کەلار، دژ بە گۆشەگیری سەر ئۆجالان ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو
21:02
ژنها
گەرمیان - لەدژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری پەكەكە، ئێوارەی دوێنێ لە شارۆچكەی كەلار ڕێپێوانێكی جەماوەری بەڕێوەچوو.
كاتژمێر ٥ی سەرلە ئێوارەی دوێنێ، لە شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان لەدژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەكەكە، بە دروشمی "نا بۆ گۆشەگیركردن، ئازادی بۆ ئۆجالان"، ڕێپێوانێكی جەماوەری لە بەردەم قوتابخانەی لەیلا قاسم تا ناوبازاری گشتی شارۆچكەی كەلار بەڕێوەبرا.
سەرەتای ڕێپێوانەكە بە خولەكێك ڕێزگرتن دەستی پێكرد، دواتر جەماوەر بە وتنەی چەندین دروشمی وەك "بژی سەرۆك ئاپۆ"، "ئازادی ئازادی بۆ ئۆجالان ئازادی"، "سەرۆك بەدڵ لەگەڵتین دژی گۆشەگیریتین"، بەرەو ناو بازاڕی گشتی شارۆچكەی كەلار بەڕێكەوتن.
پاشان پێشەوا گەرمیانی بەیاننامەی هاوبەشی هەریەكە لە ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی و ڕێكخراوی رژاك و گەنجانی وڵاتپارێزی خوێندەوە کە تیایدا هاتبوو:" وەك هەموو لایەك دەزانن ماوەی (١٥) مانگە دەوڵەتی فاشیستی تورك بڕیاری گۆشەگیری بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپاندووە، هیچ كەس ناتوانێ سەردانی بكات نە پارێزەرانی و نە خانەوادەكەیشی، بۆیە پشتبەست بە بنەماكانی هەردوو یاسای (مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی) ئیدانەی بڕیارو سیاسەتی گۆشەگیری بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا دەكەین".
لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا ئەوەش هاتبوو:"ئەو سیاسەتە فاشیستە شكستخواردووەی بەسەر ئۆجالان جێبەجێ دەكرێت، سیاسەتی دیكتاتۆرەكانەیە كە نزیك بووەتەوە لە سەرە مەرگ، چوونكە بەڕێز ئۆجالان هەردەم لە هەوڵی ئەوەدایە ئازادی بۆ تەواوی نەتەوە جیاوازەكان فەراهەم بكات و مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە كۆتای پێبهێنێت كە هەڵگری درووشمی یەك زمان و یەك نەتەوەو یەك ئاڵایە، نەتەوەی دیموكرات وەكوو ئەلتەرناتیف پیش دەخات، ئەمەش بێگومان واتای مەرگی دیكتاتۆرەكانە".
هەر لە چالاكییەكەدا ئازاد قادر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان وتەیەكی پێشكەشكردو وتی:"ئەمڕۆ ئێمە كە ئەم چالاكییەمان ئەنجامدا لە دژی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان، لە هەمان كاتدا ئیدانە كردنی ئەو گۆشەگیرییەیە كە لەسەر گەلێك دانراوە، چوونكە بەڕێز ئۆجالان نوێنەرایەتی گەلێك دەكات".
(ش ب)