"گەر شەنگال بەتەواوەتی ئازاد بکرێت دەگەڕێینەوە"
09:20
ژنها
سلێمانی – ژنانی ئاوارەی ئێزیدی داوا دەکەن شەنگال بە تەواوی ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنە سەر زێدی خۆیان و باس لە هەرلومەرجی سەختی نا خێوەتگاکان دەکەن.
ژیانی ئاوارە ئێزیدیەکان لە کەمپ و خێوەتگاکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ سەختر دەبێت، لە هاویناندا گەرما تۆز و لە زستاندا سەرما و نەبوونی پێداویستیە سەرەکیەکان هەلومەرجی ژیانیان زەحمەتتر کردوون.
کۆچەر ئیبراهیم، ژنێکی ئێزیدیە لە کامپی ئاشتی لە عەربەت، وتی: لە ژێر ئەو خێوەتانە ژیانمان زۆر سەختە، منداڵەکانمان هەمووی نەخۆش دەبن، دەمانەوێت دەوروبەری شەنگالیش ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە، ژیانی هیچ لەو ئێزیدیانە خۆش نیە کە دوای فەرمان ئاوارە بوونە، تەنانەت ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتیش دەژین، بۆیە داوا دەکەین هەرچی زووە بگەڕێینەوە."
کۆچەر وتیشی: "گەر گوندەکەمان ئازادکرابوایە دەگەڕاینەوە بۆ سەر گوندەکەمان هیچ بەرژەوندیەکمان لێرە نیە چی لێرە بکەین، منداڵەکانمان نەخۆش دەبن دکتۆرێک نیە، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە، دەمانەوێت کار بکرێت بۆ ئەوەی شەنگال ئازادبکرێت و ئێمەش لەو دۆخە ڕزگارمان ببێت."
هەروەها عاسیمە دەهان، ژنێکی گەنجی ئەو کامپەیە ئەویش بەو شێوەی دوا: "ماوەی دوو ساڵە خاک و ئاومان بن دەستە، هیچ کەسێک هاوکاری نەکردین جگەلە هەڤاڵان، ئەگەر هەڤاڵان بە هانامانەوە نە هاتبان ئەوا فەرمان لەوەش گەورەتر دەبوو، هێشتاش بە هەزاران ژنی ئێزیدی لە دەستی چەتەکانی داعش دایە، لە بازاڕەکانی موسڵ و ڕەقە دەفرۆشرێن."
عاسیمە داوای کرد گوندەکانیان لە دەوروبەری شەنگال ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی بەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
(ش ب)