جیهان خەلیل: بۆ ئازادی ئۆجالان دەستمان بە هەڵمەتێکی سەرتاسەری کردوە
13:32
ژنها
سلێمانی – جیهان خەلیل نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان لە سەر ئەو هەڵمەتەی بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە هەرێمی کوردستان دەستیان پێکردوە ڕایگەیاند، دوای کودەتای سەربازی و دۆخی گوماناوی لە ئیمڕاڵی بڕیارمان دا ئەو هەڵمەتە بەرفراوانتر بکەین کە پێشتر دەستمان پێردبوو.
کۆنگرەی ستار ماوەی چەند ڕۆژە لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە کردوە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لەسەر ئامانجی هەڵمەتەکە و چۆنێتی بەرێوەچوونی جیهان خەلیل، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان دوا.
جیهان خەلیل ڕایگەیاند: "لە ڕۆژئاوای کوردستان، لوبنان و هەموو ئەو شوێنانی کوردی لێیە دەستمان کرد بە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئازادی بەرێز ئۆجالان، بەناوی کۆنگرەی ستاریش لە باشوری کوردستان ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەکەین، بۆ ئەوەش دەستمان بە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە کردوە، ئامانجیشمان ئازادی بەڕێز ئۆجالانە لە ڕووی جەستەییەوە."
ناوبراو جەختیشی کردەوە: "ماوەی ساڵ و نیوێکە گۆشەگیری توندتر کراوە، هەروەها دوای کودەتای سەربازی، وەک ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر کەوتینە ناو گومان لە سەر دۆخی تەندروستی و ئاسایشی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ. هەرچەند پێشتر چەندین چالاکی جۆر بە جۆر ئەنجامدراوە بەڵام دەمانەوێت لە باشوری کوردستانیش ئەو هەڵمەتە گەشتر بکەین و بەرفراوانتری بکەین.
جیهان لە بەردەوامی وتەکانیدا وتیشی: "تا سیستەمی ئیمراڵی کۆتایی پێنەیەت هەموو گەلانی ناوچەکە بە تایبەتیش گەلی کورد لەناو ئەو دۆخێکی ئاڵۆز ڕزگاریان نابێت، ئێمە لایەنە نێونەتەوەیی و دەوڵەتە زلهێزەکان لە ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیار دەبینین. تا هەلومەرجی نەکەوێتە گەرەنتی ئێمە باوەڕیمان نیە و گومانەکانمان زیاتر دەبن."
جیهان ئاماژەی بە هۆکاری توندکردنەوەی گۆشەگیریشی وتی: "دوژمنان هەر کەویستویانە هێرشێک لە سەر گەلی کورد پێکبێنن سەرەتا روویان کردۆتە ئیمڕاڵی و بەڕێز ئۆجالانیان بە ئامانج گرتوە، وەک ژنان دوای کودەتای سەربازی بە تایبەت رەوشی ئیمڕاڵیمان هەڵسەنگاند و گەشتینە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت هەڵمەتێکی گشتگیر دەستپێبکەین، چونکە ئێمە هەمیشە و تومانە ئازادی ئۆجالان ئازادی هەموومانە."
جیهان خەلیل، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆتایشدا باگەوازیشی لە ڕێکخراوی پێشگرتن لە ئەشکەنجە(سی پی تی) کرد کە بە زووترین کات ڕاپۆرتی خۆی لە سەر ئیمڕاڵی بۆ گەلی کورد ئاشکرا بکات، چونکە باوەڕیان بەو لێدوانانە نیە کە دەوڵەتی تورک دوای کودەتا لەسەر ڕەوشی ئۆجالان ڕایگەیاندون.
(ش ب)