لە دووەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال،'ڕژاک' سمینارێکی بۆ ژنانی پەنابەری ئێزیدی سازکرد

09:38

ژنها

سلێمانی – بۆ دووەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان لە شەنگال، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە کەمپی عەربەتی پەنابەرانی ئێزیدی سمینارێکی سازکرد.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە(١/٨/٢٠١٦) رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک) بۆ بیرهێنانەوەی دووەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال، سمینارێکی بۆ ژنانی پەنابەر لە کەمپی عەربەت(ئاشتی) لە شاری سلێمانی سازکرد و لەلایەن هەر یەکە لە پەروین حەسەن و چنور غەریب ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری(رژاک) و وەنسا موراد ژنێکی پەنابەرێکی کەمپەکە بەڕێوەبرا و ژمارەیەکی زۆری ژنانی کەمپەکە ئامادەی بوون.

سەرەتا سمینارەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد و پاشان پەروین حەسەن سەرنجی ڕاکێشایە سەر ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکە و وتی: " بۆ بیرهێنانەوەی دووەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال لێرە کۆبووینەتەوە. بۆ ئەوەی وەک ژنان گفتوگۆ و شرۆڤەی ئەو خیانەتە بکەین کە بووە هۆی ٧٤ مین فەرمان."

ناوبراو لە بەشێکیتری قسەکانیدا وتی: "جێگەی دڵخۆشیمانە کە ئێستا لە چیای شەنگال گەلەکەمان خۆیان بەرێکخستن بکەن، ئەنجومەن، پارت و هێزی سەربازی خۆیان دابمەزرێنن بە تایبەتیش هێزی ژنان. ئێستا ژنانی شەنگال لەسەر بنەمای رزگارکردنی ژنانی ئێزیدی لە دەستی دڕندەکانی داعش بەشداری ناو یەکینەکانی ژنانی شەنگال(یەژەشە) دەبن، یەژەشە لە شەنگال هێزی تۆڵەکردنەوەی هەموو ئێزیدیەکانە بۆ مێژووی پڕ لەمەینەتیان."

پەروین حەسەن، لە کۆتایی قسەکانیدا مژدەی ئەوەی بە ژناندا کە ئێستا یەکینەیەکی شەرڤانانی ئێزیدی بۆ ڕزگارکردنی ژنانی بە دیلگیراو لە ڕەقە و منبج بەشداریان لە هەڵمەتی منبج-دا کردوە و لەیەکەم چالاکیاندا ١٣ ژن منداڵیان ڕزگارکردوە.

هاوکات وەنسا موراد، قسەی کرد و وتی چەندین فەرمان بەسەری ئێزیدیەکان تێپەڕیون، بەڵام ئەوەی لەو فەرمانە بیبنیمان، بە درێژایی مێژوو نەمان بینی بوو، کچ و ژنانی ئێزیدیان بە زۆر برد، بۆ ئەوەی جارێکیتر ئەو کارەساتانەمان بەسەر دووبارە نەبێتەوە دەبێت بەخۆمان بڵێین بەسە، بەسە دەبێت ئیتر بۆخۆمان بکەین، بە یەکێتی ئێزیدیەکان دەتوانیش شتێک دەست بخەین."

ناوبراو وتیشتی: "تا ماوین ئەو کۆمەڵکوژیە لە یاد ناکەین، هەروەها ئەوەش لە یاد ناکەین کە گەر هەڤاڵان نەبوونایە کۆمەڵکوژیێکیه گەورەتر ڕوویدەدا و هیچمان بە سەلامەتی ڕزگارمان نەدەبوو. ئێستاش هیوایێکی زۆر گەورەمان هەیە بگەڕێینەوە شەنگال و شەنگالێکی نوێ بونیاد بنێین."

هەروەها چنور غەریب، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕەژاک، قسەی کرد و سەرنجی ڕاکێشایە سەر بارودۆخی ژنانی ئیزیدی و وتی: "ژنانی ئێزیدی لە کۆمەڵکوژی شەنگالدا جینۆساید کران. لێرەوە ئەو دەستە شەرمەزار و ڕیسوا دەکەین کە شەنگالی دایە دەست چەتەکانی داعش و شەنگالی فرۆشت."

چنور بانگەوازی لە ژنانی کورد و بەتایبەتیش ژنانی ئێزیدی کرد کە لەناو تێکۆشاندا جێگەی خۆیان بگرن، بۆ ئازادکردنی ژنان و کچانی ئێزیدی جەختیشی کردەوە: "ئێمەش شانبەشانی ئێوە لەناو تێکۆشان دەبین، ئەرکی هەموو ژنێکە بۆ ژنانی بەدیلگیراو تێبکۆشێت."

لە کۆتایشدا، ژنانی بەشدار بووی سمینارەکە ڕووانی و هەستی خۆیان بۆ ئەو ڕۆژە دەربڕی و سمینار بە وتنەوەی دروشمەکانی( شەهید نامرن، بژی بەرخۆدانی شەنگال و بژی سەرۆک ئاپۆ) کۆتایی هات.

(ش ب)