لە دژی کودەتا و باری نائاسایی ژنان لە مەیدانن
12:15
ژنها
ئەستەنبول – لە ژێر دروشمی "لە دژی کودەتا ئازادی خۆمان دەپارێزین" بە پێشەنگایەتی کۆردیناسیۆنی ژنانی "کەجەدە" و "ئەنجومەنی ژنانی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان" لە گۆڕەپانی ئیستیقلالی کادیکۆ کۆبوونەوە، ژنان لە گردبوونەوەکەدا داوای دیموکراسیان کرد.
لە سەرەتای گردبوونەوەکەی گوڵستان کۆچیگیت، هاو وتەبێژی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی(کەجەدە) ڕایگەیاند کە لە وڵاتێکدا کە حسابی نەبوو بۆ ژنان بکرێت و ئازاد نەبن، هیچ کات مەترسیەکانی کودەتا کۆتاییان نایەت."
ناوبراو وتیشی: ئەوانەی زیاتر لە هەر کەسێک نرخی ئازادی دەزانن دایکانی ئاشتین، ئاشتی و سەقامگیری ئەو وڵاتەش بە ئازادی ئۆجالان پێکدێت."
هەروەها فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پارتی گەلانی دیموکرات(هەدەپە) وتەیەکی پێشەکەش کردو ڕایەگەیاند: ئەوانەی تا ڕۆژی ئەمڕۆ گۆڕەپان و مەیدانەکانیان لە ئێمە قەدەغە دەکرد، با باش بزانن کە هەمیشە کات هی ئێمە بووە و ئێمەش هەر دەبین.
هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە بەردەوامی وتەکانیدا وتی: "ئەوانەی مۆڵەتیان بە سوپا دا بە تانک و زریپۆش شارەکانی کوردستان وێران بکەن، ئەمڕۆ تانک و زریپۆشەکان ڕووبەڕووی خۆیان بوونەوە. کودەتا لە کوێ و لەسەر دەستی کێ ئەنجام بدرێت ئێمە دژی دەوەستینەوە."
ناوبراو جەختیشی کردەوە: "تا ژنان لە کونجی ماڵەکان زیندانی بکەن ئەوا ڕێگەی کودەتاکان خۆشتر دەکەن، ئەوە ئەقڵیەتی دەسەڵاتداریە، لە هەر مەجالێکدا بەدوای کودەتا دەگەڕێت. لە ناو سیاسەتی ئاکەپە و کۆشکی دەسەڵاتداریدا بەردوام پلان بۆ کودەتا دارێژراوە، لە جێگایەکدا کە دیموکراسی نەبێت ئەوا کودەتا بەرپا دەبێت، گەر یاسای و مافەکان پێشێل بکرێن ئەوا کودەتا سەرکەوێت."
بانگەوازی بۆ ٣/ ئاب
فیگەن یوکسەکداغ لە کۆتایشدا داوای لە ژنان کرد کە ٣/ ئاب لەدژی کۆمەڵکوژی ژنان وەکو ڕۆژی چالاکی نێونەتەوەیی ڕاگەیەندراوەو هەمووان بە جلی سپیەوە وەرنە مەیدانەکان. فیگەن لە درێژەی قسەکانیدا وتی :" سڵاو بۆ ئەو ژنانە دەنێرین کە لەدژی دڕندایەتی داعش تێدەکۆشن، ئێمە لەهەرشوێنێک بین پێویستە لە دژی دڕندایەتی و زیهنیەتی پیاوسالاری خەبات بکەین، ئێمە لەهەموو شوێنێک و لەهەموو کاتێکدا لەدژی زیهنیەتی دەسەڵاتدارین. باوەڕمان وایە ئەو ژنەی بەرخۆدان دەکات و تێکۆشین دەکات سەردەکەوێت. ئیرادەی ژنی ئازاد هەمیشە سەردەکەوێت. ئێمە دیسان دەیڵێینەوە لە دژی کۆمەڵکوژی ٣/ئاب چالاکی نێونەتەوەیی بەڕێوە دەبەین و با هەموو ژنان بەجلی سپیەوە وەرنە گۆڕەپانەکان.
ژنانی ئامادەبووی گردبوونەوەکە بە دروشم وتنەوە و گێڕانی ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ ڕۆحی شۆڕشیان مەزن دەکرد، لەو کۆبوونەوەیەدا پەرلەمانتارانی هەدەپەی ئیستانبوڵ هودا کایا، فلیز کەرەستەچی ئۆغڵو، پەروین بوڵدان، فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی گشتی "هەدەپە"، گوڵستان کلیچ و وتەبێژی هەدەکە ئامادە بوون.
لە گۆڕەپانەکە پانکارتی " ئێمە دژی کودەتاین، ئێمە ئازادی خۆمان دەپارێزین"، " نا بۆ گۆشەگیری"، "لەدژی کودەتا وەرنە کۆڵانەکان و ئازاد بن"، " جیهان بە تێکۆشینی ژنان دەگۆڕێت"، بەرزکرانەوە، هەروەها دروشمەکانی "ژن ژیان ئازادی"، " لە دژی کودەتا ئازادی لەسەر شەقامە" بێ ناوبەر دەوترانەوە.
(ش ب)