"لە واری ئێزیدیخان ڕۆژی بڵندکردنی ئاڵای بەرخۆدانە"

14:10

ژنها

شەنگال – ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سۆزدار ئاڤێستا لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان لە چیای شەنگال ڕایەگەیاند: کاتی کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان بەسەرچوو ئیتر کاتی بەرخۆدانی و سەرکەوتنە.

لە چیای شەنگال مەراسمێکی بەشکۆ بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال بەدەستی چەتەکانی داعش، لەلایەن ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوی شەنگال و پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدی و چەند ڕێکخراوێکی دیکە ئەنجامدرا.

لە مەراسیمەکەدا وێڕانی خەڵکی شەنگال ژمارەیەک لە حزب و ڕێکخراو و لایەنەکانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بەشداربوون.

ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سۆزدار ئاڤێستا لە مەراسیمەکدا ئامادەبوو و وتارێکی پێشکەش کرد.

لەوتارەکەیدا ئاڤێستا وتی:" کوردستان بێ شەنگال نابێت و شەنگال بێ ئێزدی نابێت، داوا لە هەموو هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەین بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان، دەبێت بەهەموو شێوەیەک پشتگیری شەنگال بکەن و ئەرکی خۆیان بەجێ بهێنن ".

وتیشی: هەروەها داوا لە گەلی کورد بەتایبەتی ئێزدیەکان دەکەین ئیدی سنورەکان نەناسن و هەموو کۆسپ و لەمپەرەکان بشکێنن بگەڕێنەوە شەنگال و سەرلەنوێ شەنگالێکی نوێ و دیموکراتیک ئاوا بکەنەوە.

ئاڤێستا بانگەوازیەکی ئاڕاستەی کچ و کوڕانی ئێزدی کرد و وتی:" بانگ لە کچ و کوڕانی ئێزدیخان دەکەم کە باش دەبێت بزانن هاریکاری کردن تا ئاستێکە و تاسەر نیە، هاریکاری ئەساسی خۆتانن، یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) کچ و کوڕی ئێزدیخانن و ئەوان بەرگریان لە شەنگال کرد، بۆیە چیدی نابێت کچ و کوڕی ئێزدی ببنە سەرباز و چەکداری کەس بەڵکو دەبێت لەناو یەبەشە و یەژەشە خۆیان ببینەوە، ئەوەتا بنگەیەکی بەهێزتان بۆ داناوە."

سۆزداری ئاڤێستا ئاماژەی بەوەکرد کە شەنگال دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و وتی: شەنگال ئەمڕۆ هەموو شتێکی هەیە ئەنجومەنی و پارتی سیاسی و ڕێکخراوی خۆی هەیە و دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بۆئەوەی چیدی کچان و ژنانی ئێزدی نەڕفێنرێن ومامەڵەیان پێوە نەکرێت، با دایکان خۆیان ڕێکبخەن و ببنە هێز نەگرین، بەگریان سەرناکەوین ٧٢ جار گریاین و کەوتین و سوتاین بەڵام لە ٧٣ هەمین جاردا چیدی ناگرین و سەردانانەوێنین بەڵکو بەرخۆدان بڵندتر دەکەین، ئەمڕۆ ڕۆژی بڵندنکردنی ئاڵای بەرخۆدانە، ئەوەتا دایکان لە شەنگال خاوەن ئەنجومەن و بەڕێوەبەری خۆیانن.

ناوبراو وتیشی: زیاتر لە ٢٠٠ کچ و کوڕی ئاپۆیی لە بەرگری و ئازادکردنی شەنگال دا شەهیدبوون، بۆ ئەوەی ئێزدیخان ببێتە خاوەن هێزی خۆی ١٠ ئەوەندەی تر شەهید دەدەین، تا شەنگال ئاوا دەبێتەوە ناسرەوین، چونکە شەنگال کەرامەتی کوردستانە، دەبێت هەموو کوردان لە هەرشوێنی ئەم جیهانەن هێز لە شەنگال وەربگرن، ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێت هێز لە بەرخۆدانی شەنگال وەربگرێت.

لەبەشیکی دیکەی قسەکانیدا ئاڤێستا پەیامی بۆ حزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان نارد و وتی:" پێویستە حزبەکانی باشوور شەنگال وەک بناغەی دیموکراتی بگرنەدەست، ئەگەر شەنگال دیموکرات و خۆسەرنەبێت هەرگیز کوردستانێکی ئارام و دیموکراتیش ئاوا نابێت ".

لەکۆتایی قسەکانیدا ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سۆزدار ئاڤێستا وتی: بەناوی ئێوە لە چیای شەنگالەوە سڵاو لە سەرۆک ئاپۆ دەکەین و پێی دەڵێن با دڵت ئاسودە بێت ئیدی شەنگال ئازادە.

(ش ب)