ژنانی بریندار: داعش بەرەو لە ناوچوونە

13:29

هێڤی سەمیر- رابیعە عەتۆ/ ژنها

قامیشلۆ – ژنانی برینداری تەقینەوەکەی قامیشلۆ باسی ساتەکانی ڕووداوەکە دەکەن و ڕادەگەیەنن کە ئەوە جاری یەکەمە ڕووداوێکی بەو شێوەیە دەبینن، بەڵام هەرچەند هێرشەکان سەختیش بن، نیشتیمانی خۆمان بە جێناهێڵین.

ڕۆژی ٢٧ ی تەمموز تەقینەوەیەکی بەهێز شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستانی هەژاند، ئەو تەقینەوەیە کە لەلایەن چەتەکانی داعش ئەنجام درا، بوو هۆی شەهید بوونی بەدەیان کەس و بریندار بوونی نزیکەی ٢٠٠ کەس. ئەو ژنانەی کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەی چەتەکانی داعش بریندار بوونە بۆ ئاژانسەکەمان دوان باسیان لە ساتەکانی ڕووداوەکە کرد.

فاتمە عەلی، دایکێکی بریندار بووە، فاتمە لەسەر هێرشەکە وتی: "بەیانی زوو چووم بۆ ماڵی دایکم، وتم با بچم قاوەیەک لەگەڵ دایکم بخۆمەوە، هاوژینەکەشم چوو بۆ نان کڕین، ٢٠ خولەک دانیشتم لەناکاو دەنگێکی بەهێز ماڵەکەی هەژاند و ژوور پڕبوو لە تۆز، من لە شوێن خۆم کەوتم و سەیری دایکم کرد لە سەر قەرەوێلەکەی کەوتۆتە خوار و لەناو خوێندا ماوە."

فاتمە لە بەردەوامی گێڕانەوەکەیدا کردەوە دژە مرۆڤایەتیەکانی داعشی ئیدانە کرد و وتیشی: "داعش دواین ساتەکانی دەژیت، من تەنیا بۆ دایکم خەمبار نیم، بۆ ئەو منداڵانەی لە ژێر خانوە ڕوخاوەکاندا ماون، تا ئێستاش دیار نیە چیان بەسەر هاتوە، وەک دایکێک لێرەوە بە هەر کەسێک دەڵێم کە هەمووتان بەرپرسیارن لە پاراستنی ئەو وڵاتە، دەبێت خۆمان بەرگری لە خۆمان بکەین."

هاوکات شەهناز حەسەن، بریندارێکیتری تەقینەوەکەیە بەو شێوەیە دوا: "کاتژمێر ٩ بوو تازە لە خەو هەڵسابووم، دەمویست جلو بەرگم بگۆرم، تەقینەوە ڕوویدا، کە هۆشم هاتەوە بینیم لە نەخۆشخانەم ئەوەندەم بینی، دکتۆر بەسەر سەرمەوە بوو و دەیوت، خوێنی ڕژاوەتە ناو گوێچکەکانی."

شاناز بە نیگەرانی زۆرەوە باسی لەو تاوانە دڕندانەیە دەکرد و وتی: "چ تاوانێکی ئەو منداڵان و خەڵکانە هەبوو، خوا بۆیان نەباتە سەر."

گولنازی خوشکی شەهنازیش بەو شێوەیە باسی لە ڕووداوەکە کرد: "تازە لە خەو هەڵسابووین، نانی بەیانیم ئامادە دەکرد، تەقینەوەکە زۆر بەهێز بوو بۆیە هەموو شوشەی پەنجەرەکانمان هاتنە خوارەوە، چەند پارچە شوشەیەکی گەورەش بەسەر خوشکەکەم دا کەوتوبوون، بۆیە کە چوومە سەر خوشکم بینیم لەناو خوێن داماوە و لە هۆش خۆی چووبوو. خوشەکەکەم ڕزگاری بووە بەڵام زۆرێک لە دراوسێکانمان تا ئێستاش بێ سەرو شوێنن، بۆیە زۆر بەو ڕووداوە ناخۆشە نیگەرانین. ئەوە جاری یەکەمە ڕووداوێکی بەو شێوەیە دەبینین، ئەو ڕەشەکوژیە نیشانەی لەناو چوونی داعش."

(ش ب)