"هۆکاری هەموو فەرمانەکانی سەر ئێزیدیەکان جیاوازی باوەڕیان بووە"
09:19
ژنها
سلێمانی – چالاکوانێکی مەدەنی ڕایدەگەیەنێت، کە تێکۆشانی ئێزیدیەکان دوای دواین فەرمان ڕۆژ بەڕۆژ هەموو هزرە چەواشەکان بەرامبەر بە خۆیان دەگۆڕێت و ئیتر ئێزدیەکان گەشتوونەتە ئەو ئاستەی کە خۆیان بەرگری لە خودی خۆیان بکەن.
مەروا عەلی حوسێن چالاکی مەدەنی لە سەر ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان لە شەنگال بۆ ئاژانسەکەمان دوا، مەروا سەرەتا باسی لە هۆکارەکانی کۆمەڵکوژی کردو وتی: "سەبارەت بەوەی داعش بۆ وا لە خەڵکی ئێزیدی کرد، لە دینی ئیسلام دادەڵێت هەر کەسێک ئیسلام نەبێت لەناوی بەرە، ئینجا بە تیرۆرکردن بێت بە لەناو بردن بێت، بە کۆمەڵکوژکردن بێت، بە ڕفاندنی ژنەکانیان بێت، وەک ئێستا دەبینین ژنان کراونەتە غەنیمەتی شەڕ و لە بازاڕەکان دەیانفرۆشن، ئەوانەی دەڵێن داعش ئیسلام نیە، خۆیان دەخەڵەتێنن و خۆڵ دەکەن بەچاوی خەڵکیدا. ئەگینا داعش ئەسلی ئیسلامە، چونکە هەموو دەقە ئیسلامیەکان و ئایینیەکاندا وات پێدەڵێن لەناوی بەرە لە پێناو خوادا، لە پێناو زاڵ بوندا، وات پێدەلێن کە هەر کەس دژی تۆ بوو لەناوی بەرە."
ناوبراو لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "ئێزیدیەکان یەکەم جاریان نیە لەناو ببرێن و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی ببنەوە، بۆیە وەک داعش پێشتریش بوونیان هەبووە. لە مێژووجا سەد بارە بۆتەوە، کاتێک دەڵێن ٧٠ جار دووبارە بۆتەوە درۆ نیە، بە سەراحەتەوە ئەوەی بووە هۆکاری لەناو بردنی ئێزیدیەکان ئایین و باوەڕی ئەوان بوو، بۆیە داعشیش وای لە ئێزیدیەکان کرد."
مەروا لەسەر ئەو دەسکەوتانەی ژنانی شەنگال دوای کۆمەڵکوژی بەدەستیان هێناون وتی: "ئەوە خەوێکی زۆر خۆشە و هاتە دی بۆ مرۆڤایەتی. هەمیشە مرۆڤە ئازادیخوازەکان پشت بەوە نابەستن کەسانێکیتر بەرگریان لێبکەن و ناویان بهێنن، لە چاوەڕێ UN جیهانی دەرەوە نەوەستانەوە، هەڵبەت ئەوەش هزرێکی ئازادیخوازانەی لە پشتە، کە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەری هەڵداوە، زۆر دڵخۆشکەرە بۆ ژنان و تەواوی مرۆڤایەتی. ئیتر ئەو مرۆڤانە خۆیان هاتوونەتە سەر تەختی شانۆکە کە خۆیان بەرگری لە خودی خۆیان بکەن، لە جەوهەرەوە ئەو باوەڕیە دروستبووە، ئیتر ئەوان ناتوانن ببن بە کۆیلەی هیچ کەسێک بیرکردنەوەی ئەوان ئەوە قبوڵ ناکات، ئیتر کەس ناڵێت چونکە ئێزیدیەکان واری خۆیان تەرک کرد، بۆیە وایان بەسەر هات، ئەو چەمک و بیرکرندەوەیان نەهێشت."
مەروا عەلی حوسێن چالاکی بواری ژنان، لە کۆتایشدا وتی: "ڕامان و هەوڵەکانی هەڤاڵ ئاپۆ بووە کە ژنان بیر لە خۆیان بکەنەوە، ئەوان توانیان بەڕێگەی ئەو هزرە ئازادیخوازە بێنە ناو شۆڕشەوە، چونکە ئازادی تەواوی گەلان بە ئازادی ژنانەوە تێپەڕ دەبێت."
(ش ب)