەدەستیان هێناون و جەختیکردەوە: "جێگەی خۆشحاڵی ئێمە و هەموو ژنانە کە ژنانی شەنگالی بەش مەینەت، تا ئێستا بێ وچان خەباتی خۆیان دەکەن، بەرگری لە خودی خۆیان دەکەن، ئێمە وەک ژنان و ژنانی چالاکوان لە شاری سلێمانی پشتگیری خۆمان لە هەموو ژنانی هاوشێوەی شەنگال دەکەین."
لەسەر پرسی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی شەنگال دیمەن وتی: "کەم نیە بەجینۆساید ناساندنی هەر کەیسێک، وەک دەبینین چەندین ساڵە کار بۆ ئەوە دەکرێت کە ئەنفال و هەڵەبجەش وەک کەیسێک بناسرێن، بەڵام وەک پێویست لە نێونەتەوەییدا کاری بۆ نەکراوە، بەتایبەتیش کۆمەڵکوژی شەنگالیش لەو شێوەیەیە. ئەوەی گرنگە بکرێت هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە لە ٣/ ی ئابدا بە بێ جیاوازی هەوڵ بدات هەڵوێست پیشان بدات، هەر تاکێک بە خولەکێک وەستان، لە شوێنێ خۆی دەتوانێت کارێک بکات بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی شەنگال بە جینۆساید بناسرێنین."
دیمەن محەمەد و ئەندامی رێکخراوی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان، لە کۆتایشدا ئاماژەی بەو هەوڵ و خەباتانە کرد کە وەک رێکخراوی جینۆساید بۆ کەیسی شەنگالیان کردووە. ناوبراو وتیشی: "خەباتی هاوبەشمان هەبووە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی کە تایبەتن بە جینۆساید لە دەرەوە و ناوەخۆی وڵات، تا ئێستاش بەردەوامن، بەتایبەتیش لە دەرەوەی وڵاتدا زیاتر کار بۆ ئەوە دەکەین، بەڵام ئەرکی بە جینۆساین ناساندنی ئەو کەیسە تەنیا لە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی جینۆساید نیە، چونکە تا دەنگەکان زیاتر بن ئەوا زووتر ئەو کەیسە بە جینۆساید دەناسرێنرێت و کاری باشتری بۆ دەکرێت."
(ش ب)