گەنجانی وڵاتپارێز بە چالاکیەکی بە مەشخەڵ سەرکەوتنی کۆنگرەی جەوانانیان پیرۆز کرد

11:03

ژنها

سلێمانی - لە شاری سلێمانی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بۆ پیرۆزکردنی پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی جەوانانی کوردستان چالاکیەکی بە مەشخەڵیان ئەنجامدا.

بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی کۆمەڵەی گەنجان، شەوی رابردوو لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر چالاکیەکیان ئەنجامدا و بە هەڵکردنی مەشخەڵ و وتنەوەی چەند دروشمێک و بەرزکردنەوەی ئاڵا و خویندنەوەی بەیاننامە، سەرکەوتنی کۆنگرەیان پیرۆزکرد.

لە چالاکییەکەدا، بەیاننامەی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز لەلایەن هەڤاڵ تەوار خوێندرایەوە، کە تیایدا هاتبوو: بزوتنەوەی گەنجان لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوەدا بۆ پێشەنگی و سەرهەڵدانی مافە رەواکانی گەلی کوردستان رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندان، هەروەها لەبەرئەوەی تێکۆشانی کورد بەرەوە پێشەوە دەبرێت بۆ لەناوبردنی سیاسەتی ناپاکی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، بەستنی کۆنگرەی کۆمەڵەی جەوان پێویستبوو.

هەروەها هاتبوو:" جەوانان پێنجەمین کۆنگرەی خۆیان بەست لەو کۆنگرەیەدا لەبارەی رەوشی کوردستان و بزوتنەوەی گەنجان و بەرپرسیاریەتیەکانی کە دەکەوێتە سەرشان و رەوشی ڕێبەری کورد رێبەر ئاپۆ و ئەو شەڕ و هەڵسوکەوتەی کە بەرامبەر بە ژنان و گەنجانی کورد دەکرێت چەندین بڕیاری گرنگ درا".

لە بەیاننامەکەدا، ئاماژە بۆ ئەوەش کرابوو:"کاتی ئەوە هاتووە ڕێبەر ئاپۆ فیزیکی ئازاد ببێت و لەسەر ئەم بنچینەیەش بانگی گەنجانی باشوری کوردستان دەکەین دەرکەونە کۆڵانەکان و خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن و تاوەکو دەوڵەتی فاشیستی تورک ناچار بکەین کە بە زووترین کات ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکات".

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتبوو:" وەکو گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و گەنجی تێکۆشەر بە دروشمی بە تۆڵە سەندنەوەی شۆڕشگێری داگیرکاری پارچە دەکەین سەرجەم شەهیدان بەبیر دەهێنینەوە".

کۆمەڵەی جەوانانی کوردستان، کە رێکخستنێکی گەنجانە و لە ژێر چەتری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە هەر چوار پارچەی وڵات و دەروەی وڵات خۆیان رێکخستووە، لە رۆژی ٣/تەموز هەتا ٨/تەموز لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا پێنجەمین کۆنگرەی خۆیان بە دروشمی" بە تۆڵە سەندنەوەی شۆڕشگێری داگیرکاری پارچە دەکەین"، بە سەرکەوتوویی بەست.

(ش ب)