که‌لار، ڕێکخراوه‌کانی ژنان له‌یادی کۆمه‌ڵکوژی شه‌نگالدا چالاکیان ئه‌نجامدا

13:35

ژنها

کەلار - له‌ دووه‌مین ساڵیادی کۆمه‌ڵکوژی شه‌نگالدا، سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ شارۆچکه‌ی که‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، به‌شێکی زۆر له‌ ڕێکخراوه‌کانی بواری ژنان گردبووه‌نه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا و به‌یاننامه‌یه‌کیان ئاراسته‌ی ڕای گشتیی کرد.

کاتژمێر ٠٩:٣٠ سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌(٣/٨/٢٠١٦) بە‌ ده‌ستپێشخه‌ری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، به‌شێکی زۆر له‌ ڕێکخراوه‌کانی بواری ژنان له‌ دووه‌مین ساڵیادی کۆمه‌ڵکوژی شه‌نگالدا، گردبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌رییان له‌ به‌رده‌م پارکی که‌لار ئه‌نجامدا، له‌ گردبوونه‌وه‌که‌یشدا به‌یاننامه‌یه‌کیان ئاراسته‌ی ڕایگشتی کرد.

گردبوونه‌وه‌که‌ به‌ خوله‌کێک وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ خوێنی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان ده‌ستی پێکرد، دواتر ڕابیعه‌ عه‌باس ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ڤگه‌ری ئازادی کۆمه‌ڵگای کوردستان وته‌یه‌کی پێشکه‌شکرد و وتی:" ئه‌مڕۆ وه‌ک ڕێکخراوه‌کانی ژنان له‌ گه‌رمیان به‌بۆنه‌ی دووه‌مین ساڵیادی کۆمه‌ڵکوژی شه‌نگال ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه‌مان ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ی که‌ به‌سه‌ر گه‌لی ئێمه‌ هاتووه‌ له‌ شه‌نگال کاره‌ساتێکی دڵته‌زێنه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و نه‌ په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مڕۆهیچ چالاکییه‌کیان نه‌بوو بۆ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌ی که‌ دووساڵ به‌ر له‌ ئێستا به‌سه‌ر گه‌لی شه‌نگالدا هات".

دواتر له‌لایه‌ن گوڵه‌باخ جه‌لال، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی که‌لاری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، به‌یاننامه‌ی ڕێکخراوه‌کانی ژنان له‌ گه‌رمیان خوێندرایه‌وه‌ و تیایدا هاتبوو:" دوو ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر هێرشی تاریکپه‌رستی داعش بۆسه‌ر قه‌زاى شه‌نگال وه‌ک جێگه‌یه‌کى هه‌ره‌ پیرۆزى کوردان له‌لایه‌ن چه‌ته‌کانى داعشه‌وه‌ که‌خه‌ڵکى شه‌نگال ڕووبه‌ڕووى دژوارترین و تراژیدیا ترین کۆمه‌ڵکوژی بوویه‌وه‌ که‌له‌مێژووى مرۆڤایه‌تى زۆرکه‌م وێنه‌یه‌".

له‌ به‌یاننامه‌که‌ی ڕێکخراوه‌کانی ژناندا هاتبوو:" دواى کوشتنى هه‌زاران پیاو و هه‌زاران ژنیان به‌دیل گرت و له‌ئه‌نجامدا ژنانیان به‌دیلی برده‌ موسڵ و له‌وێوه‌ به‌زۆر بازرگانیان پێوه‌ کردن و ده‌یانفرۆشتن به‌و کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ى که‌بازرگانیان به‌ژنانه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئێمه‌ پرسیار ده‌که‌ین ئه‌م ڕووداوانه‌ به‌واتاى چی؟ بۆچی قڕکردنى ئێزیدییه‌کان؟ بۆچی ژنانیان کرده‌ ئامانج؟ ئه‌ى بۆچی شه‌نگال نه‌پارێزرا؟ بۆچی ئه‌وانه‌ى که‌به‌رپرسیار بوون له‌پاراستنى شه‌نگال شه‌نگالیان جێهێشت؟ هه‌ندێک خۆیان ڕۆیشتن بۆ خه‌ڵکى شه‌نگالیان ئاگادار نه‌کرده‌وه‌ تائه‌وانیش ڕووبه‌ڕووى کۆمه‌ڵکوژی نه‌بنه‌وه‌؟

(ش ب)