لە نەسریەوە تا بێریڤان ژنانی ئێزیدی بەرخۆدانی دەکەن - دۆسیە
09:14
"دەبێت ئەوە باش بزانن کە چیتر ستەم قبوڵ ناکەین"
ئیلهام حاجی – خەنسێ خدر/ ژنها
شەنگال – نورێ خدر، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال و هێزدا شەنگال، فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی شەنگال باس لە چۆنێتی خۆبەڕێکخستن کردنی ژنان لە چیای شەنگال و هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان لەماوەی دوو ساڵدا دەکەن و رایدەگەیەنن: دووژمنان باش بزانن ئیتر ئێمە وەک ژنان هیچ ستەم و زولمێک بەسەر خۆمانەوە قبوڵ ناکەین.
دوای ٣ / ی ئاب ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال دەستیان کردوە بە خۆبەڕێکخستن کردن لە هەموو بوارەکانی ژیانەوە، هاوکات ژنانی ئێزیدی بەشداریان لە یەکینەکانی پاراستنی جەوهەریدا کرد، دواتر لە ژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال و یەکینەکانی ژنانی شەنگال خۆیان بەرێکخستن کرد، یەکینەکانی ژنانی شەنگال(یەژەشە) لە ١٣- ١٤ی مانگی شوبات لە چیای شەنگال یەکەمین کۆنفرانسی خۆیان بەست. لە کۆنفرانسەکەدا ئاڵای هێزی سەربازی خۆیان بۆ یەکەمین جار دیار کرد. کاتێک ئاڵای ئازادی ژنانی شەنگال لە چیای شەنگال دەشەکایەوە لەگەڵ "هێزدا شەنگال" فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی شەنگال چاوپێکەوتنێکمان ساز کردبوو.
" ڕۆژ بە ڕۆژ باوەڕیمان بە تێکۆشان زیاتر دەبێت"
هێزدا ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی ئێزیدی پێشتریش لە مافەکانیان بێبەش بوون و وتی: "ژنانی ئێزیدی پێش فەرمانیش لە ناو کۆمەڵگەی ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە هەر وەک کۆیلەیەک مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و لەمافەکانیان بێبەش کرابوون، ژنانی مافی هیچیان نەبوو، داعشیش لە هێزە ژن کوژەکانە و ئامانجی بە کۆیلەکردنی ژنە، بەڵام ئێستا مەجالی ئەوەمان دروستکردوە وەک ژن بیر لە داهاتووی خۆمان بکەینەوە."
هێزدا، سەرنجی ڕاکێشایە سەر دەسکەوتە هەرە گرنگەکانی ژنان لە چیای شەنگال کە دەتوانن تێکۆشانی خۆیانی پێ هەمیشەیی بکەن و بەوشێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: : " ناسین ئیرادەی ژنان و دانپیانانی لەلایەن کۆمەڵگەوە گەورەترین دەسکەوتی ئێمەیە. وەک ژنانی ئێزدی جاری یەکەمە لە ژێر ناو و ئاڵای یەکینەکانی ژنانی شەنگال(یەژەشە) خۆمان بە ڕێکخستن دەکەین، ئێمە هێزی گەلین، گەلێک کە لەبەرامبەر هەموو هێرشێکی دڕندانە بەرخۆدانی کرد، بۆیە گەل و (یەژەشە) بە هاوکاری کردنی یەکتری یەکتری دەتوانین سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست بێنین، ئێمە لە ژێر ئاڵای یەژەشە دەیسەلمێنین کە تێکۆشانی ژنان واتای زامن کردنی ئاییندەی ژیانێکی ئازادە بۆ ژنان و سەرجەم گەلەکەمان."
هێزدا شەنگال، فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی شەنگال جەختیشی کردەوە: "یەژەشە، لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی فەرمان دامەزرا. ئەمڕۆ ژنان بەناسنامەی ژنانی ئێزدیخان خۆیان بەڕێکخستن دەکەن و بەرگری لە نرخەکانیان دەکەن، لە نێوان ١٣-١٤ی مانگی شوباتی ئەم ساڵ یەکەمین کۆنفراسی خۆمان سازکرد، لە کۆنفرانسەکەدا یەکێک لەو مژارانەی باسیان لێوە کرا ناو و ئاڵای یەکینەکانی ژنانی شەنگال بوو، لەکۆنفرانسەکەدا بڕیارمان لە سەر ئاڵای نوێدا، یەکەمین جار لە هەشتی مارسدا ئاڵای یەژەشە لە چیای شەنگال هەڵدرا، ئێستاش ئەو هێزە ڕۆژ بە ڕۆژ مەزنتر دەبێت."
ئەو فەرماندە ژنە لەکۆتایی وتەکانیدا بانگەوازی لە سەرجەم ژنان کرد کە وەڵام ڕێکخستن بوونی ژنان بدەنەوە لە چیای شەنگال، هەروەها وتیشی: "داوا لە ژنان دەکەم کە زیاتر پەیوەندی بکەن بە (یەژەشە) بۆ ئەوەی بتوانین ئایندەیەکی رۆشن بونیاد بنێین. ئێمە شانازی دەکەین بەوەی بووینەتە ئەندامێکی یەکینەکانی ژنانی شەنگال. پێویست بە هەنگاوی پراکتیکی هەبوو تا ئێستا ئەو هەموو کۆمەڵکوژی و فەرمانەمان بەسەردا تێپەڕ بووە، هەر کەس گێراویتەوە و باسی کردوە، بەڵام هیچ هەنگاوێک نەنرا بوو بۆ دووبارە نەبوونەوەی فەرمانەکان، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراین کە وەڵامی هەموو هێرشەکان بدەینەوە."
"چیتر ستەم و زوڵم قبوڵ ناکەین"
هەروەها نورێ خدر، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان لە شەنگال قسەی کرد و وتی: "لە دوای فەرمان سەختترین زەحمەتی ڕووبەرووی ئێمەی ژنان بووەوە. کاتێک دەستمان بە خۆبەڕێکخستن کرد بارودۆخێکی دژواری شەڕ لە ئارادا بوو، بەڵام وەک ژنان چیتر ئەو ستەم و زوڵمەمان قبوڵ نەکرد و دەستمان بە خۆبەڕێکخستن کردن، پەروەردەکردن، خوێندن و بەرگریکردن کرد لە خودی خۆمان و کۆمەڵگەی ئێزیدی، چونکە ئەگەر ژنانی ئێزیدی ئاستێکی هۆشیاری خۆپاراستنیان هەبووایە قوربانی ئەوەندەمان نەدەدا و دەمانتوانی بە هەرجۆرێک بێت شەڕ بکەین."
ناوبراو وتیشی: "تا ئێستا چەندین ئەنجومەنی وەک گەنجان، پارتی ئازادی و دیمورکراتی ئیزیدیەکان، یەکینەکانی ژنانی شەنگال، ڕێکخستنی مامۆستایان و ئەنجومەنەنی دامەزرێنەرمان دامەزراندوە. هاوکات لە ٢٩ ی تەمموزی ٢٠١٥دا بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئێزیدیەکان ئەنجومەنی ژنانمان دامەزراند.
نورێ سەرنجی ڕاکێشایە سەر بارودۆخی ئێستایان و ڕایگەیاند: "ئێستا دەستمان کردوە بەچەندین هەڵمەتی یەک لەدوای یەک بۆ پێگەیاندنی مامۆستا، پیشەی جۆراوجۆر بۆ ژنان، بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوە و چەندین خولی زمانی کوردیمان کردۆتەوە، بارودۆخی ناوچەکە هەرچەند سەختیش بێت بەلام زۆر پێداویستی گرنگمان دەستەبەر کردوە."
نورێ خدر، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال، لە کۆتایشدا بۆ ڕۆژی ٣ / ی ئاب بانگەوازی لە هەموو ژنانی کرد بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بزانن کە هەر تاکێک دەتوانێت ژنێکی ئێزیدی لەدەستی چەتەکان ڕزگار بکات گەر هەوڵبدات، بۆیە دەبێت لە ساڵیادی فەرمان بە هەموو هێزی خۆیان بەشداری لە چالاکیەکان بکەن.
(ش ب)