پۆلیس و مەلاکانی مەریوان پاسکیل سواری ژنان قەدەغە و حەرام دەکەن!
15:40
ژنها
ناوەندی هەواڵ - هێزەکانی پۆلیسی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی تر ڕێگایان لە ژنانی پاسکیل سواری ئەو شارە گرت و مەلایەکی شارەکەش پاسکیل سواری ژنان حەرام دەکات.
پاش ئەوەی کە هێزەکانی پۆلیسی مەریوان چەن ڕۆژ بەر لە ئێستا ڕێگایان لە ژنانی پاسکیل سواری ئەو شارە گرتبوو و بە پێی بڕیاری دادوەر پابەندنامەیان پێ واژۆ کردبوون، دوێنێ-ش مەلا مستەفا شیرزادی، پیش نوێژ و وتار خوێن لە شاری مەریوان لە قسەکانی بەر لە نوێژی هەینی وتی:" پاسکیل سواری بۆ ژنان لە شوێنە گشتیەکان حەرامە و نابێت رێگا بە ژنان بدرێت پاسکیل بئاژوون".
لەگەڵ هەموو رێگرییەکاندا، ژنان و پیاوانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان ئەمڕۆش جارێکی تر بەردەوام بوون لە پاسکیل سواری و لە فلکەی یاریگای شارەکە کۆ بوونەوە و بەرەو دەریاچەی زرێبار ڕێکەوتن، بەڵام لە ڕێگا دووبارە ڕووبەڕووی توندوتیژی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە.
هێزەکانی پۆلیس پاسکیل سوارێکیان بەناوی زانیار خوسرەویان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر پاسکیلەکەشیدا گرت.
هەروەها هێزەکانی پۆلیس هەڕەشەیان لە بەشداربووانی دیکەش کرد و ڕایانگەیاند، کە لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم کۆبوونەوانە و پاسکیل سواری بەکۆمەڵ، هەموویان دەستگیر دەکەن.
پاشان یەک لە هێزە ئەمنیەکان بەناوی (سەفەری) وێنەی ژنە پاسکیل سوارەکانی گرتووە و هەڕەشەی لێکردوون کە بە سەختی سزا دەدرێن.
(ش ب)