کەژار، بە لێدوانێک کەمپینی ئازادی زەینەب جەلالیان لە ڕۆژئاوا بەرز دەنرخێنێت
12:20
ژنها
ناوەندی هەواڵ - کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لێدوانێکی فەرمی دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە بەشداریان لە هەڵمەتی واژۆکۆکردنەوە بۆ ئازادی زەینەب جەلالیان کردوە لە ڕۆژئاوای کوردستان.
دوێنێ سێشمە (٢/٨/٢٠١٦) کۆنگرەی ستار ئەنجامی ئەو کەمپینەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئازادی زەینەب جەلالیان بەرێووەچووبوو، رادەستی کۆمەڵگەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)یان کرد. لە وەڵامی ئەو هەڵمەتەدا (کەژار) بە لێدوانێکی فەرمی دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە کردوە کە بەشداریانی لەو هەڵمەتەدا کردوە، سڵاوی ئاراستەی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
کەژار لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە وەکو کەژار تا ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی و لەسەروو هەموویانەوە زەینەب جەلالیان، درێژە بە چالاکیەکانیان دەدەن و تێکۆشانیان لەهەموو بوارەکانەوە فراوان دەکەن.
دەقی لێدوانەکە بەو شێوەیەیە:
بۆ ڕای گشتی
سەرەتا سڵاوی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەوکەسانە دەکەین کە لە ڕێکخستنی ئەم کەمپەینەو کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادی هەڤاڵ زەینەب شەو و ڕۆژ چالاکیان کرد، بەتایبەت کۆنگرەی ستار. ئەم کەمپەینە بە نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار، دوای تەواو بوون و کۆکردنەوەی واژۆکان ڕادەستی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا. لە داهاتوودا ئەنجامی ئەم کەمپەینە ڕادەستی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکرێت و دواتر بۆ ئازادی زەینەب جەلالیان لەئاستی نێو نەتەوەییدا چالاکی ئەنجام دەدەین.
ئەم کەمپەینە لەو ڕووەوە کە زەمینەی پێویستی بۆ یەکێتی ژنانی کورد ساز کرد، گرنگی خۆی هەیە. وەکو کەژار، ئەم پشتیوانیە بەرز دەنرخێنین و بە ڕۆحی شۆڕشگێڕی ژنانی ڕۆژئاوا زەمینەی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەراهەم دەکەین. بێگومان باوەڕمان وایە کە زەمینەی شۆڕش ڕیشەی کۆمەڵایەتی هەیەو پێویستە کۆمەڵگاکەمان لەهەموو بوارەکاندا بگاتە ئاستێکی بەرزی هوشیاری و ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەیبینین.
زەینەب جەلالیان ئێستا ٩ ساڵە لەزیندان ڕاگیراوە. بە درێژایی ئەم ساڵانە دەوڵەتی ئێران بەردەوام بوە لە ئەنجامدانی تاوانەکانی دژ بە زیندانیانی سیاسی، بەتایبەت زەینەب جەلالیان، بەڵام سەرەڕای هەموو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران. هەڤاڵ زەینەب نمونەیەکی بەرچاوی بەرخۆدان بوو. چەندین جار بینیومانە کە لە ئاستی نێو نەتەوەییدا بووەتە ڕۆژەڤ. بەتایبەت بۆ بەدواداچوونی ڕەوش و سەلامەتی تەندروستی ناوبراو و هەروەها بۆ ئازادی ئەو چەندین چالاکی ئەنجام دراون. ئەمەش بە هەڕەشە بۆسەر دەوڵەتی ئێران دەژمێردرا، هەربۆیە بە مەبەستی پێش گرتن لەم چالاکیانە شەڕێکی تایبەتی دەست پێکرد.
لەلایەکی ترەوە ماوەیەکە هیچ زانیاریەک لەسەر زەینەب جەلالیان ڕانەگەیەندراوە. ئێمە وەکو کەژار تا ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی و لەسەروو هەموویانەوە زەینەب جەلالیان، درێژە بە چالاکیەکانمان دەدەین و تێکۆشانمان لەهەموو بوارەکانەوە فراوان دەکەین.
کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
(ش ب)