کۆنگرەی ستار واژۆ کۆکراوەکان بۆ ئازادی زەینەب جەلالیان رادەستی کەژار دەکات

16:00

ژنها

سلێمانی - کۆنگرەی ستار لە کەمپینێکدا ٢٧٦ هەزار و ١٤٦ واژۆی بۆ ئازادکردنی زەینەب جەلالیان، ژنە سیاسی کورد لە زیندانەکانی رژێمی ئێران کۆکردەوە و رادەستی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ی کرد.

کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادکردنی زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانەکانی رژێمی ئێراندا، لەلایەن گۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و دواتر پەرەی سەند بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا و توانرا ٢٧٦ هەزار و ١٤٦ واژۆ کۆبکرێتەوە.

ئەمڕۆش لەشاری سلێمانی لەناوەندی کۆنگرەی ستار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تەواوی واژۆکان رادەستی شاندێکی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کرا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جیهان خەلیل، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان وتی: ئێمە وەکو کۆنگرەی ستار سەرەتا لەرۆژئاوای کوردستان دەستمان پێکرد، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی لەکانتۆنی کۆبانێدا شەڕو ئاڵۆزی هەبوو نەماتوانی لەوێش کەمپینەکەمان دەستپێبکەین و ئەم واژۆیانە تەنها لەکانتۆنی جزیرە و عەفرین کۆکرانەوە.

وتیشی: بەخۆش حاڵیەوە ئەم کەمپینە فراوان بوو، دواتر لەپارچەکانی تریش و هەندێک جێگەی ئەوروپاش رایگەیەنین.

جیهان خەلیل، راشیگەیاند:" زەینەب جەلالیان وەکو ژنە سیاسیەکی کورد کە داوای مافەکانی خۆی دەکرد ل ەئێراندا دەزگیرکرا و حوکمی زیندانی ئەبەدی بەسەردا سەپێنرا، لەئێستاشدا ڕەوشی تەندروستی زۆر خراپە و بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران رێگانادەن پزیشک-یش بیبینێ".

لەکۆتایی قسەکانیدا، جیهان، وتی: ئێمە بەو کەمپینەمان لە کەسایەتی زەینەب جەلالیان داوای ئازادی بۆتەواوی زیندانیانی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین.

پاشان لەسەر ناوی کەژار پەیمان ڤیان، قسەیکرد و وتی: ئێمە سوپاسی کۆنگرەی ستار دەکەین کەهەستا بە کەمپینێکلی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئازادکردنی زەینەب جەلالیان و تەواوی زیندانیانی سیاسی لەڕۆژ هەڵاتی کوردستان و ئێراندا.

پەیمان،ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: زەینەب جەلالیان تەکە زیندانی سیاسی ژنە کەئەمری زیندانی ئەبەدی بەسەردادراوە و ئەوە ماوەی ٩ ساڵە لەزینداندایە و ڕۆژ بەڕۆژیش تەندروستی بەرەو خراپ تر دەچێت.

ناوبراو، راشیگەیاند: پێویستە خەباتێکی بەرفراوان بکرێت بۆئەوەی بتوانین فشار بخەینە سەر دەسەڵاتی ئێران بۆئازاد کردنی زەینەب و تەواوی زیندانیانی سیاسی و لەئێستاشدا دەستمان بەکۆمەڵێک خەباتی جۆراو جۆر کردووە بۆئەو مەبەستە.

پەیمان ڤیان، لەکۆتایشدا، وتی: ئەم واژۆیانە رادەستی بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانین لەم ڕێگایەوە فشار بخەینە سەر دەسەڵاتی ئێران بۆئازادکردنی ژنە سیاسی کورد زەینەب جەلالیان.

(ش ب)