کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کورستان بۆ ئازادی ئۆجالان دەستی بە هەڵمەتێک کرد

09:25

ژنها

سلێمانی – لەبەردەوامی هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە، کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستانیش دەستی بە هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە کرد.

نوێنەرانی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە کرد، هەڵمەتەکەیان لە ژێر ناوی کامپینی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئازادی ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، کۆنگرەی ستار لەسەر ناوی رێکخراو، پارت و دام و دەزگاکان واژۆی ژنان کۆدەکاتەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی هەر یەک لە پەروین بابەکر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پەروین عەزیز ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی و خانم ڕەحیم سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسودەیان کرد.

جیهان خەلیل نوێنەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان لەو باریەوە ڕایگەیاند ئامانجیان ئەوەیە لەماوەیەکی کورتدا لەسەر ناوی ڕێکخراو و لایەنەکان واژۆ کۆبکەنەوە بۆ ئازادی ئۆجالان، هاوکات بۆ تیشک خستنە سەر دۆخی تەندروستی، ئاسایشی و گۆشەگیری سەختکراو لە دوورگەی ئیمڕاڵی.

جێگەی ئاماژەیە ژنانیش بە گەرمی پێشوازی لەو هەڵمەتە دەکەن دەستخۆشییان لە کۆنگرەی ستار کرد.

ئەو هەڵمەتە چەند ڕۆژێکە لە شاری سلێمانی دەستی پێکردوە و بڕیارە بەرفراون بکرێت بۆ شارەکانیتریش.

شایەنی باسە کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستانش ماوەیەکە دەستی کردوە بەو هەڵمەتە.

(ش ب)