رژاک، بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژی شەنگال شەش خاڵ دەخاتە ڕوو
14:28
ژنها
ناوەندی هەواڵ – ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بۆ ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان لە شەنگال بەیاننامەیەکی ڕاگەیاند.
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) لە بەیاننامەکەیدا بەو بۆنەیەوە وێڕای شەرمەزارکردنی کۆمەڵكوژیەی سەر خەڵکی ئێزدی شەنگال لەلایەن چەتەکانی داعش و هاوکارانیەوە، شەش خاڵ بۆ لێپێچینەوە لەو کارەساتە و بەسزاگەیاندنی تاوانبار و سەبەب کارانی دەخاتە ڕوو.
دەقی لێدوانەکەی ڕژاک بەم شێوەیەیە:
دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ھێرشی تاریکپەرستانی داعش بۆسەر شارۆچکەی شەنگال وەک جێگەیەکی ھەرە پیرۆزی کوردان، خەڵکی شەنگال ڕووبەڕووی دژوارترین و تراژیدیاترین کۆمەڵکوژی بوونەوە کەلەمێژووی مرۆڤایەتی کەم وێنەیە، لەگەڵ ئەوەی دەیان ھەزار مرۆڤ ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی کرانەوە، ئێزدیەکان بۆ خۆپاراستن ڕوویان کردە چیاکان، بەڵام مەخابن بەھۆی گەرما و بەهانا نەچوونی دام و دەزگای پەیوەندیدار لەبەر بێ ئاو و خۆراکی دەیان کەس لەتونیەتی و برسا گیانیان لەدەستدا.
دوای کوشتنی چەندین پیاو و ژنی ئێزدی و بەدیل گرتنی هەزارانی دیکەیان، چەتەکانی ژنانی دیلی ئێزدیان بردە موسڵ و ڕەققە و بازرگانی و کڕین و فرۆشتیان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان پێوەکردن.
ئێمە پرسیاری ئەوە دەکەین کە ئەم ڕووداوانە بەواتای چی دێت؟ بۆچی قڕکردنی ئێزیدییەکان؟ بۆچی ژنانیان کردە ئامانج؟ ئەی بۆچی شەنگال نەپارێزرا؟ بۆچی ئەوانەی کەبەرپرسیار بوون لەپاراستنی شەنگال، شەنگالیان جێھێشت؟ کاتێک خۆیان ڕۆیشتن بۆ خەڵکی شەنگالیان لەو مەترسیە ئاگادار نەکردەوە؟ ھەروەک لەبەڵگەنامە ٤١ لاپەڕەییەکەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەووردی باس لەکۆمەڵکوژی نەژادی کوردانی ئێزیدی باوەڕ لەلایەن داعشەوە دەکات، زانیاری گرنگ دەخاتە ڕوو و باس لەو لایەنانەش دەکات کەچۆن بوون بەھاوکاری داعش و ئەم کارەساتەیان بەسەر شەنگالیەکاندا ھێنا.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەبەرواری ٣/٨/٢٠١٤ بەھیچ شێوەیەک خەڵکی شەنگالیان نەپاراستووە و بێ ھیچ بەرگریەک ئەو شارەیان چۆڵ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە باس لە فیداکاری و قارەمانێتی شەرڤانانی یەکیینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) دەکات کە چۆن بەکردنەوەی ڕێڕەوێکی ئارام خەڵکی شەنگالیان ڕزگار کردووە.
لەبەرامبەر ھەموو ئەم نەھامەتییانەدا، خاڵی گرنگ ئەو تێکۆشانەیە کەئێزیدییەکان لەچیای شەنگال بەتایبەت ژنانی شەنگال و یەکیینەکانی ژنانی شەنگال بەڕێوەی دەبەن لەپێناو بەگریکردن لەخۆیان، کەئەمانە تەنھا گەرەنتییەکە بۆ پاراستنی ئێزیدییەکان و دروست بوونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆبەڕێوەبەری ئێزیدییەکان.
ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سەرەڕای شەرمەزارکردنی ئەم کارە کەگەوەرترین کۆمەڵکوژی لێکەوتەوە داوا دەکەین کە:
١- بەزووترین کات تاوانباران و ئەوانەی شەنگالیان جێهێشت و بەرگریان لێنەکرد بەبێ شەڕ خستیانە دەست داعش بەشێوەیەکی ئاشکرا دادگایی بکرێن، دادگایی کردنی ئەو ھێز و لایەن و دەزگایانەی بێ بەرپرسیارانە مامەڵەیان کردووە.
٢ - حکومەتی بەغداد و حکومەت و پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێکیان بخەنە گەڕ بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی هێشتا دیلن لە دەستی داعش دان.
٣- بۆ ڕێگرتن لەدووبارە بوونەوەی ھەرجۆرە کۆمەڵکوژی و داگیرکارییەک، پێویستە ھێزەکانی پاراستن و بەرگریکردن لەچوارچێوەی ھەڵوێستی نیشتمانی و یەکێتی و یەکڕیزیدابێت لەھەر چوار بەشی کوردستان بەھێز بکرێت و ئەم تاوانە وەک ھێرش لەسەر تەواو گەلی کورد ببینرێت.
٤- بەهاناوەچوونی خەڵکی شەنگال لەکاتی کارەساتەکەدا لەلایەن یەکیینەی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و ھێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و بەرگری کردن لەخەڵکی ئێزدی و ناوچەکە تا ئێستاکە، وەک ھەنگاوێکی گرنگ بۆبونیاتنانی یەکێتی نەتەوەی گەلی کورد بەھەند وەربگیرێت.
٥- ڕێگە لە هەرجۆرە دەستوەردان و ھاتنی ھێزی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بکرێت بۆ شەنگال و ناوچەکە بەتایبەتی و باشووری کوردستان بەگشتی.
٦ - بۆ ڕێگەگرتن لەھەموو جۆرە بازرگانی کردن و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژییەک لەسەر ژنان و بۆ تێپەڕاندنی ھەموو زھنیەتێکی ناموسپەرستی، بۆ ئەوەی بەرگری کردنی وڵات وەک ئەرکێکی گرنگی ژنان تەماشا بکرێت، پێویستە تەواوی ژنان لەسەر بنەمای بەرگریکردن لەخاک و گەل و ناسنامەی خۆمان، خۆمان ڕابھێنین ، ھەر بۆیە پێویستە یەکیینە و ھێزی پاراستنی تایبەت و سەربەخۆی ژنان ئاوا بکرێت.
نا بۆ کۆمەڵکوژی لەسەر گەلان، نابۆ دیلگرتن و دەستدرێژی سەر ژنان
بژی ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆی ژنان کەدەبێتە گەرەنتی ھەموو ئازادییەکی کۆمەڵگا
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان
٣/٨/٢٠١٦
(ش ب)