لێدوانی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال بۆ ساڵیادی ٧٤ مین فەرمانی سەر ئێزیدیەکان

09:38

ژنها

شەنگال – ئەنجومەنی ژنانی شەنگال، بۆ دووەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال لێدوانێکی نوسراویان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان بە خۆبەڕێکخستن کردن و پەرەدان بە تێکۆشان وەڵامی هەموو فەرمانەکان دەدەنەوە.

بەشێکی لێدوانی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال بەو شێوەیەیە:
"لە ساڵیادی ٧٤مین کۆمەڵکوژیدا هەموو شەهیدانمان بەڕێزەوە بیردێنینەوە، لە ٣/ ی ئابی ٢٠١٤دا جارێکیتر نەیارانی مرۆڤایەتی برینێکیتریان لە جەستەی شەنگال کردەوە لە کاتێکدا هێشتا گەلی ئێزیدی بەدەست برینەکانی ٧٣ مین فەرمانەوە دەیناڵاند، ئەو فەرمانانە هەرگیز لە هۆش و بیرمان ناچن، وەک ئەوەی کە بە درێژایی مێژوو لە بەرامبەریان وەستاوینەتەوە و قبوڵمان نەکردوون.

ئەگەرچی ٣/ ی ئاب بوو بە ڕۆژێک لە ڕۆژە جیاوازەکانی هەموو گەلان، گەرچی ڕۆژێکی جیاوازی هاوینێک بوو و تێپەڕی، بەڵام بۆ شایەتحاڵان ئەو ڕۆژە ڕۆژێکە کە هەرگیز لە یاد ناچێت، هاواری دایک و منداڵان لە هەر یادەوەریێکدا، وەک خەنجەرێکە بەر دڵمان دەکەوێت. ئێمە وەک ڕۆژێکی جەهەنەمی بەناو دەکەین بۆ مرۆڤایەتی، لە ڕۆژێک زیاتر مێژووێک بوو،. خۆزگە بەوە دەخوازین ئەو ڕۆژە لەناو ڕۆژەکانی ساڵ دەرهێنرایە و دووبارە نەبووایەوە. ئەو تەنیا ڕۆژێک نا، بەڵکو مێژووێک پڕ لە بەسەرهات، کارەسات، خیانەت و بەرخۆدانی، گەورەترین بەرخۆدانی ژنانی شەنگال کردیان، بۆ ئەوەی بەدیل نەگیرێن خۆیان لە چیاکان فڕێدایە خوارە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

ئەوە ڕۆژگارێک نیە لەبیر بکرێت، چۆن قینی ئەو ساتە نەفرینانەمان کردوە بە سوێنی تۆڵەسەندنەوە، ئازارەکانیشمان دەکەین بە هۆکارێک بۆ بەڕێکخستن بوون و بەرخۆدانی کردن لە بەرامبەر فەرمانە یەک لە دوای یەکەکان.

دەبێت مرۆڤایەتی ئەوە باش ببیسێت و چیتر چاو لە ئاست تاوانەکان نەپۆشن، بزانن کە لەو ڕۆژەدا چۆن باوک و براکانمانیان ڕیز کرد و بە بەرچاومانەوە گولـلەبارانیان کردن. هاوکارانی دوژمنانمان ئەوانیان بێچەک کردبوو، هیچیان بەدەستەوە نەهێشتبوون. رۆڵەکانمانیان لە ئامێزمان دەبرد و سەریان دەبڕین، ئەوانیان فڕێدایە تەندورە ئاگرینەکان و بۆنی گیانیان دەهات. بوک و کچە لاوەکانمانیان بەدیل گرت و وەک غەنیمەت بەیەکتریان دەفرۆشتن. لە بازاڕێکەوە بۆ بازاڕێکیتر و مامەڵەی کۆیلەیان لەگەڵ کردین. مەرگ گەورەترین چانس بوو لەو کاتە دەستمان نەدەکەوت، هەندێکیشمان ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسا کە بگەن بەو شانسە.

لەلایەکیتر بەخۆدان هەبوو، بەرخۆدانی ڕۆڵەکانی ئاگر و ڕۆژ، ئەوان دەیانزانی کە نەفرینی خواداوەندە زاڵمەکانی سەردەم چەندە بێ ڕەحمە، بۆیە دەستبەجێ بە هاوارمانەوە هاتن، بوون تروسکی هیوا لە تاریکستانی ناوەڕاستی ڕۆژدا. جەستەیان کرد بە قەڵەغان و ئاگریان بەسەر خوێنمژاندا باراند. لەلایەک شەڕیان دەکرد، لەلایەکیترەوە پیر ومنداڵانیان ڕزگار دەکرد. بۆ جارێکیتر ڕۆحی بەرخۆدانیان ژیاندەوە لەناو کچ و لاوانی ئێزدیخاندا، ئەوان یەکسەر بوون بە گەل و گەلیان ڕزگار کرد.

ئیتر ئێمە بێ هیوا نین، لە ژمارەی پەنجەی دەستێکەوە بووین بە هەزاران، جارێکیتر چیاکانمان کرد بە مەسکەنی بەرخۆدان، بۆ سەرهەڵدان و تۆڵەسەندنەوە، ئێمە لەمەودوا لەسەر ڕەگی خۆمان دەڕوێینەوە، دەگەڕێینەوە بۆ جەوهەری خۆمان.

بۆ ئێمەی ژنانی ئێزیدی هیچ شتێک وەک پێشتر نیە، دۆست و دوژمنی خۆمان باش ناسی، چەتری ئەنجومەنی ژنانی شەنگال بوو بە وارگەی بەرخۆدان و ئارامگەی هەموو ژنان، وەک ژنانی ئێزیدی بە هێزی ڕێکخستنی خۆمان وەڵامی هەموو فەمانەکان دەدەینەوە، هەرگیز لە سەر داوا ڕەواکانمان بێدەنگ و پاشگەز نابینەوە، سورین لەسەر هەموو داخوازیەکانی گەلی خۆمان."

ئەنجومەنی ژنانی شەنگال لە کۆتایشدا بانگەوازی لە هەموو کۆمەڵگە، دام و دەزگا و ڕێکخراوەکان دەکات، لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزیدی خاوەن هەڵوێست بن، کار بۆ بە جینۆساید ناساندی ئەو کەیسە بکەن، هاوکات بانگەوازی لە ژنان دەکات کە لە ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژیەدا بڕژێنە شەقامەکان، بۆ ئەوەی بتوانین بەیەک دەنگی کار بۆ ڕزگار کردنی ژنانی بە دیلگیراوی دەستی داعش بکەن.

(ش ب)