ڤیان ئاپۆچی: تا دواین دڵۆپی خوێن گەلەکەمان لە شەنگال دەپارێزین

11:09

ئیلهام حاجی- خەنسێ خدر / ژنها

شەنگال – ڤیان ئاپۆچی فەرماندەی "یەژاستار" لە شەنگال ڕایگەیاند کە وەک یەژاستار سوێندی تۆڵەسەندنەوەی ژنان و منداڵانی شەنگالیان خواردوە و تا شەنگال و گەلی ئێزیدی بەتەواوی ڕزگار نەکەن کۆڵ نادەن.

ڤیان ئاپۆچی، فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی ئازاد(یەژا-ستار) لە چیای شەنگال، تێکۆشانی گەریلاکانی لە شەنگال و سیاسەتی (پەدەکە)ی لەسەر ئەو دەڤەرە هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند: "بەر لە ڕۆژی ٣ / ئاب، (پەدەکە) ئامادەکاریەکانی بۆ ئەو فەرمانە کردبوو، لەسەر ئەو بنەمایە لەنێوان ڕۆژئاواو باشوری کوردستان خەندەکیان هەڵکەند، ئەوکات وەک گەریلا ئامادەکاریمان بۆ بەرگری کردن لە گەلەکەمان هەبوو، بەڵام (پەدەکە) بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی نەدا بێین بۆ شەنگال، گەر (پەدەکە) ویستبای دەیتوانی بە هەرجۆرێک بێت ڕێگە بە داعش نەدات بکەوێتە ناو شەنگال و پارێزگاری لە گەل بکات، بەڵام بەداخەوە (پەدەکە) بە خەڵەتاندن هاوڵاتیانی ئێزیدی خستە دەستی چەتەکانی داعش."

ڤیان لە بەردەوامی قسەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر بە هاناوە هاتنی شەرڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئێزیدیەکان لە شەنگال و وتی: "بەر لە ئێمە لە ٤/ ی مانگی ئابدا یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان( یەپەگە – یەپەژە) لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕێڕەوێکی هاوکاریان کردەوە و ڕوویان کردە چیای شەنگال بۆ ڕزگار کردنی هاوڵاتیانی ئێزیدی و بە هەزاران کەسیان پەڕاندەوە بۆ ڕۆژئاوا. ئەو کات چەند گەیلایەکمان بە قارەمانی گیانیان بەختکرد. سەرەڕای هەموو زۆر و زەحمەتیەکان و گەرمای هاوین، گەلەکەمان بە برسی و تینو ڕووی کردبووە چیای شەنگال و دۆڵ و بەرزاییەکانی ئەو چیایە بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی چەتەکانی داعش. دوای ئەوەی ئێمەش هاتین تا چەندین مانگ تەرمی هاوڵاتیانمان لە چیای شەنگال کۆدەکردنەوە و دەمان ناشتن."

ئەو فەرماندە ژنە لە بەشێکی هەڵسەنگانەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر بەرخۆدانی لە چیای شەنگال و جەختی کردەوە: "ماوەی سێ مانگ هێزەکانی سەر بە (پەدەکە) ڕێگەی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوایان داخست. لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا هیچ شتێک نەبوو منداڵان بیخۆن، ئێمەش بە زۆر و زەحمەتی ئێجگار زۆرەوە لە چیای شەنگال بەرخۆدانیامان دەکرد، دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر توانیمان ئەو گەمارۆیە بشکێنین و ڕێڕەوێکمان لەنێوان ڕۆژئاوا و شەنگال کردەوە، لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوە وە ئازوقەمان هێنا بۆچیای شەنگال، کاتێک گەمارۆمان شکاند و ئازووقەمان هێنا، منداڵان بە پیرمانەوە دەهاتن و بەیەکەوە دەیانوت 'بژی بەرخۆدانی شەنگال'، ئەو کات لە چاوی منداڵانی ئێزیدی هیوای ئازادیمان دەبینی."

ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە لەماوەی ١١ مانگی سەرەتایی بەرخۆدانی و شەڕی سەختدا دوو گەریلای یەژاستار و ژمارەیەکی زۆری گەریلا و شەرڤان بە بەرخۆدانێکی بێوێنە گیانیان بەختکرد، هەروەها ڕاشیگەیاند: "سوێندی ئێمە تۆڵەسەندنەوەی هەموو ئەو منداڵانەیە کە بوون بە قوربانی دەسەلاتە زلهێز و بەکرێگیراوەکان، ئەو ژنانەی لە سەدەی بیست و یەکەمدا مامەڵەی کۆیلەیان لەگەڵ کراو و دووچاوی جیۆساید بوونەوە."

لەسەر سیاسەتەکانی (پەدەکە) دوای کۆمەڵکوژی شەنگالیش ئاپۆچی وتی: "(پەدەکە) هەم دوژمنایەتی ئێمە هەمیش هی گەلی ئێزیدی دەکات کە لە چیای شەنگال بەرخۆدانیان کردوە، لە سەرەتای ویستمان بێین بۆ شەنگال چەند هەڤاڵێکمان لەلایەن هێزەکانی سەر بە (پەدەکە) دەستگیر کران، ئێمە هێزێکی فیدایین لە هەر شوێنێک داگیرکەری هەبێت دژی دەوەستینەوە نەک تەنیا داعش."

ڤیان ئاپۆچی فەرماندەی "یەژاستار" لە شەنگال، لە کۆتایشدا وتی: "لە ١٣/١١/٢٠١٥دا ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی شەنگالمان بە هاوبەشی لەگەڵ یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال دەستپێکرد و شەنگال و چەند گوندێکی دەوروبەریمان لە چەتەکانی داعش رزگار کرد، پاشان دەستمان کرد بە هەردوو هەڵمەتی گەلی شیلۆ و مدیبانێ، شەرڤان و فەرماندەکانی یەبەشە و یەژەشە بە قارەمانی بەشداریان لەو ئۆپراسیۆنانە داکرد و ژمارەیەکی زۆریش لەو قارەمانانەمان شەهید دا. لێرەوە جارێکیتر کە وەک یەژاستار سوێندی تۆڵەسەندنەوەی ژنان و منداڵانی شەنگالمان خواردوە و تا شەنگال و گەلی ئێزیدی بەتەواوی ڕزگار نەکەین کۆڵ نادەین.

(ش ب)